کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی زاهیدان دژی ڕێژیم لە ڕۆژانی هەینیدا

11:02 - 29 رەزبەر 2723

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی زاهیدان لە ڕۆژانی هەینیدا، دوێنێ ٢٨ی ڕەزبەر، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردەوە سەر خۆپیشاندەران و چەند کەسیان دەسبەسەر کرد.
ماڵپەڕی ''حال وەش'' ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەر، بە بڵاوکردنەوەی چەندین ڤیدیۆ ڕایگەیاند کە هێزێکی زۆری گاردی تایبەت لە دەوروبەری مەزگەوتی مەککی جێگیر کراون و دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی ناڕازیی بەلووچ و چەند کەسیان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕێژیم تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و هەروەها گازی فرمێسکڕێژیان دژی ناڕازییانی بەلووچ بەکار هێناوە.
بەپێی ئەو ڤیدۆیانەی کە بڵاو بوونەتەوە، خۆپیشاندەران دروشمی ''نە غەززە، نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران'' و ''مەترسن و مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوین''یان وتووەتەوە.
هەروەها لە چەند ڤیدیۆی دیکەدا نیشان دەدرێت کە لەنێوان خەڵک و هێزکانی ڕێژیم، دەرگیری و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.
جێگای ئاماژەیە کە مەولەوی عەبدولحەمید لە وتاری نوێژی هەینیدا دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران درێژەی بەر ڕەخنەکانی خۆی دا و ئاماژەشی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد کە ئەو شەڕە گەیشتووەتە دۆخێکی مەترسیدار.