کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی زانایانی کوردستان لەبارەی ڕووخاندنی مزگەوتی سونییەکان لە پوونەکی تاران

12:57 - 29 رەزبەر 2723

بە ناوی خودای مەزن

هاونیشتیمانیان و مسوڵمانانی ئێران و جیهان!
هەروەک ئاگادارن ڕێژیمی دژە ئایینی و مرۆیی بەناو کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە لە دژایەتی مسوڵمانانی سووننەی ئەم وڵاتە و بەگشتی جیهان هەرچی بێڕێزی و ستەم و زۆردارییە کردوویەتی. لە تیرۆر، کوشتن و زیندانیکردنی چالاکانی ئایینی و مەزهەبی بگرە هەتا ڕێگریکردن لە بۆنە ئایینەکانی سووننە مەزهەبەکان و ڕووخاندنی مزگەوتی سووننەکان لە شارە شیعەنشینەکان. ئەمجارەش هاوشێوەی جارانی پێشوو لە شاری تاران کە زیاتر لە سێ میلیۆن مسوڵمانی سووننە مەزهەب دەژین لەگەڕەکی پوونەکی ئەم شارە، تەنیا شوێنی نوێژخوێنانی سووننە مەزهەبەکانیان ڕووخاند و ڕێگرییان کرد لە نوێژی بەکۆمەڵی مسوڵمانان! ئەوە لە حاڵێک‌دایە فرمێسکی درۆیین بۆ خەڵکی سووننە مەزهەبی فەلەستین هەڵدەوەرێنێ و بە وتەی خۆیان پاڵپشتیی مسوڵمانان دەکەن!
یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی ئەم دوژمنکارییەی ڕێژیمی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران لە مەڕ ڕووخاندن و بێڕێزی کردن بە سووننە مەزهەبەکانی ئەم وڵاتە، ئەم هەوڵەی ڕێژیم بۆ چاندنی تۆوی ناکۆکی و دووبەرەکی دەزانێ و هەموو لایەک بە ئەرکدار دەزانێ کە خەونەکانی ڕێژیم لەو بارەوە بکەنە بڵقی سەرئاو.
لەم هەلومەرجە هەستیارەدا هەموو لایەک بە هەر بیروبۆچوون  و باوەڕێک دەبێ یەکگرتووانە بەرانبەر بە دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستین و ئەرکی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و وڵاتێکی دیمۆکراتیکە ئەم هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی لەقاو بدا و ئازایانە بەرەنگاری ببێتەوە.

بژی تەبایی و یەکگرتوویی 
بڕووخێت کۆماری بەناو ئیسلامی ئێران.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

١٤٠٢/٧/٢٩