کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید مەشعەل: ئێران و حیزبوڵڵا چەکیان پێداین

11:28 - 30 رەزبەر 2723

خالید مەشعەل، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس، بە کەناڵی ''ئەلحەدەس''ی ڕاگەیاند: "حیزبوڵڵا و ئێران چەک و پشتیوانییان بۆ دابین کردین" و ئاماژەی بەوەش کردووە، "داوای پشتگیری زیاتریان لێ دەکەین."

حەوتوویەک دوای ئیدیعای عەلی خامنەیی سەبارەت بە دەستێوەرنەدانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی حەماس دژی ئیسرائیل، خالید مەشعەل، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلحەدەس" دانی بەوەدا نا کە کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان چەک و ئەزموونەکانی خۆیان بۆ پشتگیری لە حەماس دژی ئیسرائیل بەکار هێناوە.

ئەم قسانە لە دۆخێکدا بڵاو بوونەتەوە کە بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هیچ بەڵگەیەک بۆ تێوەگلانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ١٥ی ڕەزبەرەوە دەستی پێ کردووە، لەبەر دەستدا نییە.

مەشعەل جەختی لەوە کردەوە: "خەڵک بانگهێشتی شەڕ ناکەین، حیزبوڵڵا و ئێران چەکیان بۆ دابین کردووین، ئێمە داوای پشتگیریی زیاتر لەلایەن ئەوانەوە دەکەین."

جێگەی ئاماژەیە حیزبوڵڵا کە بە گرووپێکی تێرۆریستی ناسراوە، لە دەیەی هەشتای زایینی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە لوبنان دامەزرا.