کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: دروستکردنی ئاڵترناتیڤ دەبێ بە پرسەکانی نێوخۆی وڵاتەوە گرێ بدرێتەوە

18:35 - 30 رەزبەر 2723

ئاماژە: ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە فرانکفۆرتی ئاڵمان دوو هاوپەیمانیی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ" و "هاوپێوندەیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا" کۆنفڕانسی لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیکیان بەڕێوە برد. لەم کۆنفڕانسەدا هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بەشدار بوون. لە بڕگەیەکی کاری کۆنفڕانسدا خاتو ئێراندوخت ئەنساری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی یەکیەتیی فیداییان خەڵکی ئێران وتوووێژێکی کراوەی لەگەڵ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر چۆنیەتیی کارکردن بەمەبەستی دروستکردنی ئاڵترناتیڤێکی گشتگیر هەبوو. "کوردستان" پوختەیەک لەو وتووێژە بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

ئامانج لە کاری کۆنفڕانسی فڕانکفۆرت؟

سرووشتییە هەر پڕۆژەیەک لەسەر بنەمای بەستێن و بوارێک دادەمەزرێ. ئێستا هەمووان دەزانن هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی بەتەنیایی ناتوانێ بڕیار لەسەر نەخشەی سیاسیی داهاتووی ئێران بدات، بەڵکوو ئەوە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانن کە بڕیار دەدەن و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەحەق دەرخەری ئەم ڕاستییە بوو.  کەوایە ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغێک‌دایە کە بتوانین لەگەڵ زۆرێک لە هاوڕێیانمان قسەی لەسەر بکەین و لە درێژەدا هەرکام لە هاوڕێیان و گرووپ و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسینی کۆماری ئیسلامی دەتوانن هەڵسەنگاندنی خۆیانیان بۆی هەبێ. مەبەست ئەوەیە ئەم پڕۆژەیە کە لەسەر ئەساسی بەشداریی هەمووان پێک هاتووە، لە درێژەی کار و چالاکیی خۆیدا بتوانێ کۆدەنگییەکی ڕێژەیی دروست بکات و ببێ بە ئاڵترناتیڤ. هەمووان بینیمان ساڵی ڕابردوو سەرەڕای ئەوەی خەڵک هاتنە سەر شەقام و تێچووی قورسیشیان دا و کۆمەڵگەی جیهانی و ئۆپۆزیسینی ئێرانی دژبەرەی ڕێژیمش پشتیوانییان لێ کرد، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتوو بێ. کەوایە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێمە دەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی گشتگیر و یەکگرتوو، و ئاڵترناتیڤێکی کارامەمان هەبێ.

میکانیزم و پێویستییەکانی ئاڵترناتیڤ‌؟

خاڵی جەوهەری ئەوەیە لە ئێرا‌ندا هەتا ئێستا دێموکراسی بیچمی نەگرتووە و ئێمە فەرهەنگی دێموکراسیمان نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و لە ڕەوتی خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا کۆمەڵگەی ئێران تاڕادەیەکی زۆر پلۆڕالیزە بووە و شتێکی کە تا ئێستا نەیهێشتووە ئێمە بە ئاکام بگەین پێک‌دژیی ئایدۆلۆژی و بیروبۆچوونی جۆراوجۆرە. لێرەدا ململانێ لەسەر پلاتفۆڕم و مەنشووری جۆرواجۆر نییە، چونکە من پێشتریش ئاماژەم پێ کردوە کە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی بەتەنیا ناتوانێ بڕیار لەسەر داهاتووی ئێران بدات. کۆمەڵگەی ئێران لە نەتەوە و ئیتنیکی جۆراوجۆر پێک هاتوە و ئێران ئەو وڵاتە نییە ناوەندگەراکان وێنای دەکەن. هەروەک چۆن لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بینیمان خەڵک لە شارەکانی مەشهەد، ئیسفەهان، شیراز، تاران و... بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ کوردستان و بەلووچستان هاتنەسەر شەقامەکان. بۆ یەکەمین جار بوارێک ڕەخسا و دەرفەتێک دروست بوو کە تێیدا جۆراوجۆری و فرەڕەنگی هەبو. ئێمە لەسەر ئەو ئەزموون و بنەمایە دەتوانین ئێرانی داهاتوو ئیدارە بکەین. هەڵگیرسانی شۆڕش ڕەنگبێ ئاسان بنوێنێ، بەڵام بنیاتنانەوەی ئێرانی داهاتوو زۆر دژوارترە. هەروەک چۆن لە ڕەوتی شۆڕشی ١٣٥٧دا زۆرینە پشتیوانی شۆڕش بوون، بەڵام لە دوای شۆڕش ڕەوتێک بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر و ڕێکوپێکتر لەچاو گرووپ و لایەنە سیاسییەکانی دیکە توانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ و ئامانجەکانی شۆڕش وەدی نەهاتن. کەوایە ئێمە لە ئێستادا بۆ ئیدارەی ئێرانی داهاتوو دەبێ کار لەسەر جیایی ئایین لە سیاسەت، نهادینەکردنی دێموکراسی و بەشدارکردنی هەموو نەتەوەکان لە ئیداری سیاسیی وڵات بەبێ ‌هەڵاواردن بکەین.

تایبەتمەندییەکانی یەکیەتییەکی گشتگیر و دێموکراتیک و بنەماکانی؟

تایبەتمەندییەکانی ئەو پڕۆژەیە دەتوانێ لە چەند بەشی جۆراوجۆردا ورد بکرێتەوە. لە قۆناغی یەکەمدا و لە بواری فەرهەنگیدا لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دیتمان شێوەیەک لە ڕادیکاڵیزمی توندئاژۆ لە ناوەند و بەپێچەوانە شێویەک ڕادیکالیزمی توندئاژۆ لە پەراوێزدا هەبوون. بەو هۆیەوە کە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ئەوە یەکەم جار بوو بزووتنەوەیەک بەشێوەیەکی گتشگیر سەری هەڵ بدا، ڕوانگەی جۆراوجۆر بەڕەوڕووی یەکتر بوونەوە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین بۆ ئەوەی نەهێڵین ڕادیکاڵیزم و توندئاژۆیی پەرەبستێنێ، دەبێ بزووتنەوەیەکی میانەڕەو لەسەر بنەمای ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران بیچم بگرێ. لە نێوەڕۆکی ئەو میانەڕەوییەدا دەبین گرووپگەلی جۆراوجۆر پێکهاتوو لە نەتەوەکانی ئێران هەن و لەسەر ئەو بنەمایەیە دەتوانین نەخشەی سیاسیی داهاتووی ئێران وێنا بکەین. مەسەلەیەکی دیکە لە یەک ساڵی ڕابردوودا پرسی "تەواوییەتی ئەرزی" و "جوداییخوازی" بوو کە گیروگرفتی زۆری بەداوی خۆیدا هێنا. هەر لەو پێوەندییە کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی خەڵکی ئێران و جیهان، هەوڵی دا وێنایەکی پێچەوانە لە بزووتنەوەی نەتەوەکانی ئێران وەکوو کورد، تورک، عەڕەب و... پێشان بدات کە بەڵێ ئەوان بەدووی لەتکردنی ئێرانەوەن. بەڵام بەخۆشییەوە لە ئێران لەسەر شەقام کە دروشمی یەکگرتوویی لەنێوان خەڵکدا دەدرا، هیچ باسێک لە تەواوییەتی ئەرزی و جودایی نەدەکرا. کەوایە ئێمە لێرەدا دەمانەوێ جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بکەینەوە کە فرەیی و بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان لە ئێران دەرفەتن نەک هەڕەشە و ئەوە دیکتاتۆر و ئیستبدادە کە بوونی بزووتنەوەی نەتەوەکانی جۆراوجۆری ئێران بە هەڕەشە لەسەر خۆی دەبینێ. کاتێک لە ئیدارەی سیاسیی ئێراندا هەموو نەتەوە و جۆراوجۆرییەکان بەشدار بن و لە بەڕێوەبردنی ناوچەی خۆیاندا بەپێی یاسا دەسەڵاتیان هەبێ، هەموو ئەوانە لە پڕوپاگەندە بەولاوەتر نین و نابن.

کێشە و بەربەستەکان لەسەر ڕێگای دروستکردنی ئاڵترناتیڤ و میکانیزمەکانی چارەسەر؟

ئەوەندەی پێوەندی بە کێشە و بەربەستەکانەوە هەیە ئێمە لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە پاشخان و ئەزموونێکی زۆرمان لە خەباتخوازی و مافویستی هەیە. لانیکەم لە کوردستان بزووتنەوەیەکی زیندوو هەبووە و ئەو بزووتنەوەیە ناوچەی ئازادکراوی لەژێر دەستدا هەبووە و زۆربەی ڕێکخراو و حیزبە غەیرە کوردەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کەوتبوونە بەر هێرش، لە کوردستان گیرسابوونەوە و لەوێ چۆنیەتی کارکردن بەشێوەیەکی هاوبەشمان ئەزموون کردوە. پاشان ئێمە لە دەرەوی وڵات دەبینین گرووپگەلی جۆراوجۆر بەشوێن یەکگرتوویی و هاوکارییەوەن. بەڵام کۆمەڵە هۆکارێکی ڕەوانی لەمەڕ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتوو بەربەست بوون کە بەخۆشییەوە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لێکەوتەکانی کە بینیمان خەڵک لە شارەکانی تاران، مەشهەد، شیراز و... هاوئاهەنگ لەگەڵ بەلووچستان و کوردستان دروشمیان دەدا؛ تا ڕادەیەک ئەو بەربەرستانەی لەنێو برد و بەڕای من ئەو سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە.

شتێکی دیکە کە لە شۆڕشی ژینادا و لە ڕەوتی دروستکردنی ئاڵترناتیڤێک هەبوو ئەوە بوو کە کەسایەتیی جۆراوجۆر چ ڕۆژنامەنووس، هەواڵنێر، کەسایەتیی سیاسی، ئاکادمیک و...هتد کە بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی بوون و هەڵوێستیان هەبوو. ئێمە ئەوپەڕی ڕێزمان بۆیان هەیە و چالاکیی سیاسی مافی سروشتیی خۆیانە. بەڵام دروستکردنی بەدیل و ئاڵترناتیڤێک دەبێ لەلایەن حیزب و ڕێکخراوی سیاسییەوە بێ. بۆچی؟ هۆکارەکەی ئەوەیە ڕێکخراو و حیزبی سیاسی لە ڕەوتی خەباتدا خاوەن ئەزموونن و لەم بارەیەوە لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتوو دەتوانن هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتریان پێکەوە هەبێ. ڕەوتێک کە ئێمە دەستمان پێ کردوە و لەلایەن حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆرەوە پێک هاتوەو و بە هیچ کەسێک نەبستراوەتەوە. بەڵام مکانیزم. دروستکردنی ئاڵترناتیڤ دەبێ بە نێوخۆی وڵاتەوە گرێ بدرێتەوە. بۆچی بە نێوخۆی وڵات؟ لەنێوخۆدا پێشکەوتنی زۆرمان بووە و کۆدەکانمان دیتۆتەوە کە چۆن دروشم بدەین ئەو دروشمانە لەلایەن گرووپگەل وچینی جۆراوجۆری کۆمەڵگەی ئێرانەوە پێشوازی لێ دەکرێ. ئایا ئێمە لەو پرۆسەیەدا چۆن دەتوانین سەرکەوتوو بین؟ بە هاندان و بەشداری چالاکانی سیاسی، دێموکراتیک، مەدەنی، ژنان، خوێندکاران و... لەنێوخۆ و پێوەندی ئێمە لەگەڵ ئەوان زیاتر دەتوانین بە ئامانج بگەین. گەڵاڵەیەک کە ئێمە بۆ داهاتووی ئێران دامانڕشتووە و هەروەها لە قسەکانیشم دا ئاماژەم پێ کرد، دەبێ تەواوی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە لە نەتەوەکانی ئێران تێیدا بەشدار بن و لەسەر داهاتووی ئێران بڕیار بدەن.

ڕوانگەی حیزبی دێموکرات بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییان؟

ئەوەندەی پێوەندی بە بارودۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە، ئەوەیە کە ئەم ڕێژیمە لە لێواری نەمان‌دایە و دەبێ بڕوا، هەروەها ئەو نیزامە لە چۆنیەتی ئیدارەی وڵاتدا ناسەرکەوتوو بووە. هۆیەکەشی ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەوڕووی داڕمانی کۆمەڵایەتی کردۆتەوە و ئەمە دەخوازێ ئێمە لە خەبات دژی ئەو ڕێژیمەدا خۆمان و کۆمەڵگە پتر ڕێک‌بخەین. بەڵام گرفتێک لێرەدا هەیە ئەویش ئەوەیە ئەگەر بەردەنگی ئێمە تەنیا کەسانێک بن کە لەنێوخۆی وڵات چالاکیی سیاسی دەکەن، یان پەیامێکی سیاسییان هەیە؛ ئەوە ئێمە تەنیا و تەنیا لەگەڵ کۆمەڵێک کەس پێوەندییمان هەیە. بەبڕوای من دەبێ تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەو پڕۆسەیەدا بەشدار بن. تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە ئەزموونی ئێمە لە کوردستان هەیە تەواوەتیی خەڵکی ئێران وەشوێن سیاسەت ناکەوەن. هەژاری، بێکاری و بەدبەختی هەروەک گوتم ئێرانی لەگەڵ داڕمانی کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو کردوە و بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێران بەشوێن چارەسەری کێشە و گیروگرفتی ڕۆژانەی خۆیانن. ئێستا ئێمە چۆن دەتوانین پەیام و داخوازی و ستراتیژیی خۆمان بە گوێی چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگەی ئێران بگەینین؛ یەکێک لە ڕێکارەکان ئەوەیە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بن و ئەم بزووتنەوانەش نابێ تەنیا بە ئیتنیک یان نەتەوەیەک بەبسترێتەوە کە ئەوە هەمان سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە. ئێمە بەخۆشییەوە ئێستا لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ لەسەر ئەوە کار دەکەین کە تەواوی نەتەوەکان و ئیتنیکەکان بۆ ئێران داهاتوو هاوکار و هەماهەنگ بن و ئەو بزووتنەوەیە شکڵێکی گشتگیرتر بەخۆیەوە بگرێ.

دوورەدیمەنی پڕۆژەی لە ڕێگای یەکگرتوویی گشتگیر و دێموکراتیک؟

ئێمە لە پڕۆژەی خۆماندا و لە ئێستادا بە دوای لانی‌زۆرەکانەوە نین، بەڵکوو جەخت لەسەر لانی‌کەمە هاوبەشەکان دەکەین. هەروەها نابێ لە بابەتە گشتییەکانەوە بچینە نێو وردەکارییەکانەوە. لانی‌کەمەکان کە لەو کۆنفڕانسەدا قسەمان لەسەر کرد و دەبێ لەگەڵ کەسانی دیکەش قسەیان لەسەر بکەین. چونکە لەو بزووتنەوەیەدا هێندێک جار لەلایەن هێندێک لە گرووپگەلی سیاسیەوە پشتیوانی لە ڕادیکاڵیزم و توندئاژۆیی دەکرێ. هەروەها قسەکردن لەسەر لانی‌زۆرەکان بە مانای یەکلاکردنەوەیە. بە بڕوای من ئەوە دەتوانێ ستراتیژییەکی شیاو بێ و بوار بۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە خۆش بکات و ئەوکات ئێمە ئەو پرۆسەیە لە درێژەی کاری خۆی‌دا دەتوانێ ببێتە نەخشەڕێگای سیاسی ئێمە و چۆنیەتیی کارکردنی مەیدانی بۆ سەرخستنی بە بەشداریی هەمووان.