کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی حەماس و ئیسڕائیل

18:40 - 30 رەزبەر 2723

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

بەشی هەرە زۆری ٢٠٢٣، قەیرانێکی سیاسیی جەمسەرکار ئیسڕائیلی ئیفلیج کردووە و خودی شوناسی وڵاتی خستۆتە مەترسییەوە. پاشان، لە حەوتی ئۆکتۆبر، تەقریبەن ۵٠ ساڵ دوای ئەو هێرشەی شەڕی یوم کیپۆری لێ کەوتەوە، حەماس هێرشێکی ڕووهەڵماڵاوانەی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل. دەسەڵاتدارانی سیاسیی ئیسڕائیل، ڕێبەریی سەربازی و ئاژانسە هەواڵگرییەکان ئەوجارەش تووشی سورپرایز بوون. لێرە، تاقمێک پسپۆڕی ئەنستیتۆی نێونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتێژیک، هێرشەکەی سەر ئیسڕائیل و کاردانەوە نێونەتەوەییەکان بە سەرنجدان بە لێدوانی سەرۆک‌وەزیرانی ئیسڕائیل کە گوتی "شەڕێکی درێژمەودا و دژوار دێتە ئاراوە"، هەڵدەسەنگێنن.

ئیسڕائیل تووشی سورپرایز بوو 
جان چیپمەن
سەرۆک‌وەزیران ناتانیاهو زۆربەی کاتی ئەوساڵی بۆ چاکسازییە جێگای مشتومڕەکەی دادوەری و پێڕاگەیشتن بە مۆرە توندڕەوەکانی هاوپەیمانییەکەی تەرخان کرد. بۆ گەلێک ئیسڕائیلی، سەرۆک‌وەزیران سروشتی دێموکڕاسی ئیسڕائیلی بە هۆی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی دەسەڵاتی دادوەریی لە مەترسی هاویشتبوو. ئەو هەروەها بە پاشەکشەی بەرچاو بۆ ڕاستڕەوە ئایینییەکان ببووە هۆی نیگەرانیی زۆر کەس کە وڵات تووشی دیکتاتۆڕیی ئایینی بکات.
شین بێت، ئاژانسی هەواڵگریی ئیسڕائیل، ئاماژەی بە جەمسەربەندییەکەی دانیشتووانی ئیسڕائیل وەک سەرقاڵیی نێوخۆیی کردبوو. داوا نێوخۆییەکانی کۆمەڵگەی توندڕەوی جوولەکە زەرەری بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی هەبوو و، تووڕەیی زۆرینەی سێکولار لە زێدەمافییەکانی پیشکەشکراو بە کەمینەی پەرەئەستێنی جوولەکەی ئۆرتۆدۆکس، ڕیزپەڕبوونیان لە خزمەتی سەربازی و بەکردەوە لە کارکردن، یەکگرتوویی کۆمەڵگە، کە دەوڵەتی ئیسڕائیل هەمیشە پشتی پێ بەستووە، لە مەترسی هاویشتبوو. 
ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەرانی سەربازیی نیگەران بوون کە ئەو ڕووداوانە ئامادەیی سەربازیی ئیسڕائیلیان لاواز کردووە. لە نێوان مانگەکانی مارس تا جولای، یەدەگی هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل خۆیان لە ڕاهێنانەکانیان بوارد، ڕاهێنەرانی فڕۆکەوانیی هێلی‌کۆپتەر نەچوونە سەر کارەکانیان و ئەندامانی یەدەگی هێزە تایبەتییەکان خۆیان بۆ خزمەتگوزاریی خۆبەخشانە ڕانەگەیاند. هەموو ئەوانە وەک ناڕەزایەتی لە ئاراستەی سیاسەتی وڵات بوو. زۆر کەس نیگەرانی کەمایەسیی ئامادەیی هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل، پەرەپێدانی تواناکانیان و لەوەش گرینگتر، 'تایبەتمەندیی چاوترسێنکەرانەیان' بوون. 
هاوکات، سەرۆک‌وەزیران، بەرین کردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیم بە شێوە و ئامرازی جیاوازی خستەسەرەوەی لیستەی ئەرکەکانی سیاسەتی دەرەوە. خەڵاتی کۆتایی، ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ عەڕەبستانی سعودی دەستنیشان کرا. دامودەزگای ئاسایشی نەتەوەیی، لە نێویاندا ڕێبەریی موساد، بۆ گەیشتن بەو ئاکامە سەرقاڵ کرا، کە لە سێپتەمبەر ئەگەری سەرکەوتنی وەک ٪۵٠ مەزەندە دەکرا. توانجەکە لێرەدایە کە دەستنیشان‌کردنی 'لایەنی فەلەستینی' ڕێککەوتنە مەزنەکە لەگەڵ عەڕەبستان، بەشێکی گرینگی خولیا مەزنەکە بۆ 'بەرفراوان‌کردنی ئاڵقەی ئاشتی' بوو. لەگەڵ دەست‌پێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئاسایی‌کردنەوە، ئەو بەشە پەراوێز دەخرێ.
بۆ ماوەی چەند مانگ، ئەو دوو ئالنگارییەی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتیی سیاسی و ئایینی و هەوڵی هاوکات بۆ جێبەجێ‌کردنی ڕێککەوتنێکی بەرفراوان لەگەڵ عەڕەبستانی سعودی، دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەییان سەرقاڵ کرد.
ئێستا ئاشکرا نییە ئاخۆ نیشانەکانی هۆشداریی هێرشەکە نەبینران یان هۆشداریی درا بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی لێ نەکەوتەوە؟ ئەو پرسیارانە تەنیا لە لێکۆڵینەوەی پاش جەنگ لەسەر هەلومەرجی هەواڵگری دەتوانێ بەدروستی وڵامیان بدرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مرۆڤ ناتوانێ خۆ لەو دەرئەنجامە ببوێرێ کە چاوانێکی زۆر، کە خەریکی ڕوانینی نێوخۆ و دووردەست بوون، بەگوێرەی پێویست نەیانتوانی جەخت بکەنە سەر ئەو هێرشەی کرایە سەر سنووری باشوور.

لایەنە فەلەستینییەکان  
لەیس ئەلجەلونی
هێرشی حەماس بۆتە هۆی یەکگرتوویی کاتی لە نێوان لایەنە فەلەستینییەکان، بە تایبەت لەگەڵ لایەنی ڕکابەر واتە ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین لە کەناری ڕۆژاوا. کاردانەوەی سەرەتایی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین، ڕەواییدان بە هێرشەکان بوو و ئەوانی وەک 'بەرپەرچدانەوە'ی پێشێلکارییەکانی ئیسڕائیل دژی شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام و کریستیان لە ئورشەلیم' وەسف کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، وێدەچێ ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین نیگەرانی سەرکەوتنی سەربازیی سەرەتایی حەماس و هەڵکشانی خۆشەویستییەکەی لەنێو فەلەستینییان بێ. ڕاپرسییەک کە لە سێپتەمبەر بەڕێوە چوو نیشانی دا سەتا ۵٣ی فەلەستینییەکان پشتگیری لە بەرگریی چەکدارانە دژی ئیسڕائیل دەکەن. ڕێبەریی بەڕێوەبەرایەتیی فەلەستین، مەحمود عەبباس، دەنگی نزمی هێنایەوە و لە ئەگەری هەڵبژاردنی سەرکۆماری، زۆربەی فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژاوا و غەززە گوتیان دەنگ بە ڕێبەری حەماس، ئیسماعیل هانیە، دەدەن. حەماس هەوڵ دەدا لە هێرشەکەی، کە نەبەزیی ئیسڕائیلی تووشی ئالنگاری کردووە، بۆ نیشاندانی بەکەڵک‌بوونی بەرگریی سەربازیی لە بەراورد لەگەڵ شکستی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین بۆ پێشوەچوون بەرەو دەوڵەتێکی فەلەستینی لە ڕێگای وتووێژ، کەڵک وەرگرێ.
مەترسییەکی دیکە ئەوەیە ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنییەتی کەناری ڕۆژاوا لەکیس بدا. بەرپەرچدانەوەیەکی سەخت لەلایەن ئیسڕائیل لە غەززە، دەتوانێ خەڵکی مەدەنی فەلەستینی لەوێ بورووژێنێ و تەنانەت ببێتە هۆی ڕاپەڕین. سەرکەوتنی سەربازیی حەماس هەروەها ڕەنگبێ ببێتە هۆی هاندانی میلیشیاکانی دیکەی فەلەستین لە کەناری ڕۆژاوا، لە نێویاندا ئارین ئەلئوسود، جیهادی ئیسلامی و تیپی جەنین تا هێرشی سەربازیی بکەنە سەر ئیسڕائیل.

ئاسایی‌کردنەوەی سعودی-ئیسڕائیلی  
حەسەن ئەلحەسەن
شازادەی جێنشینی سعودی، محەممەد بێن‌ سەلمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ فاکس نیوز لە سێپتەمبەر لە لێدوانێکی خۆشبینانە لەمەڕ خێرایی وتووێژی ئاسایی‌بوونەوەی سعودی-ئیسڕائیلی گوتی: "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نزیکتر دەبێتەوە". بەڵام دەستپێکی شەڕی ئیسڕائیل-حەماس وێدەچێ ڕێککەوتنی سعودی-ئیسڕائیلی لەسەر مێز نەهێشتبێ، لانیکەم لە ئێستادا. لە کاتێکدا کە عەڕەبستانی سعودی داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکا، دەنگی خۆی خستۆتە پاڵ دەنگی کووەیت، عوممان و قەتەر و تاوانەکە داوێتە ئەستۆی توندوتیژیی دەسەڵاتی داگیرکارانەی ئیسڕائیل. سەرەڕای سوودە ستراتێژیکییەکەی عەڕەبستان لە پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل، تێچووی نێوخۆیی و ناوچەیی هەوڵدان بۆ ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکان لە کاتی قەیرانی هەنووکەییدا، گەلێک بەرچاو دەبێ.
بەپێچەوانەی هەڵوێستی عەڕەبستانی سعودی، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئیسڕائیل قووڵتر کردۆتەوە و دەڵێ "زەندەقی" لە بەئامانج‌گیرانی خەڵکی مەدەنی لە ئیسڕائیل چووە. ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی هەڵوێستێکی توندی دژی ئیخوان ئەلموسلمین و تاقمە لایەنگرەکانی وەک حەماس گرتووە کە پێی وایە هەڕەشە لە ئەمنییەتی دەکەن.
دەوڵەتانی عەڕەبی کەنداو وێدەچی نیگەرانی ئەوە بن کە قووڵتربوونەوەی قەیرانەکە ببێتە هۆی تەشەنەکردنی کێشەکە بۆ ناوچەی ئەوان. داگیرکردنی غەززە لە لایەن ئیسڕائیل، دەتوانێ ببێتە هۆی تێوەگلانی حیزبوڵڵا کە ئەویش دەستێوەردانی ئەمریکای بەدواوە دەبێ. وەکوو تۆڵە، ئێران و تاقمە هاوپەیمانەکانی ڕەنگبێ بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو بکەنە ئامانج، ئاستی شەڕەکە بگەیەننە شەڕێکی ناوچەیی.
سەرکەوتنی سەرەتایی چاوەڕواننەکراوی حەماس دژی هێزی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیسڕائیل، نیشانەی توانایی ئێران لە دەست وەشاندن بە هۆی هاوپەیمانە نادەوڵەتییەکانی لە ناوچەدا، لە ئاستێکی بەرزترە.
ئەگەر ئێران سوود لە سەرهەڵدانی شەڕێکی درێژخایەن و دژوار لە نێوان ئیسڕائیل-حەماس وەرگرێ، دەوڵەتە ڕکابەرە عەڕەبەکانی کەنداو لە درێژخایەندا ناچار دەبن بیر لەوە بکەنەوە چۆن تواناییەکانی ئێران لە کەڵک‌وەرگرتن لە بەکرێگیراوە چەکدارەکانی بۆ جێبەجێ کردنی کاروباری ناوچەیی، سنووردار بکەن.

ئاسەوارە ناوچەییەکان   
ئێمیل هۆکایەم
شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس کاردانەوەی ماڵوێرانکەری بۆ ناوچەکە دەبێ. ئەو گورزە مرۆیی،  ئۆپەراسیۆنی وستراتێژیکەی حەماس لە ئیسڕائیلی دا و تۆڵەی چاوەڕوانکراوی ئیسڕائیل، ڕەنگبێ لە تیكهەڵچوونەکانی ١٩٨٢ بەولاوە کە بووە هۆی داگیرکردنی لوبنان لە لایەن ئیسڕائیل، مەزنتر بێ.
قەیرانەکە دەتوانێ ببێتە هۆی لێک‌هەڵوەشانی پرۆسەی هێورکردنەوەی نێوان زلهێزانی ناوچە لەو ساڵانەی دواییدا و پێشتری‌دان بە هاوپەیوەندیی ئابووری و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری. ڕێککەوتنی ئیبراهیم، بەرهەمی بۆچوونێکی ئەوتۆ بوو و، وتووێژەکانی نێوان ئیسڕائیل-عەڕەبستانی سعودی ئاکامی ئەقڵانیی ئەو بۆچوونە بوو.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئاخۆ ئێران تێکەڵی کێشەکە دەبێ و ئەگەر ئەو کارە بکات، ئاخۆ ئەوە بە ویستی خۆی دەبێ یان پەلکێش دەکرێ. هۆیەکی باش هەیە کە پێمان وابێ ئێران نایهەوێ ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی ئیسڕائیل بێتەوە و بەو جۆرە مانۆڕ بدا.
بەڵام پرسیاری پیكهاتەیی درێژخایەنتر هەن. سەرهەڵدانی حەماس وەک ڕێکخراوی سەرەکی و بێ ڕکابەری فەلەستینی کاریگەریی بەردەوامی دەبێ، وەکوو لە دۆخی حیزبوڵڵا لە ٢٠٠٦ بینرا. ئەو پێگە و دەستڕۆیشتوویی نوێی لەناو ڕێژەیەکی زۆر عەڕەب وەدەست هێناوە. چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی حەماس لەو سامانە لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵاتی زەبەلاحی سەربازیی ئیسڕائیل لەوانەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی چەند دەوڵەت.
قاهیرە و ئەممان، کە سیاسەتیان کۆنتڕۆڵ‌کردنی تاقمە ئیسلامییەکانی پشتیوانی سەپاندنی دەسەڵاتی فەلەستین بووە، لە ترس و دڵەڕاوکێ دان. بۆ میسر، داگیرکردنەوەی غەززە بە مانای کێشەیەکی چالاک لە سنوورەکەیەتی. ناسەقامگیری، توندئاژۆیی و دزەکردنی مرۆڤان لە شێوە دوورگەی سینا گیر و گرفتی سەرەکیی ئاسایشی نێوخۆیی دەیەی ڕابردوو دەتوانێ سەر هەڵداتەوە. شا عەبدوڵڵای ئوردون لە وتووێژێکدا گوتوویەتی "ئەمن پێتانم گوت". ئوردونییەکان لە جەختی بەردەوامی ڕۆژاوایی و دەوڵەتانی کەنداو لە سەر ئاسایی‌کردنەوە لەگەڵ ئیسڕائیل لەسەر حیسابی سەقامگرییەکی بەردەوامی کەناری ڕۆژاوا و غەززە تووڕە بوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە زۆرینەی دانیشتووانی ئوردن بە ڕەچەڵەک فەلەستینی یان پەنابەری فەلەستینین، شەڕێک لە دراوسێیەتیان دەتوانێ  کۆمەڵگەی ئوردن ناسەقامگیر بکات. قاهیرە و ئەممان بەرژەوەندییان لە هاوکاریی یەکتر لە کاراکردنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانیان و دامودەزگا هەواڵگرییەکانیان دایە.
بەپێچەوانە، قەیرانەکە تورکیە و قەتەری زەق کردۆتەوە. هەردوو وڵات پەیوەندی باشیان لەگەڵ حەماس هەیە، میوانداریی ڕێبەران و مێدیاکانیانن و پشتگیریی ئابوورییان دەکەن. ئەوان دەتوانن پێشنیاری نێوبژیوانیی بکەن، بەڵام مەترسیی ئاشکرابوونی بێ‌کەڵکبوونیان هەیە. ئەوان بەوە تاوانبار دەکرێن کە بەنهێنی حەماس پەروەردە دەکەن.
جێگای ئاماژەیە قەیرانەکە بۆتە هۆی پەراوێزخستنی عەڕەبستانی سعودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی. ئەوەی دواتر پێشەنگی ئاسایی‌کردنەوەی عەڕەب لەگەڵ ئیسڕائیل بوو، بەڵام لە بیروڕای گشتیی عەڕەبی و ئیسلامیدا، ئەو وڵاتە تواناییەکی زۆر کەمی بۆ هێورکردنەوەی سیاسەتی ئیسڕائیل هەیە. لەگەڵ بەرەوپێش‌چوونی شەڕێکی خوێناوی، عەڕەبستانی سعودی نیگەرانی کاردانەوەی چاوبڕکێنەکەی لەگەڵ ئیسڕائیلە. پساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل وێناچی ڕوو بدا و هەردوو ڕیاز و ئەبوزەبی، حەماس وەک هەڕەشەیەکی ئایدیۆلۆژیکی و ئەمنییەتی سەیر دەکەن.

ئێران   
جان راین
ڕەنگبێ هەردوو -ئێران و حەماس- هیوادار بن ئەو شەڕە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی پشتیوانیی بەربەرین بۆ پرسی فەلەستین و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسڕائیل. ئەگەرچی هێندێک خۆپیشاندانی جەماوەریی زۆرتر لە وڵاتانی خاوەن دەوڵەتی لاواز یان ئەو شوێنانەی نفوزی ئێران زۆرە ڕوویان داوە، بەڵام هێشتا بۆ کشانەوەی وڵاتانی ناوچە لە ئیسڕائیل یان بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵی مەودایەکی زۆر ماوە. ڕەنگبێ زۆر هۆ بۆ ئەو کارە هەبن: ماندوویی، سەرلێشێواوی یان بێ‌متمانەیی بە پرسی ئیسلامی، کە حەماس بە هەمان ڕادە لە غەززە نوێنەرایەتیی دەکات؛ بێ‌مەیلی یان مەترسییەک کە ئەو کارە بۆ دەسکەوتە ڕێژەییەکەی هێورکردنەوەی ئەو دواییانەی ناوچەیی هەبووە و، لە ڕوانگەی ڕێبەرانەوە خۆ لادان لە سیاسەتێک کە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی سەپاندبێتی. پووشوویەکە ڕەنگبێ هێندە ویشک نەبووبێ کە حەماس یان ئێران هیوایان بۆ دەخواست.
لە کاتێکدا کە ئێران و حیزبوڵڵا لەگەڵ حەماس "بەرەیەکی یەکگرتووی" خەیاڵییان پێک‌هێناوە، ‌هێشتا نەیتوانیوە بیسەلمێنی لە تاقمەکانی دیکەی دوژمنی ئیسڕائیل لە ڕابردوودا، کاریگەرتر و یەکگرتووترە. هەردوو ئێران و حیزبوڵڵا بە ئاشکراترین شێوە چەپڵەیان بۆ حەماس لێ‌داوە، بەڵام ئاخۆ ئەوان ئامادەن سامانەکان و داهاتوویان بە شەڕ لە پەنا حەماس بخەنە مەترسییەوە، هێشتا ماویەتی ئەوە بسەلمێنن. تاران و حیزبوڵڵا لەو ساڵانەی دواییدا وریا بوون خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و پڕ تێچوو لە ترسی ئاسەوارەکانی بۆ سەر پێگەی نێوخۆییان ببوێرن. ئیسڕائیل توانایی خۆی لە ڕێگای بەئامانج‌گرتنی تواناییەکانی ئێران لە دەرەوەی ناوچە و هەروەها بە ئۆپەراسیۆنی هەنگێو لە نێوخۆی ئێراندا پشتڕاست کردۆتەوە. بڕیارێکی دژوار بۆ ئێران و هەروەها حیزبوڵڵا ئەوە دەبێ کە ئاخۆ چۆن وەڵامی داواکارییەکانی حەماسێکی گەمارۆدرا و بچووک بۆوە بە هۆی هەنگاوی سەربازیی ئیسڕائیل، بۆ دەستێوەردانی سەربازیی بدەنەوە. بێتوو ئەوان بڕیاری یارمەتیدان بدەن، دەبنە داگیرسێنەری شەڕێک لەگەڵ ئیسڕائیل. بێتوو خۆ لەو کارە ببوێرن، مەترسیی بنکۆڵ‌کرانی متمانە بە "بەرەی یەکگرتوو" دروست دەبێ. هەموو پشتیوانییەک بێجگە لە یارمەتیی ڕاستەخۆ لە شەڕدا، ڕەنگبێ بژاردەی دڵخوازیان بێ.

لوبنان و حیزبوڵڵا 
ریم مومتاز و ئێمیل هۆکایەم
لەو کاتیەوە هەواڵی هێرشی حەماس بڵاو بۆوە، ئەو پرسیارە هاتۆتە ئاراوە ئاخۆ تاقمی میلیشیایی لوبنانی، حیزبوڵڵا، بەرەیەکی دیکە لە باکووری ئیسڕائیل دەکاتەوە؟
هەردوو تاقمەکە پێشینەیەکی کۆنی پەیوەندیی دوو لایەنەیان هەیە و میلیشیاکانی حەماس لە لوبنان خاوەن بنکەن. حیزبوڵڵا زۆرتر پەیوەندیی لەگەڵ ئێران هەیە بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا، حەماس بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران، پشتی بە ئەو تاقمە لوبنانییە بەستووە. هەرسێک لایەن بەردەوام گوتوویانە یەکێک لە ئامانجە هاوبەشەکەیان "بەرەیەکی یەکگرتوو" دژی ئیسڕائیلە و بەگوێرەی زانیارییەکان ئەوان لە بەیروت ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەیە. لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، ڕێبەرانی حیزبوڵڵا و حەماس (و هەروەها جیهادی ئیسلامی) بەئاشکرا دیداریان هەبووە و ویستی خۆیان بۆ هاوئاهەنگیی زۆرتر ڕاگەیاندووە. ئاخۆ فەرماندەی سوپای قودس لەو کۆبوونەوانەدا ئامادە بووە ناڕوونە، بەڵام ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس، بەردەوام سەردانی بەیروتی کردووە.
تا ئێستا، حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە بەبەردەوامی لەگەڵ ڕێبەرانی حەماس لە پەیوەندیدا بووە تا کاردانەوەکانیان هاوئاهەنگ بکەن، بەڵام خۆی لە هاوپشتییەکی تەواو بواردووە. ڕۆژی یەک شەممە، ئەو گرووپە پێکدادانێکی سنوورداری بە ئاڵووێری ئاگری خومپارە لە مەزراکانی شەبعا هەبووە. ناوچەی ژێر هێرش لە ڕۆژی دووشەممە بەربڵاوتر بۆوە بەڵام سەرەڕای ئیددیعای حیزبوڵڵا کە چەکدارانی بە تۆپبارانی ئیسڕائیل کوژراون، کێشەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدا مایەوە. ڕەنگبێ شەڕکەرە فەلەستینییەکان بە پشتگیریی حیزبوڵڵا بە شێوەیەک کە بتوانی حاشای لێ بکات، ئۆپەراسیۆن بۆ ئەو دیوی سنوور بەڕێوە بەرن. گرینگ ئەوەیە کە حیزبوڵڵا دەتوانێ بە ناچالاک بوون یارمەتی حەماس بدا، چونکە دەبێتە هۆی بەسترانەوەی هێزێکی بەرچاوی ئیسڕائیلی و تواناییەکانی بە مەبەستی پارێزگاریی لە سنووری باکوور چەقبەستوو بمێننەوە.
گەلۆ ئیسڕائیل بڕیار دەدا بە تەواوی دەستێوەردان بکات بە فاکتەری ئاشکرا و نەزانراوەوە گرێ دراوە، لە ناویاندا ئاستی تۆڵە ئەستێنیی ئیسڕائیل لە حەماس و ئاخۆ ئیسڕائیل دەتوانێ بە شێوەیەکی بەربڵاو و تاهەتایی ڕێبەریی حەماس لەنێو بەرێ. دۆخی نالەباری ئابووری لە لوبنان کاریگەریی لەسەر پێگەی جەماوەریی حیزبوڵڵا و کەسایەتییەکانی هاوتەریبی ئەو هەبووە. لایەنی بڕیاردەر ئێرانە، کە حیزبوڵڵای وەک ئامرازی یەکلاکەرەوە بۆ سزادان و چاوترسێن کردن حاملاندووە و زۆر زیرەکانە کەڵکی لێ وەردەگرێ.

یەکیەتی ئورووپا
ریم مومتاز
کاردانەوەی یەکیەتیی ئورووپا زۆرتر سیمبۆلیک بووە، لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی نیوەچڵ بۆ شارۆمەندانی ئورووپایی لە ئیسڕائیل و ئارامیی جەماوەریی لەو وڵاتانەی ئورووپا کە خاوەن ڕێژەیەکی زۆر کۆچبەرن.
ڕێبەرانی فەڕانسە و لەهستان هێرشەکەی حەماس دژی ئیسڕائیلیان ئیدانە کردووە و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئیسڕائیل دەربڕیوە. ئەوان هەروەها لە ڕووداوە بەرچاوەکاندا هاوپشتیی خۆیان بەئاشکرا بۆ ئیسڕائیل دەربڕیوە. بەڵام، یەکیەتیی ئورووپا ستراتێژییەکی یەکگرتووی بۆ کێشەی ئیسڕائیل-فەلەستین نەبووە و، دەوڵەتانی ئەندام ناکۆکییەکی قووڵیان لەسەر کێشەکە هەیە. لە ٨ی ئۆکتۆبر، وەزیری گەشەکردنی ئاڵمان ڕایگەیاند کە بەرلین پێداچوونەوە بە یارمەتییە داراییەکانی بە فەلەستین دەکات. ڕۆژی دواتر، کۆمیسیۆنەری مەجارستانیی یەکیەتی ئورووپا بۆ سیاسەتی درواسێیان، ئۆلیڤەر ڤارهەلی، یەکلایەنە، بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندام، ڕایگەیاند کە بروکسەل بودجەی سەرجەم بەرنامەکانی گەشەپێدان دەبڕێ. دوای ناڕەزایەتی فەرمی لەلایەن وەزیرانی وڵاتانی وەک ئیرلەند، لوکزەمبورگ و ئیسپانیا، و هەروەها پارلەمانی ئورووپا، لە لێدوانێکی کورتی کۆمیسیۆنی ئورووپادا، ئەو بڕیارە هەڵوەشێنرایەوە.
سەرکۆمار و وەزیری کاروباری دەرەوەی فەڕانسە دیپلۆماسیی تەلەفۆنیی خۆیان تا ئێستا ئاشکرا کردووە و لەواندا لەگەڵ لایەنە بەرانبەرەکانیان لە ئیسڕائیل، بەڕیوەبەرایەتیی فەلەستین، ئوردن، لوبنان، میسر، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی، عەڕەبستانی سعودی و قەتەر باسی دۆخەکەیان کردووە. بەڵام چاوەڕوانییەکان بۆ وەدەستهێنانی دەسکەوتی کۆنکرێت کەمن. لەو ساڵانەی دواییدا، لە کاتی سەرهەڵدانەوەی کێشەی ئیسڕائیلی-فەلەستینی دیپلۆماسیی یەکیەتیی ئورووپا لە هی ئەمریکا، میسر، قەتەر و تورکیە کەم دەسکەوتتر بووە. 
بێجگە لە تێبینییە ژیئۆپۆلیتیکی و دیپلۆماتیکەکان، وڵاتانی ئورووپایی دەیانهەوێ پێش بەوە بگرن کە گرژییەکان ببنە هۆی قەیرانی پەنابەران کە داوێنی سنوورەکانی یەکیەتی ئورووپا بگرێتەوە. بەشێک لە ئەندامانی زۆرینەی کۆچبەری مسوڵمان لەو وڵاتانە بەئاشکرا ئەو هێرشەیان جەژن گرتووە. وڵاتانی وەک فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە کۆتایی حەوتوودا حوزووری پۆلیسیان لە نزیک بنکەکانی کۆمەڵگەی جوولەکە، قوتابخانە و کەنیسەکانیان زیاتر کرد.

ڕووسیە   
نایجڵ گۆڵد-دەیڤیس
قەیرانی ئەو دواییانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاردانەوەی لەسەر دیپڵۆماسیی جەنگی ڕووسیە-ئوکراین دەبێ. تا ئێستا، سەرەڕای داگیرکاریی ڕووسیە بۆ "سڕینەوەی نازییەکان" و لابردنی سەرکۆماری جوولەکەی ئوکراین، ئیسڕائیل پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ڕووسیە پاراستووە. ئیسڕائیل سەرەڕای داوای هاوبەشەکانی، تەنیا یارمەتییەکی کەمی ناکوشندەی پێشکەشی ئوکراین کردووە. هۆی سەرەکی بۆ ئەو خۆپارێزییە، نیگەرانیی ئەمنییەتی ناوچەیی ئیسڕائیل بووە: ئەو لە سووریە پشت بە پشتیوانیی ڕووسیە دەبەستێ تا هێزەکانی سەر بە ئێران سنووردار بکات. 
لە هەمان کاتدا، جەنگی ڕووسیە لە ئوکراین بۆتە هۆی پەیوەندیی نزیکتری سەربازیی لەگەڵ ئێران. لە دوای داگیرکردنی ئوکراین لەلایەن ڕووسیەوە، کاربەدەستانی حەماس لانی‌کەم سێ جار سەردانی مۆسکۆیان کردووە. پرسیارەکە هەمیشە ئەوە بووە ئاخۆ ئەو پەیوەندییانە چەندە چڕ ببنەوە بێ ئەوەی ببێتە هۆی پێداچوونەی ئیسڕائیل بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ مۆسکۆ.
هێرشی حەماس، کە بە گوێرەی ڕاپۆرت بە پلانی ئێران بووە، ئاشکرای دەکات کە ئیسڕائیل، سەرەڕای دان بەخۆدا گرتندا،  بەرەوڕووی هەڕەشەیەکی کوشندە لەلایەن هاپەیمانانی ڕووسیە بۆتەوە. ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پرسیاری نوێ لەبارەی سیاسەتی ئیسڕائیل بەرانبەر بە ڕووسیە، کە هێرشەکەی ئیدانە نەکردووە و سنووردانانەکانی خۆی بۆ پشتگیریی لە ئوکراین، کە لەبەر چاوی گرتووە. مۆسکۆ هەروەها دەبێ لەوە بترسێ کە سەختگیریی لەگەڵ ئێران دەتوانێ ببێتە هۆی لاوازبوونی یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
دانا ه. ئالین
نیو سەدە مەودا لە نێوان هێرشی پەشۆکێنەری کۆتایی حەوتوو لەلایەن شەڕکەرانی حەماس دژی ئیسڕائیل و هێرشە لەناکاوەکەی هێزەکانی میسر و سووریە لە یۆم کیپور لە ١٩٧٣ هەیە. ئەوە دەتوانێ بەهەڵکەوت بێ، بەڵام زۆرتر وێدەچێ حەماس بە هیوای دەنگدانەوە مێژوویەکە بووبێ.    
پەیوەندییە چارەنووسسازەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکاش ئەوکاتی و ئێستا ئەگەر هەڵخەڵەتێنەریش بن، چەواشەکارانەن. لە ١٩٧٣، هێزە سەربازییەکانی عەڕەبان هەڕەشەی مان و نەمانیان لە ئیسڕائیل دەکرد و پشتگیریی بەربڵاوی سەربازیی لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا یارمەتیدەری تێکشکاندنی شەپۆلەکە بوو. هەروەها جەنگی خوێناوی ١٩٧٣، پێشەکیی دەسکەوتی بەرچاوی سیاسیش بوو. لە مانگەکانی دواتردا، هێنری کیسینجەر دەستی بە هاتووچۆی دیپلۆماتیک کرد کە بووە هۆی ئاگربڕی هێزە سەربازییەکانی هەردوو لا؛ لە ١٩٧٧، سەرکۆماری میسر ئەنوەر سادات سەفەری بۆ ئورشەلیم کرد تا لە کنێسێت (پارلەمانی ئیسڕائیل) وتار پێشکەش بکات؛ لە ١٩٧٨، سەرکۆمار جیمی کارتەر میوانداری سادات و سەرۆک‌وەزیرانی ئیسڕائیل مەناخیم بگین بۆ دانوستانی مێژوویی لە کەمپ دەیڤید بوو؛ ساڵی دواتر، ئیسڕائیل و میسر ڕێککەوتننامەی ئاشتییان واژۆ کرد. لە هەمان کاتدا، میسر بەئاشکرا لە سۆڤیەت دوور کەوتەوە و هاتە ناو خولگەی ستراتێژیکی ئەمریکا.
ئەو مێژوویە ئێستا ڕوونکەرەوەی سروشتی تاریکی سنوورداریی بژاردەکانی ئەمریکان. پاش دیمەنە ترسێنەرەکانی قەڵاچۆکردنی خەڵکی مەدەنی ئیسڕائیل لە لایەن چەکدارانی حەماس، لێدوانەکانی ئەمریکا و پشتیوانیی ئەمریکا، مەرجێکی زۆر کەمی، بۆ ئیسڕائیل دەبێ. واشینگتۆن پشتیوانیی شەڕێک دژی حەماس دەکات کە وێدەچێ ئەوی بۆ هەمیشە لەنێو بەرێ. چەند فاکتەر ناڕوونن: ئاخۆ ئەوە بە تێچوویەکی قابیلی قبووڵ جێبەجێ دەکرێ، ئاسەوارەکانی شەڕێکی خاکیی و داگیر کردنەوەی دووبارەی غەززە لە لایەن هێزەکانی ئیسڕائیلی و ئەگەری کاردانەوەکانی دیمەنە ترسێنەرەکانی ئازار و کوژراوانی فەلەستینی. هەموو ئەوانە، لە شوێنێک دەتوانن زەخت بخەنە سەر پەیوەندیی سیاسی ئەمریکا-ئیسڕائیل، بێ‌ ئەوەی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر هاوکارییە ئەمنییەتییەکەیان هەبێ.
پەرتەوازیی تاڵی سیاسیی لە ئیسڕائیل بۆ ماوەیەک نامێنێ؛ دەوڵەتێکی یەکیەتی-نەتەوەیی لە ئورشەلیم بۆ بەڕێوەربەرایەتی بایدنیش دڵخوازترە. هیچ ساداتێک لە گۆڕەپانەکەدا بوونی نییە، بەڵام بە هەموو خۆشبینییەکەوە، بیر کردنەوە لە ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانەکە مومکین نییە. بیرۆکەی مامەڵەیەکی مەزنی ئەمریکا-ئیسڕائیل-عەڕەبستانی سعودی دەبێ بۆ داهاتوویەکی دیاریکراو وەدوا خرێ. لە سێناریۆیەکی کەمتر خراپدا، دیپڵۆماسی دەبێتە هۆی چاوترسێن کردن. بە نیگای شڵەژاوی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ئیسڕائیل بەرەو هاژەکەکانی حیزبوڵڵا  و مەترسی کرانەوەی بەرەیەکی دیکە لە باکوور، وڵاتە یەکگرتووەکانی پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری ناردوونە خۆرهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە. ئەوە ئیسڕائیلی پەشۆکاو دڵنیا دەکات و سیگناڵێکیش بۆ ئێران دەنێرێ کە بێتوو هێرشێکی تەواو لە خۆرهەڵاتەوە بکرێ، واشینگتۆن لە دوورەوە سەیرکەر نابێ.   
 
سەرچاوە:
https://www.iiss.org/online-analysis/online-analysis/2023/10/iiss-experts-assess-the-hamas-israel-war-and-its-international-implications/