کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ژینا"ی ئێمە و "مهسا"ی ئەوان

18:48 - 30 رەزبەر 2723

ڕەحمان سەلیمی

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە پەنا ئەو ڕووداو و پێشهاتە کەم‌وێنانەی لە ڕەوتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی‌دا ڕوویان دا، شایەدی تۆخبوونەوەی سنووربەندییە ناسنامەییەکان و لە پاڵ ئەوەشدا دەرکەوتنی ئاشکراتری سیمای ناوەندگەرێتی و پاوانخوازی لە بەرگی ئۆپۆزسیۆندا بووین. دیارە پێویستە دان بەوەدا بنێین کە پاوانخوازی و ناوەندگەرێتیی ڕیشەداری ناسیۆنالیزمی هێرشبەری ئێرانی لە ئاستی کۆمەڵگەدا کڕیاری ئەوتۆیان نەبوو، بەڵکوو بانگەشەکاران و دنەدەرانی بریتی بوون لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن کە بەزۆری نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن و لە هەمان کاتدا هەندێ لەو خوێندەوار و ڕووناکبیرانەی کە تا ئێستاش لە سەردەمی سەرەتای سەدەی بیستەمدا چەقیون؛ واتە ئەوکاتەی کە بەشێک لە ڕووناکبیرانی ئێرانی نیشتەجێی بێرلین بە ئیلهام وەرگرتن لە ناسیۆنالیزمی پەڕگیری ئاڵمانی، بیرۆکەی ئێرانشاریان هێنا گۆڕێ و کردیانە بنەمای پڕۆژەی یەکدەست‌کردن و سڕینەوەی ناسنامە نافارسەکانی نێو جوغڕافیای ئێران.
ڕەتکردنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان وەک کاکڵی ناسیۆنالیزمی درۆیینی ئێرانی کە زیاتر لە سەدەیەکە بە پیرۆزی‌بەخشین بە مێژوو، فەرهەنگ و ئەدەبیاتی فارسی – شیعی هەوڵی یەکڕەنگ‌کردنی کۆمەڵگەی فرەنەتەوەی ئێران دەدا، ئایدۆلۆژییەکی بەرهەم هێناوە کە ئاڵاهەڵگرانی نەتەنیا نەیانتوانیوە یان نەیانویستوە لە شۆڕشی ژینا تێ‌بگەن بەڵکوو بەکردەوە بوونەتە بەشێک لە دەزگای پڕۆپاگەندای کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕش و بە هەمان ڕوانگەی مەزنیخوازانەی ڕێژیم، بەرگی دژەشۆڕشیان پۆشیوەو زەبری قەرەبوونەکراویان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران داوە  و یارمەتییەکی کاریگەریان بە خوڵقاندنی دەرفەتێکی لەکیس‌چووی مێژوویی دیکە لە ئێران کردوە. لایەنی گاڵتەجارانە و هەڵبەت تاڵی مەسەلەکە لە دوگماتیزم و هەژاریی فەرهەنگی و داڕمانی ئەخلاقی نوخبەی سیاسی و تەنانەت ئەکادیمیی هەڵگری بیرۆکەی ئێرانشاری‌دایە کە وەک شەعبان بێ‌مێشکەکان هێرش دەکەنە سەر نەیارانیان و لە چوارچێوەی سڕینەوەی نەیارەکانیان هیچ ئیستدلال و لۆژیکێک بەفەرمی ناناسن. هەڵگرانی ئەو بیرکردنەوەیە خۆ دەدزنەوە لەو پرسیار و هەڵبەت وەڵامەکەی کە، بەرهەمی یەک سەدە سیاسەتی ڕەتکردنەوە و سەرکوتی نەتەوە نافارسەکان، چ دەسکەوتێکی بۆ ئەوان هەبووە جگە لەوەی خواستی ناسنامەخوازیی نەتەوەکانی بەهێزتر و پتەوتر کردوە.
بزووتنەوەی ناسنامەخوازی کوردستان وەک چالاکترین و ڕێکخراوترین بزووتنەوەی سیاسی – کۆمەلایەتی لە ئێراندا کە ئاخێزگەی شۆڕشی ژینا و پێشەنگی خەباتی شۆڕشگێڕانە بووە، دەقێکی واتاداری لە پەڕاوێزی ئێراندا خوڵقاند کە بەخێرایی بە نێو تەواوی نەتەوەکانی ئێراندا بڵاو بۆوە و سەرەڕای جاڕدانی ناسنامەخوازییەکی ئاشکرا، یارمەتییەکی حاشاهەڵنەگری بە پێکهێنانی هاوپەیوەندی لە نێوان نەتەوەکانی ئێران و هاوکات نەتەوەی فارسی ناوەندنشینیش داوە، بە شێوەیەک کە مێژووی هاوچەرخی ئێران هاوپەیوەندییەکی لەو چەشنەی لە نێوان نەتەوەکان بە خۆوە نەدیوە. ئەو گۆڕانکارییە ڕاستەقینەیە کە هەموو لایەک ئاگاداری بوون بەڵام گرووپێک نەیاندەویست دانی پێدا بنێن، مژدەی کۆتایی‌هاتنی ناوەندگەرێتیی پێ بوو لە هەموو ئاستەکاندا، لە بنەماڵەوە بگرە تا کۆمەڵگە و هەروەها لە هەموو بەستێنە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەو ڕاستییەش بە هیچ جۆر بە دڵی ناسیۆنالیزمی هێرشبەری ناوەندگەرا نەبوو، و بوو بە هۆی دەرکەوتنی کەلێنی گەورە لە نێو ڕەوتە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆندا. 
دابەزاندنی مانیفێستی ژن، ژیان، ئازادی بە تەنیا دروشمێک و بچووک‌کردنەوەی خواستە ڕیشەییە ئازادیخوازانەکانی خەڵک بە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێڕەوی تێپەڕین لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە جێگەی کۆی سیستەمە سیاسییەکە و پەیوەندییە سیاسییە گەندەڵەکانی، یەک لە پلانەکانی ئەو تەیفە لە ئۆپۆزیسیۆن بوو کە لە هەوڵدا بوو بە پاراستنی دامەزراوە سیاسییە دیکتاتۆڕلێدراوەکان کە ڕیشەیەکی مێژووییان لە ئێراندا هەیە، بگەنە دەسەڵات. ئەوان بە خوێندنەوەیەکی دوور لە واقعی گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی ئێران و ئەو نەسلە شۆڕشگێڕەی لە مەیدان‌دایە، بیر لە ئالترناتیڤێکی ناوەندگەرای غەیرەدینی دەکەنەوە بەبێ ئەوەی لەو ڕاستییە گەیشتبن کە ناتوانن لە ڕێگەی کودەتایەکی تری لە چەشنی کودەتای شا – موسەددیق، خواستە بنەڕەتییەکانی گەلانی ئێران بکەنە قوربانی.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینای کوردستان پەیامێکی ڕوونی لەخۆ گرتوە کە دەیان ساڵ خەباتی بەردەوامی لە پشتە و خاوەن پلان و ڕێکخستن و پتەوێکی فکریی مێژووییە کە ڕێگە بەوە نادات بەلاڕێدا ببرێت. لە ساڵی ڕابردوودا بینیمان کوردستان شاهیدی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرفراوان بوو، هەروەها کاریگەریی حیزب و ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و هەڵبەت حیزبەکانی دیکەش لە سەر ڕاپەڕینی خەڵک بۆ هەمووان دەرکەوت. سەرکوتی بەربڵاو و بێ‌بەزەییانە لە کوردستان و هەروەها هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان بە مووشەک و دڕۆن و هاوکات چڕکردنەوەی پڕوپاگەندای کۆماری ئیسلامی دژی ئەو حیزبانە، ئاماژەیەکی ڕوون بوون بۆ ترسی هیستریکی ڕێژیم لە قووڵایی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و هەروەها گواستنەوەی ئەزموونەکانی کوردستان بۆ ناوچەکانی تری ئێران. 
ژینای ئێمە بووە ڕەمزی بەرەنگاربوونەوەی ستەمی نەتەوەیی، ڕەگەزی، فەرهەنگی و ئابووری، بووە هاواری ڕزگاریخوازیی نەتەوەیەک کە کۆی نەزمی سیاسی، کۆمەڵایەتی لە ئێراندا کردە ئامانج. لە کاتێکدا “مهسا”ی ئەوان خەونی ئاوەژوبوونەوەیەکی مێژوویی تێدا زیندوو کردنەوە کە بیانگێڕێتەوە سەر کورسیی دەسەڵاتێک کە فەرهەنگە سیاسییە ئاراییەکەی تێدا بە پاریزراوی بمێنێتەوە. ئەوان دەیانزانی کە ئەو ئاواتە لە نێوەڕۆکی شۆڕشی ژینادا نایەتە دی و هاواری هاوبەشی کۆمەڵگەی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانیەوە تێپەڕینە لەو سیستەمە کێشەخوڵقێنەی کە لە یەک سەدەی ڕابردوودا هەوڵی داوە بەشێوەی سیستماتیک پەرە بە قەیرانە خۆکردەکانی بدا تا کەلێنە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکاتە دەرفەتێک بۆ لێکترازانی کۆمەڵگە و مانەوەی زیاتر لە دەسەڵاتدا. ئەگەر گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد هاوپەیمانی و پلاتفۆڕمە سیاسییەکانی ساڵی ڕابردوویان ئەزموون نەکردبا، جیاکردنەوەی ژینای ئێمە و "مهسا"ی ئەوان ئەستەم دەبوو و لە هەمان کاتدا جیاکردنەوەی ڕەوتە سیاسی و فکرییەکان دژوار دەبوو و ناوەندگەرێتی لە بەرگێکی نوێدا شانسی سەرکەوتنی دەبوو و بۆ جارێکی دیکەش نەتەوە ستەم‌لێکراوەکانی ئێران سەریان بێ کڵاو دەمایەوە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینای ئێمە بناغەی سیاسی و فکریی ئەوتۆی لە کۆمەڵگەی ئێراندا بنیات ناوە کە تەنیا شۆڕشێکی دیمۆکڕاتیک لەسەر بنەمای چەمکگەلی وەک فیدڕاتیزە کردنی ئێران و وەدیهێنانی عەداڵەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دوورەدیمەنی ئێرانی داهاتوودا لێ چاوەڕوان دەکرێ.
لە کاتێکدا بزووتنەوەی "مهسا"ی ئەوان بەرهەمی خەونی چەندین ساڵەیانە بۆ جێگۆڕکێی دەسەڵات، خەونێک کە بەرهەمی سیندڕۆمی "دابڕانی گەورە لە کۆمەڵگە"یە. ئەو خەونە بێ‌بنەمایانە بوون کە لە پەنای نەبوونی ڕێکخستن و دوورەدیمەنێکی ڕوونی سیاسی لای ناوەندگەڕایانی بەناو ئۆپۆزیسیۆن، وای لێکردن کە دەست بۆ دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی وەک سوپای پاسداران درێژ بکەن تا لە پڕۆسەی خەیاڵیی گواستنەوەی دەسەڵاتدا یارمەتییان بدەن، هەروەک لە هەڵوێستەکانیاندا بەڕوونی ئەوەمان بینی.
ژینای ئێمە کاتێک بە خاک دەسپێردرێ، ژن، ژیان، ئازادی وەک کۆکراوەی کۆی بەها و نۆڕمەکانی کۆمەڵگەی ڕوو لە گەشەی کوردستان -کە بەرهەمی دەیان ساڵ خەباتی دادخوازانەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییە- لە ناخی خاک و خەڵکەکەیەوە سەردەردێنێ و تەنانەت هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەهەژێنێ، زایەڵەی ئەو سەمفۆنییە هارمۆنیکە سنوورەکان دەبەزێنێ و شەقامی هەموو پایتەختەکانی جیهان وە سەما دەخا. ناساندنی ژینا و ژن، ژیان، ئازدی وەک براوەی خەڵاتی ساخاڕۆفی ئەوساڵ کە لەلایەن پارلەمانی ئورووپاوە ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەس یان دامەزراوانەی لەپێناو ئازادیی بیروباوەڕ و مافی مرۆڤدا زیاترین تێچوویان داوە، ئەو ئیدعایە دەسەلمێنێ کە شۆڕشی ژینای ئێمە خوازیاری بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکە کە کەرامەتی مرۆیی تێدا پارێزراو بێ و هەموان بە پاراستنی تایبەتمەندیی خۆیانەوە دژی هەر چەشنە جیاکارییەک بوەستنەوە کە ببێتە هۆی چەوسانەوە لە هەموو شێوازەکانیدا، ئەوەش لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ویژدانی مرۆڤایەتی شاراوە نییە و بەشێکە لە سەرچاوەی شەرعیەتی شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک کە گومانی تێدا نییە پێشکەوتووترین شۆڕشی سەدەی بیست و یەکە، چ لە ڕووی ئەو ویست و بەهایانەی لە پێناویدا قوربانی دەدا و چ لەڕووی ئەو شێوە خەباتەی لە یەک ساڵی ڕابردوودا پەنای بۆ بردوە. 
حاشا لەوە ناکرێ کە لە ئاستی کۆمەڵگەی ئێرانیشدا درێژکراوەی بیری پاوانخوازانەی ناوەندگەرا هەن، بەڵام هاواری ژن، ژیان، ئازادی لە گۆشە و کەناری ئێران و هاوکات لە گەورەشارەکانی ناوەندیشدا بە ڕوونی دەریخست کە خواستی ڕاستەقینەی ڕۆژانەی خەڵک لە پەنا بایەخە جیهانگیرەکانی وەک ڕێزگرتن لە مافە سروشتییەکانی مرڤ، بەسەر ویستی ئیدئۆلۆژیک و پەڕگیری ئەو گرووپانەدا زاڵن و کۆمەڵگەی فرەنەتەوەی ئێران چیتر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کەلێنە نەتەوەیی، سیاسی، ئایینی و