کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەزا بە خەونی گابەردەکان و ئاشنا بە ڕوحی کانیاوەکان (شەهید عومەر مرادی)

18:50 - 30 رەزبەر 2723

برایم چووکەلی

"کاروانی شه‌هیدانمان دوورو درێژه‌. به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌وه‌ش درێژتر بێ، ئێمه‌ له‌مێژه‌ بریارمان داوه‌ بۆ شه‌هیده‌کانمان ناگرین و ڕه‌شیان بۆ ناپۆشین، به‌ڵکو پاداشیان ده‌ده‌ینه‌وه‌ که‌ باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان درێژه‌ پێ دانی ڕێگایانه‌". 
دوکتور قاسملوو 

گه‌لێک خاوه‌نی زیاتر لە نێو سه‌ده‌ خه‌باتی بێ‌پسانه‌وه‌ وخوێناوی بێ، بێگومان شه‌هیدبوون و قوربانیدان لەپێناو ڕزگاریی خاک و نیشتمان چاوی ناترسێنێ. بۆیە هەتا زیاتری لێ شه‌هید بکرێ له‌ سه‌ر داوا ڕه‌واکەی سوورتر ده‌بێ و خه‌باتەکەی توندوتیژتر ده‌کا. ڕۆڵه‌ خوێنگه‌رم و ئه‌مه‌گ‌ناسه‌کان ئاڵای خه‌بات شه‌کاوه‌ ڕاده‌گرن و تاگه‌یشتن به‌ ئامانجی پیرۆزی گه‌له‌که‌یان هه‌دا ناده‌ن. یه‌کێک له‌و ڕۆڵه‌ دەروەست و گیانفیدایانەی‌ له‌ "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا ڕێز لە یاد و بیره‌وه‌رییەکانی دەگرین، عومه‌ری مرادی ناسراو به‌ سیروان له‌ هێزی شه‌هید عزیزی یوسفی‌یه‌. 
شەهید عومه‌ر مرادی ساڵی ١٣٤١ له‌ ئاوایی قه‌به‌غلویو سه‌ر به‌ شاری سه‌قز له‌ بنه‌ماله‌یه‌کی هه‌ژار و چه‌وساوه‌ی کۆمەڵگەی کوردەواریدا چاوی به‌ ژیان هه‌ڵینا‌. عومه‌ر به‌ هۆی نه‌داری و ده‌ست‌کورتیی بنه‌ماڵه‌که‌ی کە بەرهەمی ستەمی نەتەوایەتی و سیاسەتی داگیرکەرانەی ڕێژیمەکانی تارانە، بۆ وه‌ده‌ست‌هێنانی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و بنەماڵەکەی‌، هه‌ر له‌ منداڵییەوه‌ له‌شی ناسک و ساوای دایە به‌ر ته‌وژمی کاره‌ قورس و تاقەت‌پڕووکێنەکان. بەدرێژایی ڕۆژ ئاره‌قه‌ی ڕشت و هەر لە سۆنگەی هەژاریی بنەماڵەکەی و لەدواکەوتووییدا ڕاگیرانی کوردستانەکەی نەیتوانیوە جیا لە قۆناغەکانی سەرەتایی پتر بخوێنێ و خوێندنی قوتابخانە بەناچار بەجێ هێشت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوڕێکی زیره‌ک و تامەزرۆی فێربوون و گەشەکردن بوو و بۆ ئەو مەبەستەش زۆری هەوڵ دا.
 ژیانی هه‌ژاریی بنەماڵەکەی و بنده‌ستی و بێبه‌شیی نەتەوەکەی وای کردبوو عومەر بەوردی بە دوای هۆکارەکانیدا بگەڕێ و بەو قەناعەتە بکا کە هۆکاری ئەو دۆخە نالەبارە نیزامی سیاسیی سەرکوتگەر و نادادپەروەری زاڵ بەسەر وڵاتەکەیەتی. بۆیە لە ڕەوتی شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتیدا وەک تازەلاوێک بە هیوا و هۆمێدی زۆرەوە بۆ داهاتووی ڕاپەڕین و خاک و وڵاتەکەی دەڕوانی. هەروەها بەکردەوەش لەپێناو ئاواتەکانیدا هەنگاوی هەڵێنا و تێکەڵ بە خۆپێشاندانەکان بوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ئاشکرابوونی چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هاتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە و وەک شەنگەلاوێکی بەوەج و ئەرک‌وەخۆگر چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان.
شەهید عومەر سەرەتا له‌ هێزی شه‌هید عزیزی یوسفی سازمان درا و دواتر قۆناغەکانی هەڵدان و گەشەکردنی سیاسیی و نیزامیی یەک لە دوای یەک بڕی. ئەو کوڕێکی مەشرەف‌خۆش، بەئەخلاق و پێشمه‌رگه‌یه‌کی بەده‌ست‌وبرد و لێوه‌شاوه‌ بوو. لەسۆنگەی جوامێری و بوێرییەکەی له‌نێو هه‌وسه‌نگه‌رانیدا ڕێزی تایبه‌تی لێ ده‌گیرا. ئەو له‌ زۆبه‌ی شه‌ره‌کانی ناوچه‌دا به‌شداریی کرد و لە کاری سیاسی و پێشمەرگانەیدا هەڵسووڕ و ماندوویی‌نەناس بوو.
عومەر ساڵی ١٣٦٢ بۆ دیتنی دەورەی مودیرییەت بەڕێی فێرگەی سیاسی نیزامیی حیزب کرا و پاش ەەدەست‌هێنانی ئەزموونی بەنرخ و سەرکەوتنێکی باش لە دەورەی مودیرییەت، گەڕاوە هێز و بە جێگری لک و دیاری کرا. لە شەڕی بەناوبانگی قەبەغڵوو کە وەک فەرماندەرێک لێزان ئەرکەکانی بەڕێو دەبرد، بەسەختی بریندار بوو، بەڵام پاش سارێژبوونەوەی برینەکەی بە ورە و ئیمانێکی پترەوە گەڕایەوە سەنگەری  خەبات‌ و چالاکانەتر لە پێشوو ئەرکەکانی گرتنەوە ئەستۆ. 
شەهید عومەر لە شەڕەکاندا هەمیشە سەنگەری پێشەوەی دەگرت ‌و ورەی هاوسەنگەرانی پتر بەرز دەکردەوە و بارانەی گوللەی بەسەر دوژمناندا دەباراند و کونەمشکی لێ دەکردنە قەیسەری. فیداکاری، لەخۆبوردوویی، زیرەکی و گیان‌لەسەردەستیی عومەر مرادی بوو بەهۆی ئەوەی بەرپرسایەتی گرینگتری پێ بسپێردرێ ‌و ئەرکی قورستر بخرێتە سەرشانی. هەربۆیە لەلایەن کۆمیتەی شارستان و هێزە وە بایەخی زۆرتری پێ درا و وەک فەرماندەری لک دیاری کرا. شەهید عومەر لەو بەرپرسایەتییەشدا ڕووسوور و سەربەرز هاتەدەر. ئەو بە نەزم ‌و بەدیسیپلینەکەی، بە هەڵسووڕی و دڵسۆزییەکەی و لێوەشاوەیی لە گەڵالەدارێژی عەمەلیاتیدا ببەەوە فەرماندەیەکی بەزیپک‌وزاکوون و سەرکەوتوو لە کاری پێشمەرگانەدا.
ڕۆژی یەکی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هێزێکی زۆر و پۆشتە و پەرداخەوە هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر گوندی "سماقڵوو" هێنا. پێشمەرگە قارەمانەکانی ‌هێزی عەزیزی یوسفی بەرەنگاری هێزی کۆنەپەرەستی بوونەوە و زەبرێکی قورسیان لە دوژمن وەشاند. لێ مخابن لە گەرمەی ئەو شەرە نامەرانبەرەدا گوللەی هێزی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی سینگی کوڕی خۆرەتاویان پێکا. فەرماندە عومەر مرادی دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بە جەستە کۆڕی خەبات و هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت، بەڵام ناو و یادی بۆ هەمیشە زیندوو مانەوە.
لەهەر شوێنێكدا پێشمەرگە هەیە
حەج لەوێ بكەن ئەوێ كەعبەیە
تەنیا پێشمەرگە.. ئازا و گەورەیە
هەم پێشمەرگەیە و هەم سەركردەیە
سنگی سەنگەرە و دڵی لووتكەیە
چاوی هاوەنە و پەنجەی گوللەیە