ئاسۆ مینبەری
شۆڕشی ژینا لە جۆری خۆیدا دەکرێ وەکوو بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووی ڕزگاریخوازانە بە دەسپێشخەریی ژنان چاوی لێ بکرێت. بزووتنەوەیەک کە ئەگەرچی خاڵی لاوازیشی تێدا هەبوو، بەڵام توانیی کۆدەنگییەک دژی ڕێژیمی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی دروست بکات و ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ئێراندا.
ئەوەی کە قەت ناکرێ نکۆڵیی لێ بکرێت، قورسایی خەباتەکە لەسەر شانی کوردستان و کوردستانییان بوو، لە ڕاستیدا ئاخێزگەی ئەم شۆڕشە کوردستان بوو و هەربۆیە لە کوردستانیشدا نرخی زیاتری بۆ درا. ڕاستە کە لە باقی شارەکانی ئێراندا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام بوو، بەڵام جیاوازبوونی خواست و داواکارییەکان وای کرد کە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بەرەو ئاقارێکی دیکە بڕۆن و فۆکووسی ناڕەزایەتییەکان زیاتر لەسەر ویست و خواستی نەتەوەیی و نیشتمانی بێ، بەپێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ناوەندی ئێران کە لە لابردنی سەرپۆش و ئازادیی پۆششدا قەتیس مابۆوە.
ئەو تێچووەی کە لەلایەن کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە بۆ شۆڕشی ژینا درا و ئەو هەموو گیانبازییەی کە لە شەقام و کۆڵانەکانی کوردستاندا بینرا، بێگومان شیاوی ئەوە بوو کە لەلایەن ناوەندە گرینگەکانی جیهانەوە ببیندرێت و ڕێزی لێ بگیردرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێشکەش کرا، ئەم ڕەخنەیە زۆر گیرا کە بۆچی لە نێوان بەربژێرەکانی ئەم خەڵاتە جیهانییەدا، ژنانی کورد هیچ پشکێکیان بەر نەکەوتبوو، ئەمە ڕەخنەیەکی بەجێ بوو، لە ڕاستیدا کوردستان چەندین ساڵە کە لە بەرەی شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی تاراندایە، ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی کورد هەن کە ساڵانێکە لەلایەن ڕێژیمی ئیرانەوە وەک "ئەوی تر" دەناسرێن، لە زیندان دەخرێن، ئەشکەنجە دەدرێن، حوکمی قورسیان بەسەردا دەسەپێ و مافەکانیان پێشێل دەکرێ، هەوڵەکانی ئەوانیش لە چوارچێوەی مافەکانی خۆیان وەکوو ژن و مرۆڤ بووە و نەک جیاوازییان لەگەڵ باقی ژنانی جیهان نییە، بگرە زۆر زیاتر لەوانیش قوربانییان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان و سەقامگیرکردنی ئاشتی دابێ، نموونەی لەو چەشنە زۆرن، زەینەب جەلالیان، موژگان کاوسی، زارا محەممەدی، ژینا مودەڕس گورجی و بە دەیان ژنی دیکە. بەڵام لە نێوان هەموو ئەوانەدا، نەرگس محەممەدی وەکوو براوەی خەڵاتەکە دیاری دەکرێ کە بێگومان نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی هەموو ژنانی ئێران و بەتایبەتیش ژنانی کورد و داخوازییەکانیان بکات؛ سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کۆمیتەی ئاشتیی نۆبڵ نووسیبووی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی نیشاندەری چالاکییەکانی نەرگس محەممەدییە! دروشمێک کە لە کوردستانەوە و لە دژکردەوە بە سیاسەتی ژنکوژیی ڕێژیمی ئێران سەری هەڵدا و بە قوربانیبوونی ژینا، کچە کوردی خەڵکی سەقز دەستی پێ کرد و لە ڕاستیدا ئاخێزگەی ئەم دروشمە کوردستان بوو و دەسپێشخەرەکانیشی هەر ژنانی کوردستان بوون! ڕەنگە تا ئەو کاتەی کە چەخماخەی شۆڕشەکە نەگەیشتبێتە تاران و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نەکرابێ بە "زن، زندگی، آزادی" نەکهەر نەرگس محەممەدی، زۆر کەسی دیکەش ئەو دروشمەیان هەر نەبیستێ! ئەمە غەدرێکی گەورەیە، بەتایبەت لە ژنانی کوردستان، ژنانێک کە بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتدارەتی کۆماری ئیسلامی ستەمی نەتەوایەتی و ڕەگەزییان بەرانبەر کراوە و بە هەموو شێوازێکیش بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان نرخیان داوە. ئەگەرچی بەشێک لەم ڕەخنەیە دەکەوێتەوە سەر کەسایەتییە کوردستانییەکان کە لە دەرەوەی وڵاتن و دەیانتوانی لانیکەم لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، کاری باش بۆ هێنانە گۆڕێی پرسی ژینا و بزووتنەوەی ژینا و ناساندنی ئەم شۆڕشە بە جیهان بکەن و بەداخەوە هەوڵی پێویستیان نەدا.
ڕۆژی پینجشەممە، ٢٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ، یەکیەتیی ئورووپا خەڵاتی ساخارۆفی پێشکەش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد. بەپێچەوانەی کۆمیتەی نۆبڵ، سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا لە کاتی ڕاگەیەندنی براوەی خەڵاتەکە گوتی ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکرێ بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بۆ ڕێزگرتن لە هەموو ئەو کەسانەی کە گیانیان بۆ ئازادی فیدا کردووە".
یەکیەتیی ئورووپا بە دانی ئەم خەڵاتە بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و لە کاتێکدا کە ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا هەوڵ دەدا بیری جیهان بۆ لای کێشەکانی دیکە ڕابکێشی و بە نهێنی و ژێربەژێر سەرکوتکارییەکانی خۆی لە نێوخۆ درێژە پێ بدات، بۆ جارێکی دیکە سەرنجی جیهانی بۆ لای شۆڕشی ژینا و ڕووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو ڕاکێشایەوە، ئەم خەڵاتە توانیی بیسەلمێنێ کە پرسی ژینا و پرسی کوردستان کۆتاییان پێ نەهاتووە و وەکوو دەسکەوتێکی مەزنی ئەم بزووتنەوەیە چاو لەم خەڵاتە دەکرێت.
ژینا نموونەی بەرچاوی قوربانیبوونی ژنی کوردە، جیاوازیی خەڵاتی نۆبێلی ئەمساڵ و خەڵاتی ساخارۆف ڕێک لەوەدایە کە ژینا لە مەهسا جیا دەکاتەوە، ڕێز لە خەباتی ژنی کورد دەگرێت و قوربانیدان و گیانفیداییشی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیدا، بەنرخ دەزانێت.
خەڵاتی ساخارۆف لە ڕاستیدا خەڵاتێکە بۆ کوردستان و بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەپێناو دەستەبەرکردنی یەکسانی و دادپەروەری و سەربەستیدا گیانیان بەخشی، قوربانییان دا و ئامادەنەبوون چۆک دابدەن.
مەودای نێوان ئەو دوو خەڵاتە زۆرە، هەروا کە مەودای نێوان ژینای ئێمە و مەهسای ئەوان زۆر بوو!