کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە زاهیدان؛ ژمارە دەسبەسەرکراوان گەیشتە ١٢٨ کەس

10:29 - 9 رەزبەر 2723

لە یەکەمین ساڵیادی ناڕەزایەتییە خوێناوییەکانی زاهیدان و سەرەڕای کەشی توندی ئەمنی، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٨ی ڕەزبەر، بۆ دووەمین شەو لەسەر یەک ناڕەزایەتییەکان لە زاهیدان بەردەوام بوو و کۆمەڵێک کەسی ناڕازی ئاگریان کردەوە و دروشمیان دژی کۆماری ئیسلامی بەرز کردەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆگەلەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، خۆپیشاندەران لە چەندین گەڕەکی زاهیدان بە ئاگرکردنەوە ڕێگاکانیان لەسەر هاتنی هێزەکانی ڕێژیم داخست و بە کۆبوونەوە و دروشمدانی وەک ''نەمان بۆ خامنەیی'' خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ماڵپەڕی ''حال وەش'' کە ڕووداوەکانی بەلووچستان ڕووماڵ دەکات، باسی لەوە کردووە کە هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و گازی فرمێسکڕێژیان هاویشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، لانیکەم ١٢٨ کەس لە شارومەندانی بەلووچ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵڕۆژی هەینیی خوێناوی لە شارەکانی زاهیدان، خاش، میرجاوە و چابەهار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

شەوی شەممە لە حاڵێکدا خۆپیشاندان بەڕێوە چوو کە بەشێکی زۆری بازاڕ و فرۆشگەکانی شارەکانی زاهیدان، چابەهار و نۆبەندیان، ڕۆژی شەممە بەبۆنەی ساڵڕۆژی هەینیی خوێناوی مانیان گرت.

ڕۆژی هەینی ٧ی ڕەزبەر، خەڵکی زاهیدان، خاش، ڕاسک و چەند شاری دیکەی بەلووچستان دوای نوێژی هەینی بە دروشمدان ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و بەهۆیەوە ٢٩ کەس، لەوانە ٨ منداڵ بریندار کران.