کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان: لە شەڕەکەی مەخمووردا شەهید و بریندار لە هەردوولا کەوتەوە

10:08 - 1 خەزەڵوەر 2723

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانیان لەگەڵ هێزێکی سوپای عێراق لە مەخموور بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکە، "شەهید و بریندار لە هەردوولا کەوتەوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، ڕووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخمووردا ڕوویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە."

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، "پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دووپات دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ڕیشەیی و بەردەوام کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدی بهێنێت."

هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەیدا سەرۆکایەتیی ئەرکان پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە ڕووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" دەربڕیوە.

کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هاتە ئاراوە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید و ١١ی دیکەش بریندار بوون. باس لەوەش کرا کە ١٢ سەربازی عێراقی کوژراون و بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دۆخەکە ئارام بووەتەوە و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاستی باڵادا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەسەر هێڵن.