کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ٦ وڵاتی جیهان: ئیسرائیل مافی بەرگری لە خۆی هەیە

11:37 - 1 خەزەڵوەر 2723

شەش سەرکردەی وڵاتانی زلهێزی جیهان، لەوانە سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی کانادا، سەرۆککۆماری فەڕانسە، سەدری ئەعزەمی ئاڵمان و سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا و بریتانیا سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

ئەم ڕێبەرانە پاش ڤیدیۆکۆنفڕانسێک لەگەڵ جۆ بایدێن، پشتیوانیی خۆیان لە ئیسرائیل بۆ مافی بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر تێرۆریسمدا دەربڕی و خوازیاری پێبەندی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت بەرگری لە گیانی خەڵکی مەدەنی بوون.

ئەو ٦ سەرکردە، ڕەزامەندیی خۆیان سەبارەت بە ئازادکردنی ٢ دیلی ئیسرائیلی دەربڕی و خوازیاری ئازادیی هەموو بەدیلگیراوانی ژێردەستی حەماس بوون.

هەروەها پێبەندبوون بەوەی کە بە هاوئاهەنگیی یەکتر پشتیوانی بکەن لە هاووڵاتییانی خۆیان لە ناوچەکە، بەتایبەت ئەوانەی کە داواکاری چوونەدەرەوە لە غەززەن.

ئەوان لە درێژەدا پێشوازییان لە گەیشتنی یەکەمین کاروانی مرۆیی بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە کرد. هەروەها پێبەند بوون کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆیان لە ناوچەکە لە دەستپێڕاگەیشتنی بەردەوام و ئەمن بە خۆراک و ئاو و پێداویستییە پزشکییەکان و لەو جۆرە پێداویستییە مرۆییانە، دڵنیا بن.

لە کۆتایشدا ئەم ٦ سەرکردە، پێبەند بوون کە بە هاوئاهەنگیی نزیکی دیپلۆماتیک بەتایبەت لەگەڵ هاوپەیمانانی سەرەکیی خۆیان لە ناوچە، بۆ بەرگری لە تەشەنەی شەڕ و گرژی و  پاراستنی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵ بدەن، هەروەها لە کارکردن بۆ چارەسەرێکی سیاسی و ئاشتییانەی هەمیشەیی بەردەوام بن.