هاوڕێ محەممەد خان ئەفەندی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێ زانیارییەکانی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ۱ی خەزەڵوەری ۱٤۰۲ی هەتاوی، هاوڕێ محەممەد خان ئەفەندی، ناسراو بە "لالە حەمەخان" کوڕی مەولوود، لەدایکبووی ساڵی ۱۳۱٨ی هەتاوی و خەڵکی ئاوایی نەوبەهاری ناوچەی دیواندەرە، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کوچی دوایی کرد و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی حیزب و گەلەوە.
هاوڕێ محەممەد خان ئەفەندی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۵٨وە پێوەندیی بە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی دیواندەرەوە کرد و وەک پێشمەرگە لەو هێزە سازمان درا.
ناوبراو لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی کردووە، وەک: هێزی شەهیدانی دیواندەرە، مەڵبەندی ۲ی کوردستان، پێوەندییەکانی حیزب و ناوەندی ۱ی کوردستان. هەروەها لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لەلایەن ئۆرگانەکانی حیزبەوە تەشویق و خەڵات کراوە.
لالە حەمەخان بێجگە لەوەی بۆ خۆی پێشمەرگە بوو، کوڕێکیشی بە ناوی حوسێن ئەفەندی لە هێزی شەهیدانی دیواندەرە پێشمەرگە بوو کە لە شەڕێکی قارەمانانەدا ڕۆژی ۲٥ی گەلاوێژی ساڵی ٦۱ لە ناوچەی هۆبەتووی دیواندەرە بە برینداری بەدیل گیرا و و دواتر ڕێژیم لەسێدارەی دا و شەهید بوو.
لالە حەمەخان سیمایەکی ناسراو و خۆشناوی ناوچەی دیواندەرە بوو و وەک کەسایەتییەکی جێ متمانەی خەڵکی ناوچە ناسرابوو.
بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا زیاتر بژی تاکوو ئازادیی نەتەوە و نیشتمانەکەی ببینێت و سەرەنجام ڕۆژی ۱ی خەزەڵوەر کوچی دوایی کرد و لەنێو خەم و پەژارەی هاوڕێیانیدا لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک محەممەد خان ئەفەندی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هاوڕێ و هاوڕێبازەکانی دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.