ناسر ساڵحیئەسڵ
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بەدوای ئەودا کاردانەوەی بەرین و بەربڵاوی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر كەرتی غەززە، بۆ جاریكی دیكە كێشەی فەلەستین- ئیسرائیلی كردەوە بە سەرتیتری هەواڵدەرییەكانی جیهان.
بۆ هەر شەڕ و كێشەیەك دەتوانین هۆكار و ئەنگیزە و ئامانجگەلێك لە بەرچاو بگرین. هەربۆیە ڕەنگە بۆ زۆر كەس و لایەن ئەو پرسیارە ساز بێ كە چ هۆكارگەلێك حەماسی لەو كات و ساتەدا بۆ دەستپێشخەری بۆ ئەو شەڕە هان دا؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێ لەسەر سێ هۆکاری سەرەکی ورد بینەوە:
یەکەم، دوا پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان دوو ساڵ لەوە پێش بوو کە لە كەرتی ڕۆژئاوای فەلەستین ڕووی دا. بەشێك لەو پێكدادانە لەسەر زەوی و چوڵكردنی خانووەکانی عەڕەبەكانی ڕۆژهەڵاتی بەیتولموقەدەس (ئورشەلیم) بوو. بەپێی یاسای پەسەندكراوی ئیسرائیل سەبارەت بە زەوی و خانووكانی ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم، ئەو زەوی و خانوویانەی پیش ساڵی ١٩٤٨ی زایینی، ئەگەر جوولەكەیەك ئیدعا و داوای خاوەندارەتیی بکا، دەبێ بە جولەكەكان بدرێتەوە! بەڵام ئەگەر عەڕەبیك داوای ئەو زەوی و خانوویانە بكاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەڵگە و سەندیشی هەبێ پێیان نادرێتەوە! ئەوە و زۆر بابەتی دیکە لەسەر پرسی خاک و زەوی یەك لە كێشە و ئاڵوزییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكانە كە چارەسەركردنی زۆر دژوارە. هەروەها هێرشی ئیسرائیل لە مانگی ڕەمەزان بۆ سەر مزگەوتی ئەلئەقسا، هۆكاریكی دیكە بوو بۆ هێرشی حەماس بۆ توڵەكردنەوە. هەر ئەوەش بوو کە حەماس هێرشی ١٥ی ڕەزبەری ناو ناوە "گەردەلوولی ئەلئەقسا".
دووهەم، پرسی پڕۆسەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لە نیوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەڕەبی و بە تایبەت ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكان لە نێوان عەڕەبستان و ئیسرائیل بوو. پڕۆسەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ عەڕەبستان بۆ ئیسرائیل و تەنانەت بۆ ئامریكاش زۆر گرینگە؛ بەشێکی ئەو گرینگییە بۆ جێگە و پێگەی وڵاتی عەڕەبستان لە نێو وڵاتانی عەڕەبی و موسوڵماندا دەگەڕێتەوە. ئیدارەی بایدن پێشتر ڕایگەیاندبوو كە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان عەڕەبستان و ئیسرائیل لە كۆتاییەكانی ٢٠٢٣ و سەرەتای ٢٠٢٤ بەئاكام دەگات. ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لە نیوان عەڕەبستان و ئیسرائیل بووە هۆی نیگەرانی فەلەستینیەكان، چونکی بەمجۆرە ئەوان خۆیان لە پەراوێزی کێشەکانی ناوچەدا دەدیتەوە و حەماس لەپێناو مەرامە ئیدۆلۆژیکییەکانیدا ئەوەی قۆستەوە.
لێرەدا پێویستە بۆ ڕوونبوونەوەی بیروباوەڕی حەماس، ئاماژە بە خاڵێكی گرینگ بكەین و ئەویش ئەوەیە گرووپی حەماس لە ڕوانگەی بیر و باوەڕەوە نزیك لە میحوەری ئیخوانولموسلمینە. واتا لە قەتەر و توركیە نزیكترە تا عەڕەبستان! پاش ڕووداوەكانی بەهاری عەڕەبی، كێبەركێی لە نیوان ڕوانگە و میحورەكانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین سەری هەڵدا كە بریتی بوون لە:
ئا: ڕوانگەی ئیخوانولموسلمین بە ڕێبەریی قەتەر و توركیە.
ب: ڕوانگەی بەرەی مێحوەری موقاومەت، بە ڕێبەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
پ: ڕوانگەی بەرەی نەریتخوازەكان، بە ڕێبەریی عەڕەبستان و ئیمارەتی یەكگرتووی عەڕەبی.
لە كەرتی غەززە گرووپی حەماس لە بواری بیروباوەڕەوە لە بەری ئیخوانییەكان نزیكە و گرووپی جیهادی ئیسلامی لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی نزیكتر بووە. هەربۆیە ئەو دوو گرووپە هەرگیز نەیانتوانی لە كەرتی غەززە هەڵبژاردن بۆ شووڕاكان و پارلمان بكەن! دیتمان و بیستمان كە لە كاتی موشەكبارانكردنی نەخوشخانەی ئەهلی غەززە، قامكی تاوان بۆ جهادی ئیسلامی درێژ كرا نەک بۆ حەماس! چونكە وڵاتانی ڕۆژئاوا باش دەزانن و ئاگادارن کە لە كاتی شكان و دۆڕاندا ئەو جنایەتانە هەر لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی دەوەشێتەوە کە خەڵكی بێتاوان دەكاتە قوربانیی سیاسەتی چەوت و مرۆڤكوژییەكانی خۆی.
لەبەر ئەوەش کە وڵاتی قەتەر لەلایەك ڕکابەری ناوچەیی عەڕەبستانە و لەلایەكی دیكەوە لەسەر كێشەی فەلەستین و لیبی و لەسەر دەریای دەریای سووریش ڕوانگەی جیاوازی هەیە، كەوابوو ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی عەڕەبستان و ئیسرائیل هەم بۆ حەماس و هەم بۆ قەتەر شتێكی گرینگ و خاڵێكی وەرچەرخان دەبێ لە سیاسەت و هەڵویستیان. لە واقیعدا دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەو ئاساییكردنەوە و دروستبوونی پێوەندییەکانی ئیسڕائیل و عەڕەبستان سەر بگرێ، جۆریك بڕیاڕنامەی ٢٤٢ی ئەنجومەنی ئاسایسی نەتەوە یەکگرتووەکان سڕ دەکرێ و ئەگەری وەدیهاتن و دامەزراندنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین كاڵ دەبێتەوە. بە مانایەکی دی هاوکێشە نوێیەکانی پێوەندیی نێوان عەڕەبستان و وڵاتانی عەڕەبی لەگەڵ ئیسرائیل دەبێتە جێگرەوەی بڕیارنامەی ٢٤٢ كە پشتیوانی لە دروستبوونی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین لە دراوسێیەتیی یەکتردا دەکا. بۆیە ئەو دۆخە نوێیە و پرسی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان هەم زۆر گرینگ و جێگای تێڕامانە هەم بەرەی ئیخوانەکان و مقاومەتی بەتەواوی تووڕە كردبوو.
دیارە پڕۆسەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی وڵاتانی عەڕەبی هەر لە مەراكێش تا بەحرەین و سوودان و بە عەڕەبستانیشەوە بەرهەمی پڕوسەیەكی درێژخایەنی پێوەندییە بازرگانی و گشتیارییەكانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل بووە. بۆیە ئەم پڕۆسەیە بەهۆی ئەم شەڕەوە کە حەماس هەڵیگیرساندووە ڕەنگبێ لە كورتماوەدا ڕابگیرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە دیسان ڕەوتی خۆی دەست پێ دەکاتەوە. چونكە عەڕەبستان و بە تایبەت محەممەد بن سلمان، شازادەی جێنیشینی عەڕەبستان لەسەر ئەو باوەڕەیە ئاساییكردنەوەی پیوەندییەكان دەسکەوتێکی گەورەی بازرگانیی بۆ وڵاتەکەی دەبێ و دەیکاتە میحوەری سەرەکی بۆ وڵاتانی عەڕەبی و ناوچە و ڕۆژهەڵاتی ناڤین. هەروەها هەلومەرجێکی لەبار و سەقامگیریی ئابووری بۆ بەدیهێنانی دوورەدێمەنی ٢٠٣٠ بۆ شانیشینی عەربستان دەڕەخسێنێ. لەم ڕووەوە ئەگەرچی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە كورتماوەدا ئەگەری كاریگەریی نەرینیی لەسەر ئەو دۆخە بووە، بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی عەڕەبستان و ئیسرائیل نامێنێ.
هاندەری سێهەم بۆ هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، كێشە نێوخۆییەكانی ئیسرائیل بوو. وەك دەزانین چەند مانگیكە كێشە و ململانە سەبارەت بە گەڵاڵەی دەزگای دادوەری بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵات و سەڵاحییەتەكانی دادگای باڵای ئیسرائیل لە مەڕ ڕەتكردنەوەی پەسەندكراوەكانی پارلمان لە وڵاتی ئیسرائیل لە ئارادایە. لەلایەكی دیكەوەی ئۆپۆزیسیونی دەوڵەتی نەتانیاهوو بەتوندی لە دژی ئەو گەڵاڵەیەن و بە خۆپێشاندان، مانگرتن و هەڕەشەی ئیفلیجكردنی دەوڵەت، لە هەمبەر ئەو گەڵالەیە وەستاونەوە، واتە سیاسەتەکانی نەتانیاهوو بەكردەوە خەڵكی ئیسرائیلی دوو كەرت كردبوو. خوپێشاندانی بەردەوام، دروستبوونی كەلێن لە نێوان خەڵك و دەوڵەت، لاوازبوونی دەوڵەتی نتانیاهوو، هاوکات كەلێنی گەورەی لە نێو ناوەندە ئەمنیەتییەکان و هێزە نیزامییەكاندا دروست کردبوو و تەنانەت فەرماندەكانی هێزی هەوایی و هێزە زەخیرەكان هەڕەشەی خزمەتنەكردن و كشانەوەیان لە ئەگەری پەسەندكردنی ڕێفورمی دەزگاری دادوەری لە دەوڵەتی نتانیاهوو دەكرد.
بۆیە بەپێی ئەو هەلومەرج و هۆكارانە ڕێكخراوی حەماس بەو كۆبەندە گەیشتبوو كە بە هۆی بارودۆخی نێوخۆیی ئیسرائیلەوە، ئیستا باشترین کات بۆ هێرشێکی نەکاوە، چوونكە ئیسرائیل ناتوانی دژكردەوەیەكی توند و یەكگرتووانەی هەبێ. بەڵام پێچەوانەی ئەو لێکدانەوەیە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نەک نەیتوانی كەلێن و قەڵەشتەکان لە نێو ئوپوزیسیون و دەوڵەتی نتانیاهوودا بەرین و هەراوتر بکا، بەڵكوو لانیکەم بۆ کاتییش بووبێ یەكیەتی و یەكگرتووییی زیاتری دەوڵەت و ئوپوزیسیونی لە وڵاتی ئیسرائیلی لێ كەوتەوە و ئیسرائیل بە توندترین شێوە وڵامی هێرشی حەماس دایەوە.
ڕای زۆربەی چاودێرانی سیاسی ئەوەیە کە حەماس تووشی هەڵەیەكی ستراتێژیک و مێژوویی بوو، یان تووش كرا. هەڵەیەک کە لەو سۆنگەیەوە هەم گەلی فەلەستینی لە بوون بە كیان و دەوڵەتیكی سەربەخۆ دوور خستەوە، هەم مەترسیی لەسەر نەمان و فەوتانی خۆی لە كەرتی غەززەدا دروست کردوە. هەڵەیەكی دیكەی حەماس ئەوە بوو كە پێی وابوو ڕووسیە و ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لەو شەڕە تێوەدەگلێن! بەڵام سیاسەتی ڕوسیە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەسەر هاوسەنگی هێز لە نیوان وڵاتانی ناوچەكە بنیات نراوە. واتا ڕوسیە هەم دۆستی ئیسرائیل و هەم دوستی فەلەستینە! وەك چون ڕووسیە لە سووریە هرگز وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیلی بۆ سەر گرووپە تێرۆریستییەكانی ڕێژیمی ئێرانی دوستی، نەداوەتەوە و تەنانەت مەحکوومیشی نەکردوە. بۆیە لە ئاستی هەڵەی حەماسیشدا جووڵەیەکی ئەوتۆی نابێ و بگرە ئەو شەڕە دەرفەتێک بۆ هەناسەدان بۆ ئەو بوو، و لەو سۆنگەیەوە شەڕی ئۆکڕاین خراوەتە پەراوێزەوە و سەرنجەکانی لەسەر لاچووە.
حەماس لەبارەی ئێرانیشەوە هەڵەی کرد، چونکی ئامانجێکی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لەو شەڕەی بە حەماس کردی، تۆڵەکردنەوە لە ئیسڕائیل بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستە ئەمنیەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی لە دەستی مووساد بوو. کۆماری ئیسلامیی پێویستیی زۆری بە شکاندنی هەیمەنەی نیزامی و هەواڵگریی ئیسڕائیل بوو و ئەو ئامانجەی بە حەماس پێکا. بۆشی گرینگ نییە زیان و خەسارەکانی ئەو شەڕە بۆ حەماس و خەڵکی فەلەستین چی و چەند دەبێ، لەڕاستیدا ئەوەی لەو نێوەدا جارێکی دیکەش بۆوە قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی مەدەنی و بزووتنەوەی بەرحەقی گەلی فەلەستینە کە لە نێو دوو بەرداشی توندڕۆیی حەماس و سیاسەتی هێژمۆنیخوازیی کۆماری ئیسلامیدا ورد و خاش دەبن.
لە بارودۆخی ئێستاشدا دوو ئەگەر هەیە. ئەگەر ئیسڕائیل لەسۆنگەی ئەو گوشارانەوە لەسەری دروست بوون ئاگربڕ قبووڵ بکا ئەوا ئێران ئەمە بە گەورەترین سەرکەوتن دەبینێ و تۆڵەیەکی گەورەی لە ئیسڕائیل کردۆتەوە و خامنەیی گوتەنی شکستێکی تووشی ئیسڕائیل کردووە کە قەت ناتوانێ لە بەری هەستێتەوە. بەڵام ئەگەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوام بێت و بەتایبەت هێرشی زەمینییش بکاتە سەر غەززە، کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن بە تێداچوونی نیزامیی حەماس یان لاوازبوونی هاوپەیمانیی بەناو مقاومەت ناچار بە دەستێوەردانی زیاتر دەبێت. بەوەش ئەگەری تێوەگلانی وڵاتانی ناوچەیی و بەو پێیە دەستوەردانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی ئیسڕائیلیش زیاتر دەبێت. ڕۆژ و حەوتووەکانی داهاتوو بەرچاوڕوونیی زیاتر لە یەکلابوونەوەی ئەو دۆخە بەدەستەوە دەدەن.