کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و شەڕی حەماس و ئیسرائیل

10:26 - 2 خەزەڵوەر 2723

ڕەزا دانشجوو

دەگێڕنەوە دوو لەو گۆرانیبێژە بیانیانە بە نایاسایی بەنیازبوون بچنە نێو ئێرانەوە، بریکارەکانی ڕێژیم بە جۆرێک لە جۆرەکان بە هاتنی ئەوانیان زانیوە و ویستوویانە دەستبەسەریان بکەن. هەواڵی هاتنی ئەو گۆرانیبێژانە و دانانی بریکار بۆ دەستگیرکردنیان بەخێرایی لە شارەکەدا بڵاوبووەوە. خەڵک کە هەمیشە کونجکۆڵ بوون، زۆر زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە مۆبایلەکانیان دەستیان کرد بە تۆمارکردنی ئەم ڕووداوە مێژووییە. دوای ماوەیەکی کەم ئەفسەرەکان ئەو دوو گۆرانیبێژەیان دەستگیرکرد و بەناو خەڵکەکەدا تێپەڕین و ویستیان سواری ئۆتۆمبێلەکەیان بن. دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو، خەڵک لە دوو لاوە وەستابوون و هەریەکەیان بە پشتبەستن بە شێوازی بیرکردنەوەی خۆیان لە بەرژەوەندیی کەسێکدا چەپڵەیان لێ‌دەدا و دروشمیان دەدا. هەندێک کەس هانی گۆرانیبێژانی ئەودیویان دەدا و بەشێک لە گۆرانییەکانیان دەخوێندەوە بۆ ئەوەی هاوسۆزییان لەگەڵدا بێت. وەک هەمیشە هەندێک کەس پشتیوانی و سوپاسی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییان دەکرد. لەنێو دروشمی بژی و مردن، کەسێک خۆی فڕێ دایە نێوەڕاست و دەستی کرد بە هاوارکردن: ئێمە سێ کەسەکە بۆ کوێ دەبەن، بۆچی ئێمە سێ کەستان گرتووە، چیتان دەوێت لە ژیانی ئەو سێ کەسەمان!

لە ئێستادا حەماس وەک هێزێکی نیابەتیی کۆماری ئیسلامی ئەرکی خراوەتە سەر شان کە شەڕێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەلگیرسێنێ. ئەمەش لە چل‌وچوار ساڵی شەرمەزاریدا، گرینگترین سیمای ڕێژیم بووە. بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان تاکە کلیلە بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخە نەخوازراوەکان. لە ڕاستیدا ڕێبەرانی ڕێژیم ناتوانن کاریگەرییان لەسەر خەڵکی ئێران هەبێ و پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی ئازاد دابمەزرێنن، هەمیشە کاتێک کێشەی نێوخۆیی و ناوچەیی هەیە، تەنیا بژاردەیان ئەوەیە کە نائەمنی لە جوغرافیای دەوروبەریاندا دروست بکەن. عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنان، فەلەستین و هتد هیچ جیاوازییەک دروست ناکەن. گرنگ ئەوەیە بۆ ماوەیەک سەرنجەکان بۆ شوێنێکی تر ڕابکێشیت. ئەوەی کە ئەم قەیرانە بە نرخی گیانی هەزاران کەسی بێتاوان و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس کۆتایی دێت، بۆ ڕێژێم هیچ بایەخێکی نییە.
خامنەیی بە نیگەرانی لە ئەگەری ئاشتی نێوان سعودیە و ئیسرائیل کە دەتوانێت هاوکێشەکانی ناوچەکە بەتەواوی بگۆڕێت، شەڕی غەززەی دەست پێ کرد. کۆماری ئیسلامی و ئاسایش و ئاشتی هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە. لە بنەڕەتدا ئاشتی و دۆستایەتی هیچ لێک‌نزیکبوونەوەیەکیان لەگەڵ پێوەرەکانی دیکتاتۆرەکاندا نییە.
ڕێژیم لە دەیەی پێنجەمی حوکمڕانیدا بە دەست چەندین قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنێت و هیچ بەدیلێکی بۆ دەربازبوون لەو دۆخەش نییە. پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و دابڕانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی کۆماری ئیسلامیی گەیاندووەتە لێواری داڕمان. لە کاتی ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینادا ئەم لاوازییە بەباشی خۆی نیشان دا و ئەم بۆشاییە قووڵەی نێوان حکوومەت و خەڵک بەڕوونی دیار بوو.
لە بواری دەرەکیشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مشتێک دۆلار دانوستان دەکات و هەموو نۆرمەکانی دەبەزێنێت، بۆ ئەوەی لانیکەم لە کورت‌خایەندا بتوانێت کەمێک بارودۆخی ئابووریی پشێوی خۆی چاک بکاتەوە.
نزیک‌بوونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە مانای کۆتایی‌هاتنی تیۆری ئیسڕائیل-فۆبیا و دوژمنی خەیاڵی دێت. کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێکە لە پشت دروشمی ڕزگارکردنی ئەلقودسەوە خۆی بە بەرگریکاری دۆزی فەلەستین وێنا کردووە، ئێستا ئەم دۆخە لەرزۆک دەبینێت. لە ڕاستیدا ئەو دەسەڵاتەی ساڵانێکە لە پشت کۆمەڵێک نۆرمی ساختەوە شاردراوەتەوە، ئێستا کە پەردەکان لابراون، وەک چیرۆکی بەناوبانگی هانس کریستیان ئەندەرسۆن، ڕووتی و ڕووتییەکەی زیاتر لە جاران ئاشکرا بووە.
هەر لە سەرەتای شەڕی غەززەوە حیزب و گروپە ئیسلامییەکان کە بەداخەوە زۆرینەیان لەژێر کاریگەریی کۆماری ئیسلامی و دۆستانی و ڕێژیمی تورکیەدان، وەک ئەوەی بەشێک لە خاکەکەیان داگیرکرابێت، چوونەتە نێو هەڵمەتەکەوە. ئەو لایەنانەی کە لە کاتی هێرشی داعشدا نیشانیان دا کە چەندە کلکەی دوژمنانی سوێندخواردووی کوردن، هەر ئەوانەی تا دوا ڕۆژیش ئامادە نەبوون داعش بە دەستدرێژکار ناو ببەن.
هەرچەند نابێ چاوەڕوانیی زیاترمان لەو گرووپانە هەبن کە ساڵانێکە لە ڕووی داراییەوە لەلایەن ڕێژیمەوە دابین دەکرێن و هیچ گومانێک لە دڵسۆزییان بۆ کۆماری ئیسلامی و دۆستایەتیان لەگەڵ ڕێژیمی تورکیەدا نییە، بەڵام بەداخەوە کە لەژێر کاریگەری ئەم ڕەوتانەدا زۆر کەس سەریان لێ شێواوە و هەروەها شوێنیان کەوتوون.
هاوشانی لایەنگرانی بزووتنەوەی حەماس، بەداخەوە ڕەوتی دووەمیش هەیە کە هەر لە سەرەتاوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ئیسرائیل دەکات و پێ‌بەپێی هێرشە نیزامییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی شەڕ هاواری سەرکەوتن دەڵێت!
ئێستا پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە کورد لەم ململانێ مێژووییە لەکوێیە؟ کەی و لە کوێ حەماس یان عەرەبی موسڵمان و ئیسرائیل لەگەڵ گەلی کورد بوون؟ لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان، هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردەکانی سووریە، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و هەڕەشەکانی لایەنە کوردییەکان، عەرەب و ئیسرائیل جگە لە تەماشاکەرێکی سادە چ ڕۆڵێکیان هەبوو؟ لەبیرمان نەچێت لە زۆر حاڵەتیشدا پشتگیرییان لە دەستدرێژکار کردووە! بێدەنگ بوون یان لە باشترین حاڵەتدا خۆیان لە لێدوانێکی چەند دێڕی ئیدانەکردندا سنووردار کردووە.
ئەم نەخۆشییە کوشندەیە چییە کە کورد هەمیشە خۆی بە بەشێکی هاوکێشە سیاسییەکان دەزانێت؟ هەر لە هەڵبژاردنی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکاوە تا شەڕی غەززە!
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم زیادەڕەوییە جگە لە بێزاری و قووڵبوونەوەی دووبەرەکیی سیاسی لە کوردستاندا هیچی دیکەی بەدەست نەهێناوە. حەماس گرووپێکی نیابەتیی سەر بە ڕێژیمە و ئێستاش بە فەرمانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی چۆتە نێو شەڕێکەوە و تەنیا شتێک کە بیری لێ ناکاتەوە ئارامیی خەڵکی غەززەیە.
مێژووش باس لەوە دەکات کە ئیسرائیل لانیکەم بەشێکی فەلەستینی داگیر کردووە و ئامادە نییە مافەکانی گەلی فەلەستین بدات. بۆیە پشتگیری‌کردنی ئیسرائیل لەلایەن گەلی کوردەوە وەک گەورەترین قوربانی داگیرکاری چی دەگەیەنێت؟
ئەوەی جێی ئازار و بەرگرییە، مردن و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی بێتاوان، چ ئیسرائیلی و چ فەلەستینی، کە لە سەردەمی ئەم شەڕەدا قوربانیی سیاسەت بوون. پشتیوانی کردن لە گەلی ستەملێکراو و بێ دیفاع، شانازی گەلی کورد بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، بەڵام هەڵەیەکی کوشندەیە کە بەو ڕوونکردنەوانەی کە وتراوە بچینە ناو پرسەکانی دیکەوە.
لە کۆتاییدا نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە داگیرکەرانی کوردستان هەوڵ دەدەن کەڵک لەم جۆرە هەلومەرجانە بۆ هێرشکردنە سەر گەلی کورد وەربگرن و هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا و جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا دەتوانرێت هەڵسەنگێندرێت.