کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: مووشەکێکی حەماس هۆکاری تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی غەززە بووە

12:11 - 2 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاند، تەقینەوەکەی حەوتووی ڕابردوو لە نەخۆشخانەیەکی شاری غەززە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی مووشەکی ئیسرائیلەوە نەبووە و بەهۆی مووشەکێکەوە بووە کە لە نێوەوەی غەززەوە ئاراستە کراوە.
سوناک لە پارلمانی ئەو وڵاتە وتی، ڕای حکوومەتی بریتانیا ئەوەیە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە تەقینەوەی نەخۆشخانەکەی غەززە بەهۆی مووشەکێک یان بەشێک لە مووشەکێکەوە بووبێت کە لە نێوەوەی غەززەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بە هەڵە ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ناوچەکە هەبووە، لەوانەش لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییە جەوهەرییەکانی ئەمریکا، هەروەها گرژییەکانی نێو بریتانیا.
گرووپی چەکداریی حەماس کە کۆنترۆڵی غەززەی بەدەستەوەیە، ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٤٧٠ کەس لە تەقینەوەکەی سێشەممەی ڕابردووی نەخۆشخانەی ''ئەلئەهلی'' گیانیان لەدەست داوە و ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بە هێرشکردنە سەر ئەم ناوەندە پزیشکییە.
لە هەمان ڕۆژدا ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەقینەوەکە بەهۆی هەڵدانی مووشەکێکی شکستخواردوو لەلایەن حەماسەوە بووە.
لەلایەکی دیکەوە، شیکارییەکی بینراو کە لەلایەن ''ئاسۆشێتد پرێس"ەوە بڵاو کراوەتەوە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە وادیارە مووشەکێک لە غەززەوە بەلاڕێدا ڕۆیشتبێت و تەقینەوەیەکی کوشندە لە نەخۆشخانەیەکی غەززەی لێکەوتبێتەوە.
کەناڵی هەواڵی ''سی ئێن ئێن'' هەروەها پشتڕاستی کردووەتەوە کە تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی ''ئەلئەهلی'' لە غەززە بەهۆی تەقاندنی مووشەک لە غەززەوە بووە.