
خانەنشینانی شیرکەتی موخابرات، لە درێژەی ناڕەزایەتیی ڕۆژانی دووشەممەدا، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە زیاتر لە ١٠ پارێزگای کوردستان و ئێران ڕێک خست.
بەپێی ڕاگەیاندنی یەکیەتیی کرێکارانی ئازادی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕەزبەر، کۆمەڵێک لە خانەنشینانی شیرکەتی موخابرات لە پارێزگاکانی "سنە، کرماشان، ورمێ، لوڕستان، گیلان، مەرکەزی، تاران، فارس، ئەردەبیل، مازەندەران، ئیسفەهان، هەمەدان، خووزستان و زەنجان"، لە بەردەم شیرکەتی موخابراتی ناوەندی پارێزگاکانیان کۆ بوونەوە.
لەم گردبوونەوە ناڕەزاییانەدا، خانەنشینانی ئەو پارێزگایانەی ئاماژەیان پێ کراوە، بەهۆی پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان، لەوانە "جێبەجێکردنی تەواوی ڕێساکانی کارمەندان و دامەزراندنی ساڵی ١٣٨٩ و چارەسەرکردنی کێشەکانی بیمەی تەندروستی"، وەکوو کۆبوونەوەکانی هەموو هەفتەیەک لە ڕۆژانی دووشەممەدا، دیسان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
لەم کۆبوونەوانەدا خۆپیشاندەران دروشمگەلی "خانەنشین، هاوار بۆ مافەکەت بکە"، "وەزیری ناشایست، شەرمەزار بە، شەرمەزار بە"، "جێبەجێکردنی پەیڕەوی نێوخۆ مافی ئێمەیە"، "هەتا مافەکانمان بەدەست نەهێنین، دووشەممەکان ئاوا دەبێت"یان وتەوە و چەندین دروشمی دیکەیان بەرز کردەوە و لەسەر پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان جەختیان کردەوە.
شایانی باسە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕەزبەر، خانەنشینانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە چەند شاری کوردستان و ئێران گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە خراپیی بارودۆخی ژیان و ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان بەڕێوە برد.