کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چەک و ڕاوێژکاری زیاتر دەنێرێتە ئیسرائیل

10:05 - 3 خەزەڵوەر 2723

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ژمارەیەک ڕاوێژکاری سەربازیی ناردووەتەوە ئیسرائیل، لەنێویاندا ژەنەراڵێکی هێزی "مارێنز" کە شارەزایی لە شەڕی نێوشار هەیە، بۆ ئەوەی لە هێرشی زەوینیی سەر غەززە یارمەتیی ئیسرائیل بدەن، هەروەها ژمارەیەک سیستمی بەرگریی پێشکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر دەکات.

یەکێک لەو ئەفسەرانەی کە سەرکردایەتیی هاوکارییەکان دەکات، "جەیمس گلین"، فەرماندەی هێزی دەریاییە کە پێشتر لە فەرماندەییکردنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دژی داعش هاوکار بووە، هەروەها لە شەڕە هەرە سەختەکانی شاری فەلـلوجەی عێراقدا دوای ڕووخانی حکوومەتی بەعس، بەشدار بووە.

"گلین" هەروەها ڕاوێژ بە ئەرتەشی ئیسرائیل دەدات لەسەر چۆنیەتیی کەمکردنەوەی زیانی گیانی لەنێو خەڵکی سڤیلدا لە کاتی شەڕی نێو شاردا.

ئیسرائیل خەریکی ئامادەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی بەرفراوانە لە ژینگەیەکدا کە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ساڵانێکی زۆرە پڕیان کردووە لە توونێل و تەڵە و بۆسە لە گەڕەکەکانی باکووری غەززە.

"جۆن کیربی"، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە وتی، گلین و ئەفسەرە سەربازییەکانی دیکە کە ڕاوێژ بە ئیسرائیل دەدەن، "خاوەن ئەزموونن و ئەزموونەکەیان لەگەڵ ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، دەگونجێت."