ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی دایە "خاتوون مینبەری"، خەڵکی گوندی نییەری سەر بە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر، ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی دایە "خاتوون مینبەری"، کچی جبرەئیل، خەڵکی ئاوایی "نییەر" سەر بە شاری سنە، لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "خاتوون مینبەری" دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانیشە بە ناوی شەهید "ڕەحیم مینبەری" ناسراو بە "هەژار".
شەهید ڕەحیم لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو. ناوبراو ساڵی ٦٥ی هەتاوی لە شەڕ و دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سنە، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەلەوە بوو.
دایە "خاتوون"، دایکی شەهید ڕەحیم، کەسێکی زۆر نیشتمانپەروەر و ئەندامێکی چالاک و دڵسۆزی حیزب بوو کە کاتی خۆیشی ئەرکە حیزبییەکانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕاپەڕاندووە.
ناوبراو هەروەها بەهۆی چالاکییە نیشتمانپەروەرییەکانییەوە ساڵی ١٣٦٤ بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە زیندانی کراوە و زۆر ئازار و چەرمەسەریی بینیوە.
تەرمی دایە خاتوون لەنێو ئاپۆرای خەڵکی نیشتمانپەروەری نییەرەوە و هەر لە هەمان ئاوایی، بە خاک ئەسپێردراوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە خاتوون، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسی ناوبراو و هەروەها خەڵکی گوندی نیشتمانپەروەری نییەر دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.