کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیاڵ هاگاری: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕی ٧ ئۆکتۆبردا، بە پارە و مەشق و ڕاهێنان و ناردنی چەک و زانیاریی تەکنیکی، یارمەتیی حەماسی داوە

11:54 - 4 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژنامەی ئەمریکایی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" و وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێرانیان لە هێرشەکانی ٧ ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە تەوانبار زانی.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەر، ڕۆژنامەی ئەمریکایی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک نووسی، کۆماری ئیسلامی پێش هێرشی چکداریی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، مەشقی سەربازیی تایبەتی بە نزیکەی ٥٠٠ هێزی حەماس و میلیشیاکانی دیکە کە لە کەرتی ‌غەززە جێگیر بوون، کردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە زیادی کرد، ئەم مەشقانە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لە نێوخۆی ئێران بە سەرپەرشتیی سپای قودسی پاسداران ئەنجام دراون و ''ئیسماعیل قائانی''، فەرماندەی سپای قودس و بەشێک لە ئەندامانی باڵای گرووپە میلیشیا فەلەستینییەکانیش سەردانی ئەو مەشقانەیان کردووە.

لە هەمان کاتدا ''دانیال هاگاری''، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە فەرمان لە یەک شوێنەوە دێت و ئەویش جگە لە ئێران هیچ شوێنێک نییە و وتیشی، پێش لە دەسپێکی شەڕ، کۆماری ئیسلامی بە پارە و مەشق و ڕاهێنان و ناردنی چەک و زانیاریی تەکنیکی و ئێستا لە ڕووی زانیارییەوە یارمەتیی ئەم گرووپە دەدات.

لەو پێوەندییەدا ڕێکخەری پێوەندییە ستراتیژییەکانی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی وتی، ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی حەماس و لە هەندێک حاڵەتدا چالاکانە ئاسانکاری بۆ ئەم هێرشانە دەکات.