کۆڕی پەردەلادان و ناساندنی کتێبی "پیاوێکم لە قەوارەی با" لە نووسینی "شەریف مورادی"، لە مەریوان بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی ئەدەبی- فەرهەنگیی مەریوان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەر، ئەم ئەنجومەنە کۆڕێکی بۆ نوێترین بەرهەمی شاعیر "شەریف مورادی" بە ناوی "پیاوێکم لە قەوارەی با" لە هۆڵی مامۆستا قانعی ئەو شارە بەڕێوە برد و لەو کۆڕەدا هوشیار بابایی و ڕەزا عەلیپوور گوتاریان پێشکەش کرد.
هوشیار بابایی، شاعیر و ڕەخنەگر لەسەر بەرگ و ناو و ناوەڕۆکی کتێبەکە قسەی کرد و باسی لایەنە هونەری و ئەدەبییەکانی کتێبەکەی کرد.
پاشان شاعیر و ڕەخنەگر، ڕەزا عەلیپوور، شیعری ئەم کتێبەی لە بەستێنێکی بەربڵاوتری شیعری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خستە بەر باس و ئاماژەی کرد بە هەندێک جیاوازیی شیعری بەرەی چوار و بەرەکانی تری ڕۆژهەڵات لەگەڵ شیعری شاعیرانی ئێران و باشووری کوردستان.
لە بەشێکی تری کۆڕەکەدا شەریف مورادی چەند شیعرێکی خوێندەوە و لە کۆتاییشدا پەردە لەسەر کتێبەکەی لا درا.