ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ۱٤۰۲ی هەتاوی، ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات بە ناوی کاک "ئەمین نادری" ناسراو بە "خاڵۆ ئەمین" کوڕی لوتفوڵڵا، خەڵکی ئاوایی بۆڕیەر لە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان، لە تەمەنی ۹۳ ساڵیدا بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.
کاک ئەمین نادری ئەندامی حیزب و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی ئاوایی بۆڕیەر بوو و لە ساڵانی تێکۆشانی خەباتی چەکداریی حیزبی دێموکراتدا وەک ئەندامێکی چالاک و تێکۆشەر بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری پێشمەرگەکانی هێزی زرێبار و زاگرۆس بوو.
هەروەها ماڵ و مەزراکەی خاڵۆ ئەمین شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکان بوو و بەهۆی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بانگ کرا و بەردەوام لەژێر چاوەدێریدا بوو و ئەزیەت و ئازار درابوو.
شایانی باسە کە لە بنەماڵەی نادری، شەهید خوسرەو نادری، پێشمەرگەی حیزب لە ساڵی ٦۲ لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوو.
بەداخەوە خاڵۆ ئەمین بەرلەوەی ئاوات و ئامانجەکانی بێنە دی، ماڵاوایی یەکجاری لە نیشتمانەکەی کرد و تەرمەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە گۆڕستانی ئاوایی بۆڕیەر بە خاک ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ئەمین نادری، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ئاوایی بۆڕیەر دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.