کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازنەی شەڕ لە غەززە فراوانتر دەبێت و ئیسرائیل هێڵەکانی پێوەندیی پچڕاندووە

10:24 - 6 خەزەڵوەر 2723

لەگەڵ ڕاگەیاندنی فراوانکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ڕێگەی زەوینییەوە، هێڵەکانی پێوەندیی مۆبایل و ئینتەرنێتی لەسەر غەززە پچڕاندووە و ئەمریکاش پشتیوانیی لێ دەکات.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر، دانیال هەگاری، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، هێرشەکانمان بۆ سەر غەززە چڕوپڕتر کردووەتەوە، هێزی ئاسمانی، دامەزراوە تێرۆریستییەکان لەژێر زەوی بۆردومان دەکات. دوای زنجیرە هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەمشەو هێزە پیادەکان ئۆپراسیۆنی زەوینی فراوان دەکەن."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "حەماس نەخۆشخانەکان وەک قەڵغانێک بۆ تونێلەکانی بەکار دەهێنێت، لە غەززە لەژێر زەوی تونێل هەیە و کەوتوونەتە نزیک شوێنە هەستیارەکان، نەتەنیا نەخۆشخانە، بەڵکوو نزیکە لە مزگەوت، شوێنەکانی قوتابخانە و چەندین شوێنی دیکە. نەخۆشخانەی شیفا یەکێکە لەو شوێنانە. باڵەخانە سوورەکان لەلایەن حەماسەوە بەکار دە‌‌هێندرێن، ئەو شوێنانە وەک ناوەندێکی دەرکردنی فەرمان بۆ کردەوەی تێرۆریستی و هەڵدانی هاژەک بەکار دەهێنێت."
هەروەها ڕێکخراوەکانی تەندروستیی جیهانی و خاچی سووری نێودەوڵەتی ڕایانگەیاند کە پێوەندییان لەگەڵ کارمەندەکانیان لە غەززە پچڕاوە و هیچ هەواڵێکیان لێیان نییە. هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکایی بە کەناڵی ئەی‌بی‌سیی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: ئەرتەشی ئیسرائیل بە شێوەیەکی سنووردار دەچنە نێو کەرتی غەززە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی و ڕەزامەندیشیان نیشان داوە لەگەڵ چوونە نێو غەززە، هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە ڕەوانە بکرێت.