عەلی بداغی
دەزگای تەبلیغیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا بە پێشاندانی بەردەوامی وێنەی کوژراوانی غەززە جۆرێک توندوتیژییەکانی شەڕی حەماس و ئیسڕائیل لەلایەن ئیسڕائیلەوە بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی ناو دەبا، وەک بڵێی پەرێزی خۆی زۆر خاوێنە و هەتا ئێستا دەستی بە خوێنی هیچ بێتاوانێک سوور نەبووە! خۆ ئەگەرچی ئێستا هەمووان کۆماری ئیسلامی و بیرکردنەوە و سیاسەتەکانی زۆرباش دەناسن، بەڵام بیرهێنانەوە و ڕیزکردنی بەشێک لە تاوان و جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە لەجێی خۆیدایە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکەش بڵێین کە مناڵکوژی، تاوان و جینایەت دژی مرۆڤایەتی کاڵایەکی پڕ بە باڵای ڕێژیم و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییە کە هەر لە سەرەتاوە دەستنوێژیان بە خوێنی لاوان و خەڵکی بێتاوانی وڵات هەڵگرتوە.
هەر لەجێدا تاوان و جیناتەکانی کۆماری ئیسلامی پێش هاتنەسەر دەسەڵات دەستیان پێ کردبوو. لە تێرۆری کاربەدەستە سیاسییەکانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە هەتا ئاگردانی سینەما ڕەکسی ئابادان کە لە نێوان ٤٠٠ هەتا ٦٠٠ کەسی تێدا کوژرا، تەنیا بۆوەی دواتر تاوانەکە بە سەر ڕێژیمی پەهلەوی دابێنن کە دواتر دەرکەوت کاری مەلاکان خۆیان بووە. تەنانەت ئایەتوڵڵا لاهوتی ساڵی ١٣٥٨ لە وتووێژێکک لەگەڵ ڕۆژنامەی کەیهاندا نەیشاردەوە کە ئاگردانی سینەمای "قوم"یش بە بڕیاری خودی ئەحمەد خومەینی بووە، داننانێک کە بووە هۆی گیران و دواتر کوژرانی لە زینداندا!
کوشتارەکانی کوردستان، ئازەربایجان، تورکەمەنسەحرا و خوزستان دەسپێکی زنجیرە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بوون دوای هاتنەسەر کورسیی دەسەڵات بوون. بۆیە جینایەت و کوشتاری دژبەرانی سیاسی و ئەوانیدی نەک هەر گرینگترین بەش لە سیاسەتەکانی ڕێژیم، بەڵکوو بەشی سەرەکی و دانەبڕاو لە شوناس و هەوێتیی دەسەڵاتێک بووە کە ٤٥ ساڵە بە کوشتوبڕ و بە زەبری چەک و پەتی سێدارە تەختی خونکاریی خۆی پاراستوە.
لە ئاستی ئێراندا جینایەتەکانی ڕێژیم لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی شۆڕش و هەر لە سەربانی قوتابخانەی ڕیفاه کە شوێنی کاتی مانەوەی خومەینی بوو، بە ئێعدامە سەحراییەکان دەستی پێ کرد، پاشان لە ماوەی دوو ساڵدا لەژێر ناوی شۆڕشی فەرهەنگیدا زیاتر لە ٣٠٠ خوێندکار و مامۆستای زانکۆی جیابیریان ئێعدام کرد.
دوای پێداگریی ڕێژیم لەسەر بەردەوامیی شەڕ لەگەڵ عێڕاق تەنیا لە ساڵی ١٣٦٠ دا زیاتر لە دە هزار چالاکی سیاسی ئێعدام کران کە ڕێکخراوی "ڕاستیاد" لەو ماوەیەدا توانیویەتی ناو و شوناسی ٣٥٠٠ کەس لەوان ئاشکرا بکا کە لە ٨٥ شاری ئێران گیانیان لێ ئەستێندراوە. هەڵبەت کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا هاوتەریب لەگەڵ سەرکوت و کوشتاری دژبەرانی سیاسیی خۆی هەوڵی داوە پێش بە کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەکان و بەدێکیۆمێنتکرانی جینایەتەکانی بگرێ و سیستماتیک بۆ سڕینەوە و نەهیشتنی بەڵگەی تاوان و جینایەتەکانی و دیزەبەدەرخۆنەکردنیان پلان و پیلانی زۆر و جۆراوجۆری جێبەجێ کردوە.
ئەگەر هەر لە دەیەی ٦٠ دا بمێنینەوە، تاوانی هەموو کوشتارەکانی شەڕی ٨ ساڵە کە بەهۆی پێداگریی ڕێژیم بۆ ماوەی ٧ ساڵ درێژ کرایەوە، لە ئەستۆی دەسەڵاتبەدەستانی تارانە زیاتر لە یەک میلیۆن کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەکانی "ایران تریبونال" لە ساڵەکانی دوای ١٣٦٠ هەتا ١٣٦٤دا نیزیک بە ١١ هەزار کەس لە زیندانەکان یان ئێعدام کران یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرا. تەنیا لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا و بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە و ڕاکردن لە بەرپرسایەتیی شکان لە شەڕی عێڕاق زیاتر لە ٢٠ هەزار زیندانیی سیاسییان لە ماوەی سێ مانگدا لە زیندانەکاندا ئێعدام کرد کە ٤ هەزار کەس لەوان تەنیا لە زیندانی ئیڤینی تاران گیانیان لێ ئەستێندرا.
قەتڵە زنجیرەییەکان، جینایەتەکانی پووشپەڕی ١٣٧٨، تاوانەکانی سەرشەقام و زیندانی کەهریزەک دوای خۆپێشاندانەکانی ١٣٨٨، دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر زیندانیان، کۆمەڵکوژییەکان لە خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ کە نیزیک بە ٢٠٠٠ کەس تەنیا بە تاوانی! ناڕەزایەتیدەربڕین بە گرانبوونی نان و بێنزین گیانیان لێ ئەستێندرا؛ بەردانەوەی بەئانقەستی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە لە ساڵی ١٣٩٨، کوشتنی بیرمەندە ئەتومییەکان لە ساڵانی ١٣٨٨ هەتا ١٣٩٠ بۆ شاردنەوە و ڕێگەگرتن لە دزەکردنی زانیارییە ئەمنیەتییەکان لەسەر پیشەسازیی مووشەکی و ئەتومیی ڕێژیم، جینایەتی ڕێگریکردن لە هاوردەی واکسەنی ئەمریکایی و ئینگلیسی لە سەردەمی پەتای کۆڕۆنا بە بڕیاری خودی خامنەیی و هتد تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی ئێرانن. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە هەتا ١٣٩٩ی هەتاوی زیاتر لە ٤٦ هەزار و ٦٠٠ چالاکی سیاسیی دژبەری ڕێژیم لە ئێران بەهۆی تێرۆر، ئێعدام، کوژران لە زیندان لەژێر ئەشکەنجە و کوژران لە خۆپێشاندانەکانی سەرشەقامدا بە دەستی کۆماری ئیسلامی گیانیان لێ ئەستێندراوە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ڕا هەتا ساڵێ ١٣٩٥ی هەتاوی پتر لە ٦١ هەزار کەسی لەو وڵاتەدا لەدار داوە.
لە کوردستان، هێشتا شەش مانگ بە سەر ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئازادیی گەلانی ئێران تێنەپەڕیبوو، خومەینی فتوای جیهاد دژی خەڵکی کوردستانی دەرکرد و لەشکرکێشیی ئەڕتەش و سپای پاسداران بۆ سەرکوردستان بووە داسەپاندنی شەڕێکی خوێناوی بە سەر نەتەوەی کورددا. لە سۆنگەی ئەو شەڕە داسەپاوە هەتا ئێستا دەیان هەزار کەس لە خەڵکی کوردستان بوونەتە قوربانی و گیانیان لێ ئەستێندراوە. هەروەها کۆمەڵکوژییەکان لە ئاواییەکانی "قاڕنێ". "قەڵاتان"، "چەقەڵمستەفا"، "دیلانچەرخ"، "حەڵبی"، "کوێکان"،" کەرێزەی شکاکان"، :خەلیفەلیان"، "گۆڕخانە" لە نەغەدە؛ کۆمەڵکوژی لە ئاواییەکانی "ئیندرقاش"، "قەرەگۆل"، "وسووکەند"، سەوزی"، "دێمەسوور"، "جافرئاوا"، "مەرجانئاوا" و "تەپەڕەش" لەنێوان میاندواو و مەهاباد"؛ کۆمەڵکوژییەکان لە ئاواییەکانی "بایزاوێ"، "جبریلئاوێ"، "گوندەوێڵە"، "دووئاو" لە شنۆ؛ "هەڵەقووش" و گێچە" لە ورمێ و "سۆفییان" لە پیرانشار کە سەرجەم سەدان کەس ژن، منداڵ، پیر و تەنانەت مامۆستای ئایینیی قورئانلەسەر دەستی تێدا بوونە قوربانی و گیانیان لێ ئەستێندرا، و ئێعدامی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی بۆ نموونە ٥٩ لاوی مەهابادی، تەنیا بەشێکی بچوون کە تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە کورد و دژ بە مرۆڤایەتین.
ڕێژیم جیا لەوانە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢٨٠ زیندانیی سیاسیی کوردی بەهۆی خەباتی نەتەوایەتییان و لەژێر ناوی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی ئەو ڕێژیمەدا ئێعدام کردوە. هەروەها دەزگای سەرکوت و تێرۆری ئەم ڕێژیمە هەروەها لانیکەم ٤٧٠ ئەندامی حیزبە کوردییەکانی لە نێوخۆ وڵات و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیرۆر کردوە، بە مووشەک و دڕۆن شوێنی ژیانی بنەماڵە و ژن و منداڵی ئەندامانی حیزب لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانی بەئامانج گرتوە و ئەو جینایەتانە هەروا درێژەیان هەیە. لە دەسپێکی شۆڕشی "ژینا"شەوە ڕێژیم بە کوشتنی خۆپێشاندەران لە سەرشەقام و، گرتنگەکان لەژێر ئەشکەنجەدا و، بە دەرمانداوکردنی منداڵان قوتابیان سەدان تاوانی نوێی دیکەی لەسەر تاوانەکانی پێشووی کەڵەکە کردوە.
هاوکات هاوکاریکردنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە بەهاری عەڕەبیدا و کوشتاری دەیان هەزار کەس لە خەڵکی وڵاتی سووریە، دروستکردنی میلیشیا و ناردنیان بۆ شەڕی نیابەتی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی لوبنان، عێڕاق، بەحرەین و یەمەن کە شەڕی نێوخۆیی و کوشتاری هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لێ کەوتۆتەوە، و هەڵگیرساندنی شەڕی نوێی حەماس و ئیسڕائیل بە بڕیاری کاربەدەستانی ڕێژیم کە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار کوژراوی لێ کەوتۆتەوە؛ دەبێ بە لیستی ئەو تاوان و جینایەتە لەئەژمارنەهاتووانەی ڕێژیم زیاد بکرێن.
بۆیە، کۆماری ئیسلامی کە سەدان هەزار بەڵگەی تاوانی مرۆڤکوژی، منداڵکوژی و جینایەت دژی مرۆڤایەتیی لەسەر سەلمێندراوە، ڕێی ناکەوێ فرمیسکی تیمساح بۆ کوشتنی مرۆڤە بێتاوانەکانی غەززە هەڵوەرێنێ، بەتایبەت کە هەر لەجێدا بەرپرسایەتیی هەموو تاوانەکانی حەماس لە هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل و کردەوە تۆڵەستێنەکانی ئیسڕائیل لە خەڵکی غەززە لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.