کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەشێک لە بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران و حەماس

12:00 - 6 خەزەڵوەر 2723

سێ فەرماندەی سپای پاسداران، دوو بەرپرسی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە ئێران و هەروەها دامەزراوەی شەهید کە لە پشتیوانیی دارایی بۆ حەماس ڕۆڵیان بووە، خرانە نێو نوێترین لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر، چەند بەرپرسی سەرەکیی سپای پاسداران پێوەندیدار بە حەماس و تۆڕە داراییەکانی ئەو گرووپە و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی خستە نێو لیستەی گەمارۆکانیەوە.

ڤالی ئادیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا وتی: "ئەم هەوڵەی ئەمڕۆی ئەمریکا نیشان لە پێبەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانە بۆ لەنێوبردنی تۆڕە داراییەکانی حەماس لە ڕێگەی سەپاندنی گەمارۆی دژەتیرۆر و کارکردن لەگەڵ هاوبەشە جیهانییەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی حەماس بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی."

هەروەها زیادیشی کرد: "ئێمە لە کردنە ئامانجی چالاکییە داراییەکانی حەماس بۆ لاوازکردنی زیاتری توانای حەماس بۆ ئەنجامی هێرشە تیرۆریستییەکانی، هیچ دوودڵی ناکەین."

لەم لیستە نوێیە کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە ڕاگەیەندراوە، "عەلی موڕشدشیرازی و مستەفا محەممەدخانی" لە بەرپرسانی هێزی قودسی سپای پاسداران کە بە وتەی ئەو وەزارەتە لە ڕاهێنان و یارمەتیدان بە حەماس و جیهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان دەستیان هەبووە، هەروەها "عەلی ئەحمەد فەیزوڵڵاهی"، فەرماندەی تایبەتی هێزی سابرینی سپای پاسداران، دەبیندرێت.

هێزی سابرینی سپای پاسداران کە لە سووریەیە و ڕاهێنان بە حەماس و حیزبۆڵڵا دەکات، لە سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەشدارە.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا "دامەزراوەی شەهیدی شۆڕشی ئیسلامی"ی خستە نێو لیستەی گەمارۆکانییەوە. ئەم وەزارەتە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا وتی: "دامەزراوەی شەهید لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی تا ئێستا لە ڕێگەی کۆمەڵەی خێرخوازیی ئەلئەنسار لە غەززە، بە میلۆنان دۆلار یارمەتیی بنەماڵەی هێزەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامیی داوە."

لەلایەکی ترەوە "ناسر شێخ عەلی"، بەرپرسی گرووپی ئەلئەنسار کە بەخششەکانی دامەزراوەی شەهید دەگەیەنێتە دەستی گرووپە فەلەستینییەکان و هەروەها "خالید قدوومی"، خەڵکی ئۆردۆن و ئەندامی حەماس کە هەنووکە نوێنەری ئەو گرووپە لە ئێرانە لە لیستی گەمارۆدایە.

لە کۆتاییشدا "عەبدولباست حەمزە"، سەرمایەداری پێوەندیدار بە حەماس کە لە سوودان نیشتەجێیە و چەند شیرکەتی ژێردەستی ئەوان وەکوو "کۆمەڵەی خێرخوازیی ئەلئەنسار، کۆمپانیی تڕێند گییۆ، عەلادین سنگولێر، گوڵسا ئۆغلوو و مەنگۆش لە تورکیە، بەهۆی پشتیوانیی دارایی و تەکنۆلۆژیکی لە حەماس، کەوتوونەتە نێو لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.