یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گیانبەختکردنی "ئارمیتا گەڕاوەند"، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:
هەروەک دەزانن ئاڕمیتا گەڕاوەند کچە لاوی خەڵکی کرماشان کە مانگی ڕابردوو بەهۆی توندوتیژییەکانی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مێترۆی تاران بەهۆی حیجابی زۆرەملێ و داسەپاو بەسەریدا، کەوتبووە بەر پەلاماری هێزەکانی ئیرشاد و بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ چووە کۆماوە، ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەر گیانی لەدەست دا.
ئارمیتا گەڕاوەند کچە قوتابییەکی دیکەی دەستی جینایەتی کۆماری ئیسلامی بوو کە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر لە وێستگەی مێترۆیی شوهەدای تاران کەوتە بەر پەلاماری هێزەکانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئیسلامی و بە بیانووی حیجاب کەوتە بەر لێدان و ئازار و ئەشکەنجە و ماوەی بیست و هەشت ڕۆژ لە کۆمادا بووە و پاشان گیانی لەدەست دا.
لەگەڵ ئەوەی ئەمجارەیان دووبارە بە شێوازێکی زۆر دڕندانەتر لە جاری پێشوو تەنانەت دوای ئەو جەنایەتە و کوشتنی ئەم کچە لاوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی و دایک و بابی کردووە کە ئەگەر قسە لەگەڵ ڕاگەیەندەکانی دەرەوە نەکەن و باس لە دۆخی تەندروستیی کچەکەیان نەکەن و بڵاوی نەکەنەوە ئەم کردەوە ناشرینەی ڕێژیم لەقاو بدەن، ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە و ناهێڵن کچەکەیان ببینن و فشاریان دەخەنە سەری تا لەبەر کامێرا بڵێن هیچ شتێک وەک زەبروزەنگ و توندوتیژی لەلایەن ڕێژیم ڕووی نەداوە و گوشارێک لەلایەن ڕێژیم لەسەریان نەبووە و داوایان لە خەڵک کردووە تەنیا دوعا بۆ کچەکەیان بکەن و وتوویانە نامانهەوێت خەڵک وێنەی کچەکەمان بڵاو بکەنەوە.
ئەوە یەکەم جار و ئاخر جاریش نییە کە هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو شێوازە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بە بیانووی حیجاب دەکوژن. ساڵی ڕابردوو ژینا ئەمینی کچەلاوی کوردی خەڵکی سەقز بە شێوازێکی زۆر دڕندانە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرا و کوژرا.
کوژرانی ژینا ئەمینی بوو بە هۆکاری ئەوەی کە ڕق و کینەیەکی چەندین ساڵەی خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان بێتە دەرێ و شۆڕشێک بە ناوی شۆڕشی ژینا دەست پێ بکات.
ئەم ڕێژیمە دوای زیاتر لە ساڵێک دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ئەمجارەش بە کوشتنی ئارمیتا گڕاوەند دووبارە هەمان جینایەتی دووپات کردەوە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەم ڕەفتارە قێزەون و دڕندانەی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مروڤی و مەدەنی و نێونەتەوەییەکان دەکات چیتر ئەم شێوە ڕفتارانەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ خەڵکەکەی قەبووڵ نەکات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢