
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە گیانبەختکردنی "ئارمیتا گەڕاوەند"، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:
هاونیشتمانییانی هێژا، ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسی و مەدەنی و ئایینیە ئازادیخوازەکان، هەروەک ئاگادارن، کۆماری مناڵکوژی بەناو ئیسلامیی ئێران جارێکی تر هەر لە شاری تاران ئەمجارەش کیژە کوردێکی تر دەکاتە قوربانیی سیاسەتە نگریس و دوواکەوتووانەکەی و گیانی لێ دەستێنێت و زۆر بێ باکانە و بێ شەرمانە و دڕندانە هەروەک چۆن ساڵی پێشوو گیانی ژینای ستاند بەم شێوەیەش خەریکی پەردەپۆشکردنی ئەو جینایەتەن.
ماوەی نیزیک مانگێک لەمەوپێش ئارمیتا گەڕاوەند کیژە کوردی تەمەن ١٧ ساڵی لە مێترۆی تاران بە بیانووی باڵاپۆشی ناشەرعی دەکەوێتە بەر ڕق و کینی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکایی جەهل و خورافاتی بەناو ئیسلامیی ئێران و پاش ٢٨ ڕۆژ لە بێهۆشیدا لە نەخۆشخانەی ئەم شارە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی هەواڵی گیانلەدەستدانی لەلایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە بڵاو کرایەوە.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم جینایەتە نامرۆڤانەی تێرۆریستانی پەت و سێدارەی ئێران، داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و گشت ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان و ئایینداران، بە تایبەت مامۆستایانی ئایینی دەکەین چیتر چاوپۆشی لەم جۆرە هەڵسوکەوتە دژە مرۆیانەی ڕژیم بە تایبەت نیسبەت بە ئافرەتان نەکەن و یەکگرتووانە هاوشێوەی پێشوو بە گژ ڕێژیمی ملهوڕی ئاخوندیدا بچنەوە و ڕێگری بکەن لە کوشتنی لاوانی وڵات بە بیانووی پاراستنی پاڵاپۆشی زۆرەملێ.
بڕووخێت کۆماری جینایەتکار و منداڵکوژی ئیسلامیی ئێران
یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٦/٨/١٤٠٢