بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، ڕێوڕەسمێک بۆ کۆمەڵێک کەسایەتیی فەرانسەوی و کوردستانی پێک هاتبوو.
لەسەر داوای ئەنستیتۆی کورد و سەرۆکی ئەو ئەنستیتۆیە، د. "کەنداڵ نەزان"، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرشتیی کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب، لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون و پەیامی پیرۆزبایی حیزب بۆ یادی ٤٠ ساڵەی دامەزراندنی ئەنستیتۆی کوردیان بە بەڕێوەبەرانی ئەو ئەنستیتۆیە گەیاند.
لەو ڕێوڕەسمەدا، د. کەنداڵ نەزان، بەکورتی لەسەر مێژووی ٤٠ ساڵەی دامەزراندن و کار و چالاکییەکانی ئەنستیتۆی کورد قسەی کرد و لە ڕێگای کورتەفیلمێکیشەوە ئاوڕێک لە خەبات و تێکۆشانی ئەنستیتۆی کورد درایەوە.
شایانی باسە کە کۆمەڵێک هونەرمەند، نووسەر و ڕووناکبیر و میوانی کوردستانیش کە لە وڵاتانی دیکەوە هاتبوون، لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون.