کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژراوانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بۆ نزیکەی ٩٥٠٠ کەس بەرز بووەوە

11:26 - 7 خەزەڵوەر 2723

لە ڕۆژی ٢٣هەمی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، ئیسرائیل لە دەریا، ئاسمان و وشکانییەوە هێرشی کردە سەر چەندین ناوچە و بۆردوومانەکانی بوونە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس لە باکوور و نێوەڕاستی کەرتی غەززە.

بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی تا ئێستا لە غەززە کوژراون، ٨ هەزار کەسی تێپەڕاند، هەروەها نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بریندار بوون و ١٦٥٠ کەس بێسەروشوێنن.

بە وتەی سوپای ئیسرائیل، تاکوو ئێستا لانیکەم ١٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون، کە بەشی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیل بوون.

کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس ئیددیعای ئەوە دەکات کە ئیسرائیل هەوڵی داوە بە هێرشی زەوینی پێشڕەوی بکاتە نێو غەززە، بەڵام شکستیان پێ هێناوە.

قەسام دەڵێت، ئەگەر هەموو گیراوانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد نەکرێن، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد ناکات، کە بە وتەی ئیسرائیل، ژمارەیان ٢٢٩ کەسە.

هەروەها بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، جەنگەکە بە دەستپێکردنی هێرشی زەوینی چووەتە قۆناخی دووەمەوە.