کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتی، وەرگێڕ و لێکۆڵەرێکی ئایینیی خۆشناو لە شاری سنە

11:52 - 7 خەزەڵوەر 2723

مامۆستا ئەبوبەکر حەسەنزادە، کەسایەتی، وەرگێڕ و لێکۆڵەری ئایینیی خۆشناو لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا ئەبوبەکر حەسەنزادە، ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە گوندی کانی‌عەلی گردەی شاری بۆکان لەدایک بووە و هەر لە حوجرەکانی گوندەکانی بۆکان و سەقز وانەی ئایینیی لەلای مامۆستایانی پایەبەرزی ئەو ناوچەیە خوێندووە و ئیزنی مامۆستایەتیی ئایینیی وەرگرتووە. 
ناوبراو هەم وەک مامۆستا لە مدرسەی علومی دینیی مەهاباد وانەی ئایینیی وتووتەوە و هەم وەک پێشنوێژ لە گوندی کانی گورگەی بۆکان بۆ ماوە ٥ ساڵ پێشنوێژیی کردوە و لە ساڵی ١٣٥٥ لیسانسی کۆمەڵناسیی لە زانکۆی تاران وەرگرتووە و بەڕێوەبەری و بەرپرسی ئیدارەی ئەوقافی شاری مەهابادی لەئەستۆ بووە. 
لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٦١، مامۆستا ئەبووبەکر بۆ شاری تەورێز دوور خراوەتەوە و پاشان چووەتە شاری سنە و تا کۆتایی ژیانی لەو شارە ماوەتەوە.
مامۆستا حەسەنزادە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٥ بەرگ کتێبی ئایینیی لە فقهی شافعی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و دەیان لێکۆڵێنەوەی لەسەر قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی نووسیوە. هەروەها دەیان مامۆستای ئایینیی نیشتمانپەروەری پێگەیاندووە و هەمیشە ئەو ڕەستەیەی لەسەر زار بوو کە دەیوت: "خۆشەویستیی نیشتمان نیوەی ئیمانە."