کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر سپای پاسداران و حیزبوڵڵا لە سووریە و لوبنان

11:07 - 8 خەزەڵوەر 2723

شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر، ئەمریکا گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بووکەماڵی سووریە کردە ئامانج و هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە چەندین بنکەی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان بوردومان کردووە.

هێرشی شەوی یەکشەممەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لەلایەن میدیا سوورییەکانی ئۆپۆزیسیۆنیی بەشار ئەسەدەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە سەرەتا باسی لە هێرشی فڕۆکەیەکی شەڕکەری نەناسراو بۆ سەر ناوچەیەک لە شاری بووکەماڵ لە سنووری سووریە و عێراق کرد و دواتر کرانە ئامانجی دوو بنکەی سەر بە سپای پاسدارانی لەلایەن ئەو فڕۆکەوە پشتڕاست کردەوە.

هەر ئەم ڕێکخراوە باسی لە چەندین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژاوای شاری "نەوا" لە پارێزگای دەرعای سووریە کرد و و نووسی: "ئیسرائیل ناوچەیەکی هەڵدانی مووشەکی کردووەتە ئامانج."

لەلایەکی دیکەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشێکی دڕۆنی بۆ سەر چەند کەس لە باشووری لوبنان ئەنجام داوە کە چەند مووشەکیان ئاراستەی ناوچەی شاخی دوو کردووە."

پێشتریش ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لە هاویشتنی چەند ڕاکێت لە سنووری لوبنانەوە بۆ سەر باکووری ئیسرائیل کردبوو کە کاردانەوەی گومەزی پۆڵایینی لێکەوتبووە.

لە حاڵێکدا ئەم هێرشانە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە وڵامی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام درا کە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتی: " ئێران نایهەوێت شەڕەکە زیاتر پەرە بسێنێت."