کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا کۆماری ئیسلامی ئامانجی خۆی پێکا؟

00:07 - 12 رەزبەر 2723

شیوا مورادیان

لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەری پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا، لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە تاکوو ئێستا کە ٧٨ ساڵ بەسەر چالاکی و تێکۆشانی ئەم حیزبەدا تێپەڕ بووە، ئەم حیزبە کە بە حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ناسراوە هەوراز و نشێوی زۆری لە ڕەوتی خەباتدا ئەزموون کردووە.

حیزبی دێموکرات چ لە کاتی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پەهلەوی و چە دوای ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی سەرەڕۆی ویلایەتی فەقیهـ بە مەبەستی ڕاوەستانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام لەژێر هێرشی جۆراوجۆری وەکوو نیزامی، تەبلیغاتی، تیرۆر، ئێعدام، زیندان، تۆپباران و مووشەکباران و ... بووە.

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو جیهان و بەتایبەت کوردستان، بە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران و هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئاخوندی بەردەوام هەموو شێوازەکانی شەڕ و ستەم دژ بە نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەئارادایە.

هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاری خومەینیی جەلاد و فتوای جیهادی ٢٨ی گەلاوێژ دژ بە کورد، ماهییەتی ڕاستەقینەی ئەو ڕێژیمە بۆ میللەتی کورد دەرکەوت و بینیمان کە چلۆن بۆ سەرکوتی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان شەڕێکی هەمەلایەنەی سەربازی، ئابووری، ژینگەیی، کلتووری، تێرۆری فیزیکی و ... دەستی پێکرد بەڵکوو بتوانێ نەتەوەی کورد و حیزبی پێشڕەوی ئەو خەڵکە لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکانی ڕاوەستێنێ، بەڵام ئەوەی تاکوو ئێستا بەو  هەموو  هەزینەی ماددی و گیانییەی نەیتوانیوە دەستەبەری بکات سڕینەوەی ئازادی بووە لە ڕۆحی تاک بەتاکی کورددا، هەر وەک ڕێبەری گەورەی گەلەکەمان شەهید قاسملووی نەمر فەرموویەتی ئازادی بووەتە بەشێک لە ژنێتیکی کورد٠

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دوا بە دوای قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە ڕاسانی خۆرهەڵات ناوبانگی دەرکرد، ڕێژیمی بە ناو کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەموو کات باسی لەوە دەکرد حیزبی دێموکرات نەماوە و حیزبێکی "مونحەلەیە" بەڵام بۆ چەندین جار هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی لە باشووری کوردستان. یەکەم مووشەکباران ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧بوو، هێرشی دیکەی ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە ساڵی  ١٤٠١ی هەتاوی بوو کە سێ جار هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر حیزبە کوردییەکان و لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا چەندین کادر و پێشمەرگە شەهید و دەیان خەباتکار و خەڵکی سڤیل بریندار بوون. ئەو هێرشە لە کاتێکدا بوو کە ناڕەزایەتییەکانی پاش شەهیدکردنی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی سەقز کە بەدەستی جنایەتکارانی ئەو ڕێژیمە شەهید کرا لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و لەماوەیەکی کورتدا تەواوی ئێرانی گرتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش کە باش لەوە تێگەیشتبوو وشیاری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات گەیشتووەتە لووتکە و چیدیکە ناتوانێ مافەکانیان زەوت بکات و گۆڕانی ئەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیە لە کوردستان دەست پێدەکات لە ترسی مانەوەی خۆی دەستی دایە جینایەتێک کە تەنانەت سنووری وڵاتێک و سنووری مرۆڤایەتیشی بەزاند و ڕووی هیتلێریشی بەم کارە قیزەوەنەی سپی کرد، ئەوەش ئەوە بوو کە بنکە و بارەگای حیزبە پێشەنگ و پێشڕەو و ڕێنیشاندەرەکانی خەڵکی کوردستانی کە جێگای حەوانەوەی ژن و منداڵی پێشمەرگەکان بوو کردە ئامانج. ئامانجی ڕێژیم لەو هێرشەدا کە کرایە سەر حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان ئەوە بوو تاکوو نیشان بدات کە ئەم شۆڕشە لە ئێران هۆکاری دەرەکیی هەیە تا بەم جۆرە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێرانی پێ دابپۆشێت و ڕای گشتی بە لاڕێدا ببات و جارێکی دیکە باسی لەوە کرد کە نەتەوەکانی ئێران سەودای سەربەخۆیان هەیە و داوای لەتبوونی ئێران دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی ئەو هەڕەشە و هێرشانە ئەوە بوو کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتە سەرەڕۆکەی پەنای بۆ درۆن و مووشکەکانی بردووە و بەم شێوەیە دەیەوێت لە خۆی بەرگری بکات و ئیرادەی نەتەوەیەک بە درۆن و مووشەک لەنێو ببات یان زەعیفی بکات کە دیسانەوە جیا لەوە کە ڕووی هەموو دیکتاتۆرەکانی سپی کرد قەد نەیتوانی ئامانجی خۆی بپێکێت و  ئەوەی کە پێی نەکراوە و ناشکرێت سڕینەوەی ئازادیە لە ناو ڕۆحمانا.