کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر لێوارەکانی غەززە دەیان چەکداری حەماس کوژران

11:40 - 8 خەزەڵوەر 2723

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر نزیکەی ٦٠٠ ئامانجی حەماس لە غەززە و لەو هێرشانەدا دەیان چەکداری حەماسیان لە لێوارەکانی غەززە کوشتووە.

شەوی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەر، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە میانەی هێرشە زەمینیەکانیدا دەیان چەکداری حەماسیان لە لێوارەکانی غەززە کوشتووە و هاوکات میدیا فەلەستینییەکان بڵاویان کردەوە کە ''ویام هانون'' دامەزرێنەری لیوای جیهادی ئیسلامی لە شاری جەنین لە تێکهەڵچوونێک لەم شارەدا کوژراوە.

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین ڕایگەیاند کە چوار فەلەستینی لە هێرشی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری جێنین لە لێواری ڕۆژاوا کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تا ئێستا زیاتر لە ٨ هەزار فەلەستینی و هەزار و ٤٠٠ ئیسڕائیلی کوژراون، هەروەها لانیکەم ٢٠ هەزار فەلەستینی و ٥هەزار ئیسرائیلی بریندار بوونە.