ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، دایە پەریزاد قوربانی دایکی شەهیدی فەرماندە کاک حوسێن شەمامی بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
دایە پەریزاد قوربانی، کچی عەبدوڵعەزیز خەڵکی شاری سەردەشت بوو و لە ئامێزی خۆیدا چوار کچ و پێنج کوڕی پەروەردە کردن و وەک مرۆڤێکی ئازا و خاتوونێکی بەرێز منداڵەکانی فێری وانەی خۆڕاگری و گەلدۆستی کردن.
دایە پەریزاد خاتوونێکی بەڕێز و حورمەت، دایکێکی مێهرەبان و دڵسۆز و ژنێکی ڕووسوور و خۆشەویست بوو.
لە سەرەتای درووست بوونی هێزی پێشمەرگە دوو لە کوڕەکانی بە ناوەکانی کاک حوسێن و کاک مستەفا راستەوخۆ بوون بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات. لە درێژەی کاری پێشمەرگایەتی دا کاک حوسێن شەمامی بوو بە یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی حیزب و لە زۆربەی شەڕ و بەرگرییەکاندا کاک حوسێن وەک پارتیزانێکی لێهاتوو وەک فەرماندەیەکی بوێر و شارەزا چۆکی بە هێزی زۆر و بۆری دوژمندا دەدا و بە لێزانی خۆی دوژمنی زەبوون کردبوو، زۆر بەداخەوە کاک حوسێن شەمامی لە ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٦٣ی هەتاوی لەگەڵ شەهید فەقێ عەوڵا و شەش پێشمەرگەی دیکەدا لە ناوچەی خاڵەباد شەهید بوون.
کوڕێکی دیکەی دیکەی دایە پەریزاد بە ناوی مەحموود شەمامی دواتر بوو بە پێشمەرگە و ئەوەندەی لە توانای دابوو وەک پێشمەرگە خزمەتی کرد و دواتر کاک مەحموود شەمامی لە وڵاتی ئیسپانیا کۆچی دوایی کرد و لە شاری قەڵادزێ بە خاک سپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە پەریزاد سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسەوکاری ناوبراو خەڵكی شاری سەردەشت دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.