کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێنیامین نتانیاهوو: ئاگربەست بە مانای تەسلیمبوون لە بەرامبەر تێرۆریزمی حەماسە

12:32 - 9 خەزەڵوەر 2723

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاگربەست لەگەڵ ڕێکخراوی حەماسی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە ئاگربەست بە مانای تەسلیمبوون لە بەرامبەر تێرۆریزمی حەماسە.

شەوی دووشەمە ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەر، بێنیامین نتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە هەواڵنێرانی وت: "هەر بەو شێوەیە کە ئەمریکا لە شەڕی جیهانی دووهەم و پاش بوردومانی بەندەری "پێرڵ هاڕبێر"، لەلایەن ژاپۆنەوە و هەروەها پاش هێرشی تێرۆریستی ١١ی سێپتامبر، ڕازی بە ئاگربەست نەبوو، ئەوە ئیسرائیلیش بە ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ دوای هێرشە دڕندانەکەی حەماس، ڕازی نابێت.''

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زیادیشی کرد: "داواکردنی ئاگربەست لە ئیسرائیل، داواکردنە بۆ تەسلیمبوون لەهەمبەر حەماس، تێرۆریزم و بەڕبەڕییەتە و شتی وا ڕوو نادات.''

نێتانیاهوو لە کۆتاییدا جەختی کردە سەر ئەوەی کە ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەر لە حاڵی شەڕدایە، شەڕێک کە بەسەریدا سەپێندراوە، بەڵام ئیسرائیل سەرکەوتووی ئەم شەڕە دەبێت.