بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسان لە ٢١ پارێزگای ئێران زیاترە لەو ڕێژەیەی کە لەلایەن ڕێژیمەوە ڕاگەیەندراوە و ڕێژەی هەڵاوسان لە ٩ پارێزگادا گەیشتووەتە سەرووی ٥٠ لەسەد.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ ٤٥.٥ لەسەد ڕاگەیەندراوە.
هەروەها ئەم ڕاپۆرتە نیشان دەدات کە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە ٢١ پارێزگای ئێران لەو ڕێژەیەی کە ناوەندەکانی ڕێژیم بۆ هەموو ئێرانی ڕایانگەیاندووە زیاترە.
لە لایەکی دیکەوە لە نێوان ئەم ٢١ پارێزگایە، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە ٩ پارێزگای یەزد، چوارمەحاڵ و بەختیاری، سنە، لوڕستان، ئیسفەهان، تەورێز، کرماشان، خوراسانی باکوور و هەمەدان زیاتر لە ٥٠ لەسەد بووە.
پارێزگای یەزد بە ڕێژەی هەڵاوسانی ٥٦.٥ لەسەد بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی هەیە لە دوای ئەویش پارێزگاکانی چوار مەحاڵ و بەختیاری بە ڕێژەی ٥٣.١ لەسەد و سنە بە ڕێژەی ٥١.٩ لەسەد لە پلەکانی دیکەدان.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی دابەزینی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێرانیان کردووە.