کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕکردنەوەی دۆخی ئەمنییەتیی زانکۆی کوردستان

10:38 - 12 رەزبەر 2723

چاودێریکردنی خوێندکاران و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە زانکۆی "کوردستان"ی سنە چڕوپڕتر بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو'' لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ـەوە، چاودێریکردنی خوێندکاران و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە زانکۆی "کوردستان"ی سنە چڕوپڕتر بووەتەوە. ئەم ڕەوتە لە چەند مانگی ڕابردوودا و دوای دەستبەکاربوونی حامد قادرزادە، وەک سەرۆکی نوێی ئەو زانکۆیە کە نزیکە لە ناوەندە ئەمنییەکان و پێشتر ئەندامی لیژنەی زانستیی کۆلێژی کشتوکاڵ بووە، چڕوپڕتر بووەتەوە.

کۆمیتەی ئینزیباتیی زانکۆ لەلایەن "بەرپرسی دامەزراوەی ڕێبەری" لەو زانکۆیە سەرپەرستی دەکرێت و حەراسەتی زانکۆش خوێندکاران بانگ دەکا و لە بڕیاری هەڵپساردن و سەرزەنشتکردنی خوێندکاران دەستپێشخەری کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەسەر داواکاریی ناوەندە ئەمنییەکان، کۆمەڵێکی زۆر کامێرای چاودێری لە چەندین شوێنی زانکۆی "کوردستان" دانراون و لە ڕێگەی ئەم کامێرایانەوە سەرجەم هاتوچۆ و کاروباری خوێندکاران کۆنترۆڵ دەکەن.

بەگوێرەی ئەم زانیارییانە جگە لە شوێنە پەروەردەیی و کارگێڕییەکانی زانکۆ، لە خەوتنگەی خوێندکاریی ئەو زانکۆیەش گوشارێکی لەڕادەبەدەر لەسەر خوێندکارە کچەکان هەیە.

ساڵی ڕابردووش لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان و بەتایبەت ناوەندی پاراستنی ئەو زانکۆیەوە بانگ کراون و بەتوندی هەڕەشەیان لێ کراوە، هەروەها کۆمەڵێکیشیان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.