کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشڕەویی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ قووڵایی کەرتی غەززە

12:35 - 9 خەزەڵوەر 2723

پێشڕەوی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ قووڵایی کەرتی غەززە

جاناتان کێنریکاس، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی خەزەڵوەر، پشتڕاستی کردەوە کە "هێزە زەمینییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی باکووری لێوارەکانی غەززە لە ئامادەییدان و ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانتر دەکەن".

هاوکات لەگەڵ ئەوە باس لە گرژییەکان لە ڕۆژاوای باکووری غەززە دەکرێت و هەروەها هێزەکانی ''عێزەدین قەسام"، باڵی سەربازیی حەماس ڕایانگەیاندووە کە چەند مووشەکی دژەتانکیان ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی زەیتوون لە باشووری غەززە کردووە، کە تا ئێستا لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لێوارەکانی غەززە بە درێژایی ٤٠ کیلۆمیتر و ٦ تا ١٢ کیلۆمیتر پانتایی کەوتووەتە ڕۆژهەڵات و باکووری ئیسرائیلەوە.

شایانی باسە کە  ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەڕ لە دوای هێرشی تێرۆریستیی گرووپی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکرد کە تا ئێستا، پاش ٢٣ڕۆژ لە دەسپێکی شەڕ، ٨هەزار و ٣٠٠ فەلەستینی و هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون. هەروەها ٢١هەزار فەلەستینی و ٥هەزار و ٤٣٠ ئیسرائیلیش بریندار بوونە.

جگە لەمانە هەزار و ٨٧٠ فەلەستینی و ٤٠ ئیسرائیلی بێسەروشوێنن.

هاوکات لەگەڵ ئەمە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەلایەن حەماسەوە لە ڕۆژی هێرشەکەوە ڕفێندراون و بۆ لێواری غەززە گواستراونەتەوە.