کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە لێدوانەکانی خامنەیی سەبارەت بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ ئیسرائیل

11:06 - 12 رەزبەر 2723

وێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕەزبەر، لە وڵامی لێدوانەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، وتی: دامەزراندنی ئەو جۆرە پێوەندیانە دەتوانی ببێتە هۆی گۆڕانکاری ئەرێنی لە ناوچەکەدا.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە گوێی لە لێدوانەکانی عەلی خامنەیی لەوبارەوە نەبووە و وتی: ''کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە کە ڕێککەوتنێکی ئاساییکردنەوەی لەم شێوەیە دەتوانێت چ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بۆ ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە، پێویست ناکات گوێ لە بۆچوونی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بگرین.''

وێدانت پاتێل زیادی کرد: بەشێک لە پێوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک لەو وڵاتانە، لەوانە سعوودیە و ئیسرائیل، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە تێکدەر و ناسەقامگیرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدایە.

هەر لەو ڕۆژەدا عەلی خامنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵوێزەکانی وڵاتانی ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە کە "قوماری ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان" لەگەڵ ئیسرائیل "زەرەرێکی تەواوەتییە".

هاوکات بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وڵامی قسەکانی عەلی خامنەییدا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت پێش بەم پرۆسەیە بگرێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە: لە کاتێکدا ڕێژیمی تیرۆریستی خامنەیی ماڵوێرانی و نەهامەتی دەردەکات، ئیسرائیل پێشکەوتن و ئاشتی پێش دەخات.

لە حاڵێکدا عەلی خامنەیی ڕەخنەی لە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل گرتووە کە عەرەبستان لە ماوەی حەوتوویەکدا میوانداری دووەم وەزیری ئیسرائیلی کردووە.