کاک ڕەحیم مێعماری، کەسایەتیی خوشناو و ئەندامی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەر، کاک ڕەحیم مێعماری ناسراو بە ''وەستا ڕەحیمی شاریکەند''، کوڕی میرزا محەممەدی شاریکەند، کەسایەتیی خوشناو و ئەندامی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
کاک ڕەحیم مێعماری لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و خوێندەواری موکریان ساڵی ١٣٣٥ لە شاریکەندی ناوچەی بۆکان لەدایک بووە و لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران تێکەڵ بە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد دەبێت و وەک ئەندامی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای شەڕی بەسەرداسەپاوی کوردستان، ئەرکی نیشتمانی بە ئەستۆوە دەگرێت.
وەستا ڕەحیم لە کاروباری تەشکیلاتیدا لەگەل شەهید مەنسوور حەقپوور، بەرپرسی کومیتەی شارستانی بۆکان لە پێوەندیدا بووە و پاش گیرانی شەهید مەنسوور لە ساڵی ١٣٦٤ دەسبەسەر دەکرێت و دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر و بەرگری لەژێر ئەو ئەشکەنجانەدا بەھۆی ملنەدان بە ئێعتراف ئازاد دەکرێت.
وەستا ڕەحیم لە ساڵەکانی ١٣٨٥وە تا کاتی نەخوشکەوتنی هەواڵ و ڕاپورت و زانیاریی بۆ تەشکیلاتی حیزب دەنارد و ئەرکی ئەندامەتیی خۆی بە پیری بەڕێوە دەبرد.
وەستا ڕەحیم وەک کەسایەتییەکی خۆشناو و ھاوڕێیەکی بە ئەمەگی نیشتمان جێی باوەڕ و متمانەی خەڵکی بۆکان و ناوچەی بۆکان بوو، دەنگی خۆش و وردبینییەکەی لە ھەڵبژاردنی تێکستی ھونەری و نیشتمانی بۆ بەستە و گۆرانی وای کردبوو کە لەو ساڵانەی دواییدا وەک دەنگخۆشێکی نیشتمانپەروەر بناسرێت کە دەیان بەستە و گۆرانیی کوردیی لە خۆی بە یادگار بەجێ ھێشتووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ڕەحیم مێعماری سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.