کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا حیجاب (لەچک) نەکردن شکاندنی نەریتە؟

21:42 - 13 رەزبەر 2723

مامۆستا هەتاو

 

ئایا حیجاب ( لەچک) نەکردن شکاندنی نەریتە؟ یا خود شکاندنی یاساێکی بەزۆر داسەپاوە بە سەر کۆمەڵگەدا کاتێ دەسەڵات ستوونەکانی مانەوەی خۆی لە سەر چەند نەریتێکی کۆن بەرپا دەکا. ئاشکرایە کە چینێکی تازەپێگەیشتوو ناچێتە ژێر باری ئایدۆلۆژیاێک کە لەگەڵ زانستەکانی سەردەم یەک ناخوێنێتەوە. لە ئەنجامدا نەچوونە ژێر ڕکێفی دەسەڵات لەلایەن خەڵک و پێداگریی حکوەمەتی بەناو ئایینی بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان ناڕەزایەتیی تاکی لێ دەکەوێتەوە. کاتێ تاکەکانی کۆمەڵگە لە ڕووی هزریەوە یەکتر دەدۆزنەوە ماتەوزەێکی ئامادەی تەقینەوە درووست دەبێ کە لە ڕۆژێکی وەکو شەهیدبوونی کچە کوردی بێتاوان  "ژینا ئەمینی‌"دا بەوێنەی گڕکانێک ڕاپەڕین بەرهەم دێنێت. ڕاپەڕینێک هاوکات هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە هەمیش گشت سنوورەکانی ئایدۆلوژیای حاکم تێ‌دەپەڕێنێت بە شێوەێک کە دەسەڵات دەڵێ نابێ پرچت دیار بێت، لە بەرامبەردا کیژ و لاوەکان بەبێ حیجاب لە سەرشەقام سەما دەکەن .

بێگومان گرینگی پێدانی ناوەندی هاوکاری بە تایبەت حیزبی دێموکرات بەو ڕاپەڕینە لە کات و ساتی خۆیدا وەکوو ئەرکێکی مێژوویی نەتەوەیی پێگەێکی تایبەتی بە خەباتی گەلی کورد بەخشی و شۆڕشی ژینا لە ماوەێکی زۆر کورتدا سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە. بە ڕێنمایی و ڕێ‌نیشاندەریی ڕێبەریی حیزب و ناوەندی هاوکاری زۆر سروشتیە شۆڕش لە کوردستان ڕەوتی سەرکەوتن بگرێتە بەر، بەڵام بەداخەوە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران هیچ کە  ناوەندێکی ڕێنماییکەر یا ئۆپۆزسیونێکی چالاک نەبوو، بگرە دژبەرانی شۆڕشی ژینا لە دەرەوەی وڵات چوونە پێستی مەڕ و پتانسیلی ڕاپەڕینیان دامرکاند و ئامانجەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان بە لاڕێدا برد.

ڕاپەڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها ناڕەزایەتی نەبوو بەڵکوو خەباتێکی بەرینی هەمە چەشنە بوو کە توانی لووتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بشکێنێت و بە هەموو لێکدانەوەیەکی سەردەمیانە دەبا ئەو شۆڕشە هەر لە چەند مانگی سەرەتای دەسپێکدا سەر بکەوێ .بەڵام کاتێ درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرگی کوردیی پۆشی و سەرانسەری جیهانی تەنی و ناوی کیژی کورد" ژینا " بوو بە باڵەندەێک و سەردانی پارلەمانی ئۆرووپای کرد و چووە نەتەوە یەکگرتووەکان و بوو بە سەردێڕی گشت ڕۆژنامەکانی دنیا؛ ئەو کات نەیارانی کوردستان وەخۆ کەوتن. ئەوان سەرەتا  ژن، ژیان، ئازادییان گۆڕی بە "زن، زندگی، آزادی" و ڕاستە نێوەرۆکی دروشمەکە نەگۆڕاوە، بەڵام توانیان ئامانجەکە دەستەمۆ بکەن. هەروەها کە نەیاندەتوانی بڵێن ژینا، ناوی "مەهسا"یان خستە سەر زار و هەموو ڕێگاێکیان تاقی کردەوە تا بتوانن هێما کوردییەکان لەو شۆڕشە ڕاماڵن کە بە خۆشییەوە سەرکەوتوو نەبوون.

بەڵێ، پاش چل و چوار ساڵ داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان خەبات بە دژ ئەو ڕێژیمە درێژەی هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەها و پێگەی ڕۆڵە ئازادیخوازەکان بەرزتر دەبێتەوە، بەهای ئازادییش ئەو کاتە دیاری دەکرێت کە باوکی شەهیدێک لە کاتێکدا کە ڕۆڵەکەی بە خاکی کوردستان دەسپێرێت بە وێنەی ڕێبەرێک دەر دەکەوێت و دەڵێ: من ڕۆڵەی خۆم پێشکەش بە نیشتمان کردووە .بۆیە ئەم شێوە هەڵوێستانە متمانەمان پێ دەبەخشێ کە دڵنیا ببینەوە شۆڕشمان سەردەکەوێت .