کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات: داوا لە ڕێکخراوە جیهانییەکان دەکەین لەبارەی چارەنووسی ئارمیتاوە گوشارەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەن

14:41 - 14 رەزبەر 2723

کۆڕوکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ!
کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و کوردستان!


هەروەک هەموولایەک ئاگادارن ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، ٩ی ڕەزبەر ئارمیتا گراوەند کچە کوردی کرماشانیی دانیشتووی تاران لەگەڵ هاوڕێیەکانی لە کاتی چوون بۆ قوتابخانە لە مێترۆی تاران لەلایەن مەئموورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەهۆکاری ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، کەوتەبەرلێدانی مەئموورەکان و دوای لەهۆشچوون برایە نەخۆشخانەی فەجر لەو شارە کە نەخۆشخانەیەکی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمە.
دوای ئەم ڕووداوە هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەپەلە و بۆ پێشگرتن بە ناڕەزایەتیی خەڵک دەسبەجێ ڕێوشوێنی توندی ئەمنیەتییان گرتەبەر و تا ئێستا ڕێگایان بە هیچ کەس نەداوە چاوی بە ئارمیتا بکەوێ، تەنانەت ڕۆژنامەنووسێکی یەکێک لە ڕۆژنامەکانی تاران کە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەو ڕووداوە سەردانی نەخۆشخانەی فەجری کردبوو، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا کە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە ئازاد کرا. هەروەها هێزەکانی ڕێژیم بۆ چەند کاتژمێرێک چەند هاوپۆلییەکی ئارمیتایان دەسبەسەر و هەڕەشەیان لێ کردوون کە نابێ لەسەر ئەو ڕووداوە هیچ قسەیەک بکەن. لەوانە گرینگتر شەهین ئەحمەدی دایکی ئارمیتا کە بۆ دیتن و ئاگاداربوون لە دۆخی کچەکەی سەردانی نەخۆشخانەکەی کردبوو لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕێگای پێ نەدراوە و لەوپەڕی سەرسوڕمان و لەو دۆخە ناخۆشەدا و سەرەڕای کارەساتێک کە بەسەر کچەکەیان هێناوە، بێشەرمانە دەسبەسەریان کردووە و هەتا ئێستا ئازاد نەکراوە.
ئەوەی خەڵکی ئێران و کوردستانی لە بەسەرهاتی ئارمیتا گراوەند نیگەران کردووە، دوبارەبوونەوەی ڕووداوی لێدان و گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیە کە تا ئێستاش ڕێژیم ئامادە نەبووە ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوە وەئەستۆ بگرێ. بۆیە داوا لە کۆڕوکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و هەروەها چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و کوردستان دەکەین کە فشار بخەنە سەر ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی کە ڕاستیی ڕووداوەکە بۆ خەڵک  و بیروڕای گشتی ئاشکرا بکەن و چیتر بە بیانووی حیجابی زۆرەملێ کچان و ژنانی وڵاتەکەمان تووشی ڕووداوی وەها و بێ‌ڕێزی و بێ‌حورمەتی نەکەن.

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢