کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی دانی خەڵاتی نۆبڵ بە نەرگس محەممەدی بە بەشێک لە شەڕی فرەچەشنی ڕۆژاوا دژبە خۆی لەقەڵەم دەدات

10:38 - 15 رەزبەر 2723

کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، دوێنێ هەینی ١٤ی ڕەزبەر، ناوی نەرگس محەممەدی، چالاکی مافەکانی مرۆڤ، زیندانیی سیاسی و پشتیوانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی وەک براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند.

ئەم بڕیارەی کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، هەڵوێستی جیاوازی ئێرانییەکانی لێکەوتووەتەوە؛ چالاکانی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە دەستکەوتێک بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی وڵاتەکەی دەزانن. بەڵام خودی کۆماری ئیسلامی، بڕیارەکەی پێ کایەیەکی سیاسییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای مەحکومکردنی بڕیاری دانی خەڵاتی نۆبڵ بە زیندانیی سیاسی، نەرگس محەممەدی، بڕیارەکە بە سیاسیکاری و دوژمنایەتیی ڕۆژاوا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لێک دەداتەوە.

ڕۆژنامەی "کەیهان"ی نزیک لە ڕێبەری ئێران، عەلی خامنەیی بە ڕیزکردنی ناوی چەند کەسێک لە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ، وەک "باراک ئۆباما، دۆناڵد ترەمپ، ناتانیاهۆ، جۆرج بۆش و ئانگ سان سوچی"، نووسیویەتی، ئەگەر لە ئاکار و کردەوەی ئەم کەسانە ورد دەبییەوە، بۆت دەردەکەوێت کە خەڵاتی نۆبڵ جیا لە گاڵتەجاڕی و کایەیەکی سیاسی، شتێکی دیکە نییە.

هەر ئەم ڕۆژنامەیە لەسەر نەرگس محەممەدی، وەرگری خەڵاتەکە دەنووسێت: "نەرگس محەممەدی ئەندامی ڕێکخراوی تێرۆریستیی موجاهدینی خەڵق بووە و پشتیوانی لە بنەماڵەی تێرۆریستێکی وەک ڕامین حوسێنپەناهی لە کوردستان کردووە."

ڕۆژنامەیەکی دیکەی نزیک لە عەلی خامنەیی، "ڕەساڵەت" لە سەروتاری ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا بە وەبیرهێنانەوەی ڕووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دەنووسێت: "ڕۆژاواییەکان بە هەمووی تواناوە لەم ڕووداوە شەڕێکی ڕەوانییان دژ بە ئێران وەڕێخست و دانی خەڵاتی نۆبڵ بە نەرگس محەممەدی، درێژەی هەمان سناریۆیە و دەیانهەوێت وا بە دژبەرانمان بنوێنن کە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتەکەمان دەکەن."

هەر لە پێوەندی لەگەڵ دانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بە خاتوو نەرگس محەممەدی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای دەستخۆشی لە کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە خاتوو نەرگس محەممەدی و سەرجەم ژنانی زانا و ئازای کوردستان و ئێران و هەروەها هەموو ئەو کەسانە کرد کە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و ئازادی لە هیچ چەشنە زەحمەت و تێکۆشانێک وێڕای تێچووی زۆرەوە، تەنەخی ناکەن.