کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە چارەنووسی "ئارمیتا گەراوەند"

10:57 - 15 رەزبەر 2723

ماوەی نزیک بە یەک حەوتوویە کە کچە قوتابیی کورد، ئارمیتا گەراوەند"ی تەمەن ١٦ ساڵ و قوتابیی یەکێک لە هونەرستانەکانی تاران بەهۆی لێدانی بەئەنقەست لە مێترۆی تاران لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە کۆمادایە. 
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، گوشاری بۆ دایک و بابی ئارمیتا هێناوە و تەنانەت دایکی ئارمیتا، شەهین ئەحمەدیی دەسبەسەر کردووە، هەروەها هەڕەشەی لە مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەی ئارمیتا گەراوەند کردووە کە سەبارەت بە ئارمیتا هیچ زانیارییەک نەدرکێنن و لە باسکردنی بۆ ڕاگەیاندن و یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆ بپاریزن، دەنا چارەنووسی ئارمیتاکان چاوەڕێیان دەکات. تەنانەت مەئمورانی ئەمنییەتیی ڕێژیم لە نەخۆشخانەی فەجری تاران، هەڕەشە لە پزیشک و پەرستارەکان دەکەن کە نابێ مۆبایل لەگەڵ خۆیان بۆ ژووری ئارمیتا ببەن!
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوون و هیواداربوون بە گەڕانەوەی ئارمیتای ئازیز بە سڵامەتی بۆ کۆڕی بنەماڵە و هاوڕێکانی، داوا لە مامۆستایان و قوتابییانی ئازادیخوازی گەلانی ئێران و بنەماڵەی قوتابییان و خوێندکاران دەکات تا لەهەمبەر کردەوە قێزەونەکانی ڕێژیم بێدەنگ نەبن و دەنگی ناڕەزایەتی بە شێوەی جۆراوجۆر دەرببڕن. ئەگەر ئەمڕۆ ئارمیتا لە کۆمادایە سبەی نۆبەی ئارمیتا و ژیناکانی دیکە دەبێت. بۆیە بۆ پێشگرتن و دووپات نەبوونەوەی ئەو کارەسات و ڕووداوانە، بە یەکگرتوویی و یەکیەتی و یەکدەنگی، هەڵوێست بگرین و دەنگ و هاوارمان لە شەقام تێکەڵ بە یەک بکەین بە دژی ڕێژیمی منداڵکوژی کۆماری ئیسلامی.


یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢