کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو و هاوڕێی نزیکی دوکتور سادق شەرەفکەندی لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

11:14 - 15 رەزبەر 2723

کاک عەبدولکەریم خەڕازی، کەسایەتی و هاوڕێی نزیکی دوکتور سادق شەرەفکەندی، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۱۳ی ڕەزبەری ۱٤۰۲ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک عەبدولکەریم خەڕازی کوڕی خوالێخۆشبوو حاجی محەممەد خەڕازی لە ساڵی ۱۳۱۵ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و هەر لەو شارە نیشتەجێ بووە و قۆناغەکانی خوێندنی یەک لە دوای یەک هەر لە مەهاباد تێپەڕاندووه. تا ئەو کاتەی لە ڕشتەی ئەدەبیاتی فارسی لە زانکۆی شاری تەورێز درێژەی بە خوێندن داوە و بڕوانامەی لیسانسی وەرگرتووە.

دواتر کە بڕوانامەی لیسانسی لە ساڵی ۱۳٤۳ی هەتاوی له زانکۆی تەورێز وەرگرتووە، گەڕاوەتەوە مەهاباد و وەک مامۆستا له قوتابخانەکانی شاری مەهاباد خزمەتی کردووە.

کاک عەبدولکەریم خەڕازی هاوڕێی نزیکی دوکتور سادق شەرەفکەندی بووە و لەیەک قوتابخانە وەک هاوڕێ بە یەکەوە خوێندوویانە. هاوڕیەتیی کاک عەبدولکەریم خەڕازی لەگەڵ دوکتور شەرەفکەندی تا ئەو کاتەش کە دوکتور شەرەفکەندی ناوخۆی وڵات جێ دەهێڵێت بەردەوام دەبێت و وەک هاوڕێیەکی وەفادار چاوەدێری دوخی بنەماڵەی دوکتور شەرەفکەندی دەکات و بە بەردەوامی پێوەندیی لەگەڵ دوکتور شەرەفکەندی و بنەماڵەکەی دەگرێت و تا ئەو کاتەی دوکتور شەرەفکەندی شەهید دەبێت، پێوەندیی چڕوپڕی لەگەڵی هەبووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عەبدولکەریم، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.