ئا: عەلی لەیلاخ
حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزارندنییەوە تاکوو ئێستا ئەو دەرەتانەی بۆ نەڕەخساوە کە وەکوو حیزبێکی سیاسی و خاوەن بەرنامە چالاکیی سیاسیی خۆی هەبێ و بەپێچەوانەوە و بە بەردەوامی لەلایەن ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکان لە ئێران هەوڵ دراوە بەشێوازی جۆراوجۆر هەناسەی لێ ببڕن.
سەرەڕای هەموو ئەو هێرش و لێدانانە کە زیانێکی گەورەی بە توانا مرۆییەکانی ئەو حیزبە گەیاندووە، ئێستاشی لەگەڵ بێ حیزبی دێموکرات چ وەکوو ڕێباز و ڕێچکەی سیاسی بۆ خەڵکی کوردستانی ئێران و چ وەک قەوارە و ناونیشانێک بۆ ئازادیخوازانی کورد هەر ماوەتەوە و لەبەرامبەریشدا گەیشتووەتە ئاستێک کە دەگوترێ هیچ هاوکێشەیەکی سیاسی لە ئێران بە بێ کوردستان ناگاتە ئەنجام و هیچ کردەیەکی سیاسیش لە کوردستان بەبێ حیزبی دێموکرات سەرناگرێ.
کەواتە هیچ ئاڵۆڕێکی سیاسی لە ئاستی ئێران بەبێ موشارەکەت و بەشداریی حیزبی دێموکرات بە دڵنیاییەوە سەر ناگرێ.
پرسیار ئەمەیە حیزبێک کە بە پێی پێڕەو و بەرنامەی سیاسی خۆی کە لەسەر سێ بناغەی گرینگی دێموکراسی و مافی نەتەوەیی و کەرامەتی ئینسانی دامەزراوە، بۆچی لەگەڵ زیاترین و زۆرترین کردەوەی تیرۆریستی ڕووبەڕوو بۆوەتەوە؟
ئاگری ئیسماعیل نەژاد:
بنەمای بزووتنەوی کوردستان بەگشتی و بنەمای دامەزرانی حیزبی دێموکرات لەسەر یەک شتە، ئەویش قاییم بە مافی سەروەری بۆ نەتەوەی کورد، واتە پێداگری لەسەر پرسی شوناسی سەربەخۆی کورد و خەبات لەپێناو دەستەبەری ئەو مافەدا. ئەو داوایە کاتێک لەبەرانبەر ئەو ڕوانگەیەی فارسەکان لە ئێران لە بەرانبەر ئەو کۆڵەکانە دادەنرێ کە دەسەڵاتی ئێرانی لەسەری دامەزراوە، واتا تاکدینی، تاکزمانی و شوناسی ئەفسانەیی سازکردن و تواندنەوەی هەموو شوناسەکان لەنێو ئەو شوناسەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هۆکاری سەرەکیی دژایەتیی دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی ئەوەیە کە دەسەڵاتی ناوەندی باوەڕی بە شوناسێکی یەکسان له جوغرافیای خۆیدا هەیە؛ بەڵام بزووتنەوەی کوردی و حیزبی دێموکرات باوەڕی بەوەیە شوناسی کورد شوناسێکی سەربەخۆیە لەو شوناسە ئێرانییە خەیاڵییە کە هەوڵ دەدرێ بە سەریدا بسەپێنن. ئەو شوناسە سەربەخۆ کوردییەش مافی دەسەڵاتدارەتیی هەیە و سرووشتییە وەختێک ئەو مافەی هەبێت، مافی کۆمەڵایەتی، کولتووری و فەرهەنگییش بەدوای خۆیدا دێ لە گەڵی.
بۆیە ئەوان هەمیشە حیزبی دێموکراتیان بە سەرچاوەی نەمانی خۆیان زانیوە و هۆکارەکەش ناگەڕێتەوە سەر ئەوەی بڵێین دەسەڵاتی سیاسی یان هێزی حیزبی دێموکرات ئەوەندە بووە کە بتوانێ شوناسی ئەوان لەبەین ببات، بەڵکوو بنەمای فکریەکە بە شێوەیەکە لە بەرانبەر بنەمای فکری ئەواندا ڕادەوەستێ. یانی تۆ ئەو بەرت بزووتنەوەی کوردییە کە باوەڕی بە پلۆرالیزم، مافی ئینسانەکان و مافی شوناسی سەربەخۆ هەیە. یانی ئەو بەری تۆ ڕوانینێکە هەموو ئەو شتانە ڕەت دەکاتەوە و باوەڕی بە شوناسێکی خەیاڵیی ٢٥٠٠ ساڵە و زمانی فارسی و ئایینزای شیعە وەک ئایین و زمانی هەمووان هەیە و لە پشت ئەوانەوە هەموو شوناسێک دەسڕێتەوە. بەمجۆرە سروشتییە کە گوتاری حیزبی دێموکرات وەک گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی ڕێک بەرانبەر بە گوتاری ئێرانییە و بۆیەش ئەوان چ لە قاڵبی ئۆپۆزیسۆندا و چ دەسەڵاتدا هەمیشە دژایەتیی گوتاری حیزبی دێموکراتیان کردووە.
***
بە چاوخشاندنێک بە مێژووی ئەو حیزبە و کۆی ئەو کارەساتانەی بەسەریدا هاتووە بۆمان دەردەکەوێ کە دامەزران و گەشەکردنی ئەم حیزبە وەکوو دەرفەتێکی سیاسی و ژیرانە بووە بۆ بنیاتنان و پەرەپێدان بە دێموکراسی و بەها ئەخلاقییەکان لە کۆی ئێران و نێو گەلانی ئەو جوغرافیایە؛ بەم پێیە قسەیەکی بێجێ نییە گەر بڵێین ئەو حیزبە بۆ گەشەی داری ئازادی و دێموکراسی تێچوویەکی خوێناوی داوە و هەموو ئازادیویستانی غەیرەکوردیش دەبێ خۆیان بەقەرزداری بزانن.
وەک روئیا حەکاکیان ژنەنووسەری فارس لە پێوەندی لەگەڵ کردەوە تیرۆریستییەکانی ڤییەن و میکۆنۆسدا دەڵێ: ڕێبەرانی شەهیدکراوی حیزبی دێموکرات تەنانەت لە ئاستی ئیدارەکردنی کۆی ئێرانیشدا بوون بۆیە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی دا بۆ تیرۆرکردنیان.
مامەند ڕۆژە
سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە سیاسەتێکی ئەمنیەتی بووە و لەنێو سیاسەتی ئەمنیەتیشدا ئەو ستراتیژییەی کە شوڕای عالیی ئەمنیەتی میللی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایڕشتووە، تێرۆریزەکردنی پرسی کوردە. سەردەمێک بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە هێرش و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پاشەکشه بوو، سەردەمێک جۆرێک لە هاوسەنگی ستراتیژیک دروست بوو، سەردەمێکی تریش بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان چەند جارێک لە دوای یەک شکستی قۆناغی خوارد و ناچار بوو پاشەکشە بکا بۆ قووڵایی باشووری کوردستان. لەم پاشەکشەیە بەتایبەت کاتێک پێگە ستراتیژیکەکانی خۆی لە زەنجیرە چیاکانی زاگرۆس لەدەست دا، لەم دۆخەدا کۆماری ئیسلامی له ڕووی سیاسەتی ئەمنیەتیی خۆیەوە کەوتە پۆزیسیۆنی هێرشبەر لە پۆزیسیۆنی هێرشبەریشدا هەموو مێتۆدەکانی تێرۆر، ڕەشەکوژی و ڕاودوونانی تاقی کردۆتەوە. ئەم قۆناغەش دەکرێ بە سەر سێ قۆناغدا دابەش بکەین. قۆناغی یەکەم لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە زۆرتر کادری لیدەری بە ئامانج دەگرت. قۆناغی دووهەم سەرەتاکان و نێوەڕاستەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بوو کە نەک هەر کادری سەرکردە، بەڵکوو کادرەکانی مامناوەندیی و کادرەکانی خوارەوە و پێشمەرگەشی بەئامانج دەگرت. ئەو جۆره ڕەشەکوژییەشی بە ژمارە تەنیا ئەمە نەبوو تاک بکاتە ئامانج، بەڵکوو بەگرووپیشی بەئامانج دەگرت و لە ژارخواردووکردنەوە بگرە تا هێرشی سەربازی و تەقاندنەوە و دانانەوەی مین کە بەم شێوە زیاتر لە ٢٥٠ کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوونە قوربانی. قۆناغی سێهەمیش لەم ١٠ساڵەی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە و بە هێرشی مووشەکی و دڕۆن و تێرۆر و ڕاکێشان و کوشتنی جۆاروجۆر دەیباتە پێشێ. شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حیزبی دێموکرات شەڕ لەگەڵ شەرعییەتی بزووتنەوەی سیاسیی کوردە کە لە چەند ڕەهەندەوە ڕەوایی هەیە.
یەک لە ڕەواییەکان، ڕەوایی خاک و خەڵک و ئیرادەی سیاسییە. هەر جۆرە مەشرووعیەتێک پێوەندی بە خاک و خەڵک و دۆزی سیاسی و خەڵکەوە هەبێ و بەتایبەت مافی ڕەوا و مەزڵوومییەت لەئارادا بێت و ئەم سیاسەت و ستراتیژییە لە خەڵک و خاک و ئیرادەی مێژووییەوە هەڵبقووڵێ، بەئاسانی بنەبڕ ناکرێت. ئەم شەرعییەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا چەند قۆناغێکی بڕیوە، وەک ڕێفڕاندۆم و هەڵبژاردنەکانی سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی. ئێمە دەزانین کە لە هەڵبژاردنی مەجلیسی خۆبرەگاندا نوێنەرەکانی حیزبی دێموکرات ژمارەیەکی یەکجار زۆری دەنگی خەڵکی کوردستانیان بەدەست هێنا، لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی دەوەی یەکەمی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیشدا بەربژێرەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر دەنگی خەڵکی کوردستانیان بەدەست هێنا و ئەمەش شەرعییەتێکی هەڵبژاردنە، شەرعییەتێکی قانوونیی دێموکراتێک. جگە لەمەش کاتێک بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بەرگریی ڕەوای دەست پێ کرد و لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا دەستی بۆ چەک برد، مقاومەتێکی میللی هەر لە ماکۆ و خۆیەوە هەتاکوو کرند و شاباد لە پارێزگای کرماشان دەستی پێ کرد و سێ پارێزگای کوردستانی گرتەوە. لە قۆناغی مقاومەتی میللیی بەرگری ڕەوادا، خەڵکی کوردستان پشتیوانی سەرەکیی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بوون.
***
بەم خوێندنەوەیە دەتوانین بڵێین حیزبی دێموکرات بۆتە قوتابخانەیەک بۆ پەرەدان بە حەقانیەتی خەباتێکی ڕەوای شوناسخوازانە لەسەر بناغەی پێوەرە ئینسانی و دێموکراتیکە جیهانییەکان. ئەگەرچی هێشتا لەلایەن پیلانداڕێژەرانی مەدرەسەکانی "حقانی" لە قوم و تاران هێشتا سێبەری سامناکیی تیرۆرو ڕەشەکوژیی لەسەرە. کەواتە پرسیاری جیددی لێرەدا ئەوەیە کە بۆ دەبێ حیزبێک کە تەنیا بەتەمای دەستەبەرکردنی مافی خەڵکی خۆی نییە، بەڵکوو مافی گەلانی دیکەیشی ڕەچاو کردووە و باس لە دێموکراسییەکی بەرفراوانی هەمەگیر بۆ کۆی ئێران دەکات، وەها دڕندانە بەر پەلامار بکەوێ؟
لە دەسپێکی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تاکوو ئێستە دەوڵەتی سێبەر هەموو کات دەسەڵاتی لە دەوڵەتی یاسایی زیاتر بووە؛ بەتایبەر دوای مردنی خومەینی ئیتر ئەوە دەوڵەتی سێبەر بوو کە ڕێوشوێنی بۆ دەوڵەتی یاسایی دیاری دەکرد.
خومەینی مرد، بەڵام شێوەڕوانینی بۆ دژبەرانی ئەو ڕیژیمە و حوکم دەرکردنی بۆ لێدان و لەنێوبردنی جیابیران وەکوو ئەركێک لە مەردەسەی ڕیفا و کۆشکی فیرۆزە هەتا بچووکترین ناوەندی ئەمنیەتی بە دەقنەشکاوی مایەوە و هەر چل رۆژ پاش نەمانی، بۆ ئەوەی بڵێن ڕێژیم بە مردنی دامەزرێنەرەکەی هەر ڕێگەی ڕەشی هەڕەشە و کوشتن بەر نادا، سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکرات، د.عەبدوڵرەحمان قاسملوویان تێرۆر کرد و بە هەناسەبڕکێوە تەنیا سێ ساڵ دواتر پەلاماری جێگری بەحەقی قاسملوو، دوکتور سادق شەرەفکەندیشیان دا و لە میکۆنۆس شەهیدیان کرد. ئەمە زەبرێکی گەورە و گران بوو بۆ حیزبێکی لە حاڵی شۆڕش کە لە زێد و خاکی خۆی دوورە! بەڵام ئەو کەشتییەی سەر زەریای زوڵم و زەلکاوی کوشتن و بڕین ڕانەوەستا و لەگەڵ ئەوەیکە زۆرترین زیان و زەربەی لێ کەوتووە، بە پاراستنی پڕەنسیپ و بەها ئینسانی و خەباتکارانەکانی خۆی درێژەی بە ژیانی سیاسی خۆی داوە.
لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا کۆماری ئیسلامی هەم شەقامە ڕازاوەکانی وڵاتانی ئورووپایی بە قوڕولیتەی تێرۆر قیزەون کرد، هەمیش بە پێشێلکردنی یاسا و ڕێسای دراوسێیەتی خاکی عیراق و هەرێمی کوردستانی کردە مۆڵگەی تێرۆریستەکانی و مەیدانی ڕمبازێن و تەڕاتێنەکانی خۆی؛ ئەویش لەژێر ناوی باشترین بەرگریکردن هێرش بردنە! کە دیتمان بە شێوازی جۆراوجۆری وەک دەرمانداوکردن، تەقینەوە، ڕفاندن و تێرۆر زیاتر لە ٣٠٠ کادر و پێشمەرگەیان تێرۆر کرد. بەڵام سووڕی خوێناویی هێرش بۆ سەر حیزبی دێموکرات لە ١٧ خەرمانانەوە بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبە چووە قوناخێکی دی. مووشەکبارانی قەڵا و بنکەکانی دیکەی ئەو حیزبە کە بە دەیان ئەندامی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگە و ژن و منداڵی تێدا شەهید بوون، پەڵەیەکی ڕەشی دیکەی کردەوە تێرۆریستی و تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دوژمنایەتیی ڕێژیم لەگەڵ حیزبی دێموکراتە کە ئەگەر بەجیددی سەرنجی درابا و پێش بەو هەوسارپچڕاوییە زێدەخوازانەی کۆماری ئیسلامی گیرابا، لەوانەیە دووپاتبوونەی هێرشە مووشەکییەکەی ٦ی ڕەزبەر و هێرشەکانی مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بەو شێوەیە نەبووایە.
لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانان بەولاوە کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی دڕندەی خۆیی نیشان داوە بۆ لێدان لە تێکۆشەرانی دێموکرات کە مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە مافخوازی و ئازادیویستی و شوناسخوازی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کۆماری ئیسلامی بنکەی سیاسیی ئەو حیزبەیان بە مەبەستە پێکاوە و ئامانج لە هێرشکردن بۆ سەر بنکەی سیاسیی لە واقیعدا هەر درێژەی پڕۆسەی لێدان و تێرۆری ڕێبەرایەتی و کادر و ئەندامانی ئەو حیزبەیە، دەنا خۆیشیان باش دەزانن ئەوەیکە دەڵێن کاکڵەی ڕاستەقینەی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. جا ڕێژیم کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسییانەی لەگەڵ حیزبێکی بەمێژوو بەڕابردوو نییە، هەر زمانی مووشەک و هەڕەشە شک دەبات. ڕاستە ئەم هێرشانە زیانێکی گەورەی گیانی لێ داوین و زۆر بنکە و بارەگامان لەو سۆنگەیەوە وێران بوون؛ بەڵام ئەوەی ڕێژیم ناتوانێ زەفەری پێ ببات، ئازادی خەبات بۆ ئازادی و ئازادیخوازیی تێکۆشەرانی دێموکراتە.
***
حەمەنەزیف قادری
دوای ڕاپەڕینی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و ئەو دۆخە نوێیەی لەو سۆنگەیەوە هاتە ئاراوە، کۆماری ئیسلامی لەو کاتدا کە هێشتا دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەنجوومەنی وەزیران، پاڕلمان، دامەزراوە ئەمنییەکان نەکەوتبوونە سەر پێ، لەو دەرفەت و بۆشایی دەسەڵاتە کەلکی وەرگرت و دەیان کردەوەی تێرۆریستیی لەدژی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات کرد.
باسێکیتر لە ئاڵوگۆڕەکانی نێوخۆی عێراق بەتایبەت دوای ٢٠٠٣ کە حکوومەتی بەعس ڕووخا و پاشاگەردانی لە عێراق ڕووی دا، کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێڕاق بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی دا گرووپە میلیشاییەکان ڕێک بخات و تەیاریان بکات و ئەو گرووپانە بەشێکی هەرەزۆریان ئەو لایەنانە بوون کە لە کاتی نیشتەجێبوونیان لە ئێران لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوون. هەر لەجێشدا پرسی ئیدئۆلۆژیکیی ناردنەدەرەوەی شۆڕش و دواتر پرسی بەهاری عەرەبی و کۆمەڵێک ئاڵۆگۆڕی سیاسی کە لە ناوچەدا ڕوویان دا؛ کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتانی ناوچە و تەڕاتێنی لە سووریە، لوبنان و یەمەن هەڕەشە و قەیرانی ئەمنیەتیی لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست کرد. لەو چوارچێوەیەشدا لە ڕێگەی ئەو گرووپه نیابەتی و میلیشیایەی ڕێکی خستوون و هەر لەجێدا لەژێر چەتری سپای قودس و دامەزراوە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامیدا ڕێک خراون؛ کەوتە سڕینەوە و لێدان لە دژبەرانی خۆی. تەنانەت نەک لە ناوچە کوردییەکان، بەڵکوو لە ناوچە سوونەنشینەکان و تەنانەت لە شوێنە شیعەنشینەکانی عێراقیشدا کۆمەڵێک کەسایەتی و سیمای ناسراوی دژبەری خۆی تێرۆر کرد. بۆیە کۆماری ئیسلامی لە هەر شوێنێک بۆشاییەک بێ، لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانی خۆیەوە سیاسەتی تێرۆر و قەیرانخوڵقێنیی خۆی دەباتە پێشێ.
***
بێگومان ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانی و دەوڵەتان بەجدی لەبەرانبەر ئەو دەستدرێژییانەی کۆماری ئیسلامی کەمتەرخەم نەبان، بەرنامە پەهبادییەکانی کۆماری ئیسلامی ئاسایشی وڵاتانی ناوچە و وڵاتێک وەکوو ئۆکراینیشی نەدەخستە مەترسییەوە. جیا لەم پرسانەی باس کران ئەو ڕاستییەش دەبێ بخرێتە بەر باس کە بەتەنیاجێهشتنی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە ئاگری جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا ژن و منداڵی بێدیفاع و تێکۆشەرانی ئەو حیزبەی نەکردە قوربانی، بەڵکوو دووکەڵی ئەم شەڕەنگێزییانە لایەنەکانی دیکەشی گرتەوە و هەڕەشەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی و پێشکەوتنەکانی لە پیشەسازیی دڕۆنسازیدا مەترسیی ئەمنیەتیی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی دروست کردووە. هەر بۆیە ڕاوەستان بەرانبەر بە کردەوە تیرۆریستییەکان و لەقاودانی پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بەدژی حیزبێکی سیاسی و خاوەنڕابردووی وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گەرەنتییەکی قایمە بۆ ئەمنیەتی گشتی و بۆ پێکەوەژیانی سیاسی لە ئێستا و لە داهاتوودا.
ناسر باباخانی
بەداخەوە بەشێک لەو کارەساتانەی بەسەر ئێمە دێ ڕاستە بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی دەسەڵات بە زەبری ئەو هێزه سەختئامێرەی هەیەتی بەسەر ئێمەیدا دەیسەپێنێ، بەڵام لە هەمووی ئەو قۆناغانەدا کە کورد قوربانی کراوە، بە شێویەک بۆخۆیشی نەیتوانیوە خۆی لە دۆخی قوربانی ڕزگار بکا بۆ ئەوەیکە بتوانێ دەنگی خۆی بگەینێتە ئەو شوێنانەی دەتوانێ شوێندار بێ و لە داهاتوودا بتوانێ یارمەتیدەری بێت.
سەبارەت بە پرسی مووشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانان تا ٢١ی خەرمانانی ئەو ساڵدا لە ماوەی ئەو ٥ ڕۆژەدا ئەو جموجۆڵەی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ساز بوو، بە تایبەتی کە ئەوپەڕەکەی لە ٢١ی خەرماناندا خۆی نیشان دا و خەڵک وەک پشتیوانیی سەرەکیی بزووتنەوەی کوردی بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان نیشانیان دا تا چ ڕاەیەک گوتاری ئەم حیزبە لەنێو دڵ و دەروون یان با بڵێین مێشک و زەینی تاکەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پەرەی ستاندووە. ئەمن هەر ئەوکات پێشنیارم کرد ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی خۆڕاگریی نەتەوەیی نێودێر بکرێ. چونکی کاتێک کارەساتێکی ئاوەها ڕوو دەدا و ڕەنگدانەوەی بەربڵاوی هەبوو لە میدیا و ڕێکخراوە جیهانییەکان و تەنانەت کەسێکی وەکوو نیکی هەیلی -کە ئەوکات باڵوێزی ئەمریکا بوو له نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێستا دەیهەوێ خۆی بەربژێر بکا بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری ئەمریکا- بەڕاشکاوی باس لەوە دەکا و یەکەم جارە ناوی حیزبێکی سیاسیی کوردی بەڕاشکاوی بێنی و باس لە ڕادەی قوربانیان و زیانلێکەوتووان و ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بێنی؛ بە باوەڕی من ئەوە دەتوانێ پۆتانسییلێکی بەهێز بێت بۆ ئەوەیکە تیمێکی یاسایی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە بکەن. بەڵام بەداخەوە ئێمە لەو جۆرە مەیدانەدا لاواز بووین. تەنانەت لە کەیسی شەهید بوونی د. قاسملووشدا ئاکامێکی ئەوتۆ وەرنەگیرا. ڕاستە لە میکۆنووسدا کورد توانی هیچ حەیایەک بە کۆماری ئیسلامییەوە لە جیهاندا نەهێڵێ، بەڵام دیسان بە باوەڕی من دەکرا کورد لەو کارتە زیاتر کەڵک وەربگرێ بۆ بەرەو پێشبردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد... .
***
ئەحسەن حەسەنپوور (مافناس)
لە یۆنانی باستان گوتیانە ئەگەر خواکان گەرەکیان وێت کەسێک نابوود بکەن، بەر لەوە تووشی جنوونی دەکەن. ئەو هێرشە ئاسمانییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی حیزبە کوردییەکان و شەهیدکردنی ژنان و منداڵان و مرۆڤە مەدەنییەکان نیشانەی جنوونێکە و ئەو جنوونەش خاونەکەی بەرەو مەرگ و نابوودی ڕەکێش دەکات.
ئێمە ئەگەر لە بواری یاساییەوە بمانەوێ ئەم کەیسە ئانالیز بکەین، قەتعەن ئەوەی ڕووی داوە جینایەت و تاوانە، بەڵام یاسای نێونەتەوەیی وەکوو سیستم وەکوو عەمڵ ناکات و ئەوە نییە ئێمە بتوانین بە متمانەوە چاوەڕێی کاردانەوەیەکی سازمانە مەربووتەکان بین. ئەمە واقعیەتێکی تاڵە، بەڵام ئێمە دەبێ قەبووڵی کەین ئەو نائۆمیدیە لە ئۆمێدێکی واهی و پووچ بۆ ئێمە بەنرخترە. ئەو شتەی دەتوانێ خەڵکێک ڕزگار بکات، درۆ یا ئۆمیدی واهی و پووچ نییە، بەڵکوو ناهۆمیدیە. ئێمە لەگەڵ ئەم واقعیتە سەختە بەرەوڕووین کە تەنیاین و تەنیا لایەنێک کە دەتوانێ ڕزگارمان بکات، هەر خۆمانین و متمانەکردن بە خۆمانە. بەڵام ئەو ناهۆمیدیە نابێ ببێیتە هۆی بێدەنگی. کۆمەڵگەیەکی زیندووە لە بەرانبەر تاوان و جینایەتدا بێدەنگ نییە. هانا ئارێنت لە تەحلیلەکانی له سەر ئورشەلیمدا دەڵێ: ئەگەر تاوانبار و جینایەتکارەکان موحاکمە نەکرێن و سزا نەدرێن، ئەوە بێڕێزییە لە حەق قوربانییەکاندا. هەر هەنگاوێک لەم ڕێگە کە داکۆکی لە قوربانییەکانی ئەم جینایەتانەی ڕێژیم دەکا بەنرخە و دەتوانێ لە خزمەت ڕزگارکردنی ئێمە دابێت. بێگومان قوربانییەکان قەت ڕوخساری جەللادەکانیان لەبیر ناکەن.
***
پاش هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕەزبەر و خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا (١٤٠١)، بیرەوەریی شەهیدانی ئەو هێرشانە و قەڵای دێموکرات وەکوو بیرەوەرییەکی خوێناوی لە یادمان دەمێنێتەوە. لەوەش دڵنیاین قەڵای خۆڕاگری و تێکۆشانی خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری کوردستان، بنەماڵەی سەرفەرازی شەهیدان بەتایبەتی شەهیدانی هێرشی هەوایی بۆسەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات بە هیچ هێزێک لەبن نایەت.
ئێوە هەر ئەو خەڵکەن کە لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو سەلماندتان کە هێزی حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له نێوخۆی وڵاتە.