کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانبەخشین لەپێناوی ئازادژیاندا (شەهید حەمەکەریم فرووغی)

21:26 - 15 رەزبەر 2723

برایم چووکەڵی

 

سروشتی ئەفسوناویی کوردستان بە ئاو و هەوای سازگار و دار و دەوەن ‌و، چەم و چەمەن ‌و، تاڤگە و شەتاو و لوتکە و، بنار و زەمەند و، بژوێن و قۆپی‌ و نزار و، نواڵ و لاپاڵ و کانیاوی بەر تریفەی مانگەشەو، کە وەک بووکی خەیاڵ خۆی دەنوێنێ، مەل‌ و پەلەوەر و باڵندەی خۆش ئاواز لە شەقەی باڵ دەدەن‌ و بەستە و گۆرانی دەچڕن، سروە تارای سروشت ڕادەژێنێ و گوارەی گوێی داربەروەکان بە ناز دەلەرێنەوە، شەماڵ شلکە گیای خاوی کوێستانی بەلا دادەخا و کەروێشکەڕاوی پێ دەکا، فرمێسکی چاوی ئاسمان بەسەر پەلکی شا گوڵاندا دێتە خوارێ و بولبولی هەزاردەستان شێت و شەیدا دەکا و دڵان دەرفێنێ و هەستان دەبزوێنێ، گشت بۆ ئەوەیە کە مرۆڤ بە ئازادی تێیدا بژی و بۆ ژیان کەڵکی لێ وەرگرێ.

بەڵام بەداخەوە ئەو دیمەنە هەست بزوێنە و ئەو سروشتە ڕەنگینە، بە هۆی سیاسەتی دژی ئازادی و کۆنەپەرستانەی کوردکوژان، بۆ گەلی کورد کراوەتە بەندیخانەیەکی سەر داپۆشراو. بە مەبەستی خنکاندنی هەر جۆرە دەنگێکی ئازادیخوازانە لە گەروودا و سەرکوتکردنی هەرشێوە بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی، گەمارۆ دراوە و ئەم نیشتمانە ڕەنگینە کەوتۆتە بەر تەوژمی گڕ و دوکەڵی باڕووت و سیمای جوان‌ و ڕەنگینی ژاکاوە. هەر بۆیە گەلی کوردیش بە درێژایی تەمەنی بۆ ڕزگارکردنی زێد و ژینگەی، ئاڵای خەباتی لەسەر شەپۆلی دەستان شەکاوە ڕاگرتوە و بەئاشکرا و نهێنی بۆ تاوێک ڕانەوەستاوە و هەنگاوی پێ شل نەبووە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو خەباتە سەخت و خوێناوییە، بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەیان ساڵە درێژەی هەیە و گەلیک شۆڕەسواری ناودار و ڕۆڵەی فیداکاری کردۆتە قۆچی قوربانی و بۆ دابینکردنی ویست و داخوازە ڕەواکانی گەلەکەی زۆر هەوراز و نشیوی بڕیون. یەکێک لەو ڕۆڵە فیداکارانە کە لەو ڕێگایەدا سەری بە سەربەرزی دانا و لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش" ئەمجارەدا ڕێز لە یاد و ناوی دەگرین، شەهید حەمەکەریم فروغی لە ناوچەی مەریوانە.

هاوڕێ حەمە کەریمی فروغی ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە داوێنی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی ئاوایی ژاوەرۆی ناوچەی مەریوان چاوی بە ژیانێکی نابەرابەر و پڕ لە تەنگ و چەڵەمە هەڵێنا و بزەی شادیی خستە سەرلێوی دایك و بابی هەژاری. بەهۆی نەداری و دەستکورتی بنەماڵەی لە ڕووناکی زانست و خوێندن بێبەش ماوەتەوە و دەرگای قوتابخانەی نەکردۆتەوە. هەر لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بۆ کرێکاری و بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی بنەماڵەی ڕووی کردۆتە شارە گەورەکانی ئێران و لە بەرانبەر داهاتێکی کەمدا هێزی باسک ودەست‌ومەچەکی فرۆشتووە. گەڕان بە شارەکانی ئێراندا و دووری لە زێدی باوان و تێکەڵاوبوونی لەگەڵ زەحمەتکێشانی وڵاتەکەی، بوو بە هۆی ئەوە زیاتر هەست بە چەوسانەوە بکا و زۆرتر تامی تاڵی بندەستی بچێژێ. سەرەنجام پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و تیکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، ڕێبازی حیزبی هەڵبژارد و لە ڕیزەکانی ڕێکخستنی حیزبدا سازمان درا.

ساڵی ١٣٦١ چەکی دەست دایە و بەکردەوە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی زرێباری مەریواندا پێی نایە گۆڕەپانی خەباتی پێشـەرگانە. شەهید حەمە کەریم پێشمەرگەیەکی ئازاو نەترس و بێ‌باک بوو، هەر بەو بۆنەوە ساڵی ١٣٦٥ بە جێگر پەل دیاری کرا و چالاکانە و سەرکەوتوانە ئەو قۆناغەشی تێپەر کرد و بەکردەوە پێشانی دا کە هەڵگری بەرپرسایەتیی زیاترە. هەربۆیە دواتر بە فەرماندەری پەل و پاشان بە فەرماندەری لک دیاری کرا. شەڕە بەناوبانگەکانی ئەو ناوچەیە وەک شەری ژاوەرۆ، کەڵاتەرزان، کۆماسی، شامیان، سەرشیو، هەورامان، ساڕاڵ و بەرپلەی ساڕاڵ، ناوچەکانی بانە، سەقز، دیواندەرە، سنە، کامیاران و کوڕەی‌میانە، کوچک چەرمووی کاشنەر، شەری کەللەقەندی، نێو شاری مەریوان و لێدانی فرۆکەخانەی سنە کە بەشێکی زۆریان لە ژێر فەرماندەری شەهید حەمەکەریم‌دا بەڕێوە چوون، بۆ هەمیشە شاهیدی لەسەر ئازایەتیی ئیرادەی پتەوی ئەو ڕۆڵە فیداکارە دەدەن و بۆ هەتا هەتایە مۆرکی شەهامەت‌ و فەرماندەیی حەمە‌کەریم‌یان پێوە دیارە.

شەهید حەمەکەریم کوڕێکی بەئەخلاق، گەلدۆست، زیرەک و وشیار و لێوە شاوە بوو. هەربۆیە لە نێو هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەدا مرۆڤێکی خۆشناو و خۆشەویستی هەموویان بوو. لەو سۆنگەیەشەوە چەندین جار لەلایەن هێز و کۆمیتەی شارستانەوە بە نووسراوە تەشویق کرابوو. ئەو جارێک لە شەڕدا بە توندی بریندار بوو، بەڵام پاش چاکبوونەوە هەر حەمەکەریمەکەی جاران بوو، و هەر بەو ئیمانەوە لە سەنگەری دیفاع لە مافی گەلەکەیدا مایەوە.

بەڵام حەیف و مخابن، ڕۆژی ٥ی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٤ لە ئاوایی "بندۆڵ"ی مەریوان لە شەرێکی خوێناویدا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. شەهید حەمەکەریم لەو شەڕە‌دا کە چەکەکەی لە دەست پەریبوو و کەوتبووە گەمارۆی جاشەکان، بە بێسیمەکەی داوای لە هاوسەنگەرانی کردبوو فریای کەون. پێشمەرگەکان کە لە شەری سەنگەر بە سەنگەردا بەرەو پیری دەچوون، دیسان بانگی کردنەوە و گوتی "ئەوا چەند گوولەی دیکەم وێکەوت و شەهید دەبم، ماڵئاواییتان لێ دەکەم، داوام ئەوەیە ڕێبازی من درێژە پێ بدەن". ئەمە دوا وشەی سەرزاری حەمەکەریم بوو کە ئێستاش لە گوێی هاوسەنگەرانیدا دەزرینگێتەوە.