دارسمە
دەستەڵاتی دادوەرێنی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە ماندووبوونی نەناسیووە و لە تێکۆشان بۆ ناساندنی زیاتری خۆی بەردەوام بووە. ئەم دەستەڵاتەی ئێران لە سەرەتای گڕوگاڵی دامەزرانیەوە هەوڵی داوە هاووڵاتیان و بێگانانیش تێبگەیەنێت خەریکی وەراندنی دادە و بەردەوام داد دەوەرێنێت.
دەستەڵاتی دادوەرێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرلە پێڕۆکە بوون، نزیکەی چلوپێنج ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی لە زیندانی قەسری تارانەوە لە ژێرچاودێریی ئاغای خومەینیدا گڕوگاڵی دەکرد و بە قنکەخشکێ دەڕۆیشت، قۆڵی لە دادوەراندن هەڵماڵی و بەبێ دادگاییکردن، دەستوپێوندیی بەرز و نزم و گەورە و بچووکی سەردمی پاشایەتیی لە زیندانی قەسرەوە وەک دوژمنی خوا و بۆگەنی سەر زەوی ناساند و هەر یەکەو بە قوربانی چەند فیشەکێکی کردن.
دەستەڵاتی دادوەرێنی کۆماری ئیسلامی ئەوکاتەی کەوتە سەرپێ، وەک ئەوەی بچێتە گوێز داوەراندن، بەرەو گۆشە و کەناری ئێرانی پان و بەرین کەوتە ڕێگاوە و هەر جارە ڕووی کردە باغ و دارستانێکی ئەم وڵاتە. لە تورکەمەنسەحرا دادگای سەحرایی دانا، لە فرۆکەخانەی سنە ڕیزی گوللـهبارانکراوانی درێژ کردەوە و لە ڕۆژێکدا ٥٩ لاوی مەهابادی داوەراند و چەند ساڵ دواتر خاکی دەشتی خاوەرانی تارانی بۆ شاردەنەوەی تەرمی بەکۆمەڵی دادخوازان شێو و وەرد کرد.
نەخۆشیی ئەم دادوەرێنە دەگەڵ چوونە نێو تەمەنەوە زیادتر تەشەنە دەکات و لە سەردەمی پیربوونیدا، بیستنی هێندێک وشەی وەک ژن و ژیان و ئازادیی زۆر تووڕەی دەکات و لەلایەکی دیکەوە بە بیستنی وشەی حیجاب دڵی دەکرێتەوە.
ئێستا، دوژمنانی خوا و بۆگەنانی سەر ڕووی زەوی، سێ وشەی ژن و ژیان و ئازادییان کردووە بە دروشم. فارسان لە بنەوپاڵەوە کردوویانە بە" زن، زندگی، آزادی" و لە دەرەوەش بە زمانانی زیندووی جیهان دەگوترێتەوە. ئەم دروشمە وەک دروشمێکی مافخوانە و هاچەری جۆکەری لێ هاتووە و لە هەموو وڵاتێک و بۆ هەموو نەتەوەیەک کلیلی کردنەوەی ڕێگەی نزیکبوونەوە لە دادە. هەر لەبەر ئەمەشە دادوەرێن لە هەموو دارستان و لێڕەوارێکەوە بەدوای وەراندنیەوەیە.
دەستەڵاتی دادوەرێن ئەوەندەی بە وشەی "داد" تووڕە دەبێت و هەڵدەچێت، ئەوەندەش بە دست وشەی حیجابەوە سەرگەردانە و نازانێت چی لێ بکات. لەگەڵ وشەی "داد"دا ساخ بووتەوە و لە هەر شوێنێک هەست بکات هەیە، دایدەوەرێنێت. بەڵام ئەم حیجابە کێشەیە و سەپاندنی زەحمەتە و شتێکیشە بۆ مانەوەی دەستەڵاتی دادوەرێن لە نان و ئاو پێویستترە. دوای داڕشتن و پەسندکردنی ئەم هەموو قانوون و مانوونە بۆ سەپاندنی حیجاب، بێحیجابی بووەتە دیاردەی سەرەکیی لایەنگرانی ژن و ژیان و ئازادی.
ئەم دادەورێنە لەم دواییانەدا فێری کاری سەیر و سەمەرەش بووە. لەوکاتەوە هەستی کردووە دادخوازانی وڵاتانی دیکە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە زمانانی خۆیان دەڵێنەوە، دەیهەوێت بەم شەقڵە کورتەی بە دەستیەوەیە، دادی وڵاتانی دیکەش دابوەرێنیت. بۆ ئەم مەبەستە لەم دواییانەدا جێگری بەڕێزی دەستەڵاتی دادوەرێنی ئێران بە ناوی محەمەد موسەدیق، ڕایگەیاندووە دۆناڵد ترامپی سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا و نەوەد و شەش کەس لە دەرەوەی ئێران دەستیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووە و لەمانە فەرمانی داوەراندنانەمان بۆ ٧٣ کەس دەرکردوووە.
بەپێی ئەم لێدوانە، نۆ وڵاتی دوور و نزیکیش دەستیان لە کوشتنی قاسمدا هەبووە، بەڵام داوەراندنی وڵاتان بەم شەقڵە دارەی دەستی دادوەرێنان لە عەقڵی هیچ بوونەوەرێکی دووپێدا ناگونجێت. جا لەبەر هەندێ بەهەر شێوەیەک خەڵکی ئەم وڵاتانە بێنە نێو ئێران پێویستە لایەنی کەمەکەی چاویان بە پەیکەری قاسم بکەوێت و کاتێک گەڕانەوە وڵاتانی خۆیان، خەونی ناخۆشی پێوە ببینن و لێیان ببێت بە مۆتەکە و دەست بخاتە قوڕگیانەوە. باشترین ڕێگەش ئەمەیە وێنەی قاسم لە کامێرای خۆیانەوە پێشان بدرێت. باشترین رێگەش بۆ ئەم کارە ئەوەیه میوانانی دەرەوە لەنێو ئێراندا دەگەڵ قاسم بەیەکەوە بکەونە نێو کادری فیلم و وێنەوە. لە پێناو ئەم کارەشدا گۆڕەپانی تۆپانێی "نەقشی جەهان"ی ئیسفەهانیان بە سەلکی قاسم ڕازاندەوە. ئەو میوانانەی لە سعوودییەوە بۆ کێبڕكێی تۆپانێ هاتبوونە ئیسفەهان لە ترسی ئەوەی دواتر خەونی ناخۆش بە سەلکەقاسمەوە ببینن و تووشی مۆتەکە بن، نەیانوێرا وێنەیان لەپاڵ دیمەنی گۆڕەپانەکەدا تۆمار بکەن و ناچار بارگە و بنەیان تێکەوە پێچا و بەرەو وڵاتی خویان گەڕانەوە. میوانانی گۆڕەپانی نەقشی جەهانی ئیسفەهان داوایان کردبوو سەلکەقاسمی گۆرین لە گۆڕەپانەکە لاببرێت. بەڵام دوای ئەوەی خانەخوێ ئەم داوایەی جێبەجێ نەکرد، ئەوانیش بە ناچاری پەنایان بردە بەر حیجابی زۆرەملێ و گوتیان ئەگەر حیجابێکیش بەسەر سەلکەقاسم دابدەن و لە کامێراکانمانەوە دەرنەکەوێت، ئامادەین لەم مەیدانهدا لەگەڵ تیمی خانەخوێدا بۆماوەی زیاتر لە نەوەد خولەک بەدوای تۆپێکدا ڕا بکەین.
ئەمانیش لەسەر ئەو بنەمایەی حیجاب و ژن تەواوکەری یەکترن، نەک حیجاب و پیاو، دژایەتیی داوای میوانانی تۆپانێیان کرد و لە ئاکامدا تۆپانێکە سەری نەگرت.
ئەمەیە ئەرکی حیجاب! حیجاب بۆ ئەوە دانەندراوە پیاو بیدا بەسەر خۆیدا. بۆ ئەمەش نییە ژن لە بەرچاوی پیاودا دیار نەبێت. هەموو پیاوێک چ لە ڕێزی دادوەرێن و چ لە ڕیزی داوەرێندراواندا بێت، حەزی لە دیتنی ژنی بێحیجابە. بە تێگەیشنی دەستەڵاتی دادورێن حیجاب تەنیا بۆ داپۆشینی ژن دە بەرانبەر ژیان و ئازادیدا لە هەموو شتێک پێویستترە و سەرەقاسم پێویستیی بە حیجاب و میجاب نییە. لێرەدایە دەستەڵاتی دادوەرێن هەمان حکوومەتی دادوەرێنە.