ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕەزبەر، کاک سدیق موساعد ناسراو بە "سدیقە گولال"، پێشمەرگەی پێشوو و کەسایەتیی ناسراوی هەورامان، بەهۆی بەساڵاچووییەوە لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا لە شاری نۆدشە کۆچی دوایی کرد.
کاک سدیق لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب بووە و زیاتر لە ١١ ساڵ پێشمەرگە بووە. ناوبراو لە جەولەیەکی پێشمەرگانەدا لە ناوچەی پاوە و بەهۆی گەمارۆ و نەمانی فیشەک لەگەڵ هەندێک پێشمەرگە بەدیل دەگیرێت و زیاتر لە ١٢ ساڵ لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەبێت.
کاک سدیق هەر بە کەسایەتییەکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕ مایەوە و تا دواهەناسەی ژیانی وەفادار بە ئارمانجەکانی شەهیدان مایەوە و هەرگیز لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی پاشەکشەی نەکرد.
شایانی باسە کە لە بنەماڵەی موساعد، چوار شەهید پێشکەش بە بارەگای ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان کراوە.
تەرمی کاک سدیق ئێوارەی پێنجشەمە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی نۆدشەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.