کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕێزیکردنی حیراسەتی زانکۆی "عەلامە تەباتەبایی" بە دوو خوێندکاری کورد و بەلووچ

10:56 - 16 رەزبەر 2723

ڕۆژی شەممە ١۵ی ڕەزبەری ٢٧٢٣، دوو خوێندکاری کۆلێژی وێژەی زانکۆی "عەلامەی تەباتەبایی"ی تاران، بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و بەلووچی لە دەروازەی ئەو زانکۆیە و لەلایەن ناوەندی پاراستنی زانکۆ (حیراسەتی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات) ڕێگرییان لێ کرا و نەیانهێشت بچنە ژوورەوە.

بەرپرسانی حیراسەتی زانکۆ بەو دوو خوێندکارەیان ڕاگەیاندووە: ئەو جلوبەرگەی ئێوە دەبێتە هۆکاری ئاژاوەنانەوە لە کۆلێژ و زانکۆدا.

محەممەد کەریمیان، خوێندکاری زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی، لە پەیجی ئێکسی خۆی (تویتەری پێشوو) بڵاوی کردەوە و ڕاگەیاند کە بەرپرسی حیراسەتی ئەو زانکۆیە ڕێگایان نەداوە خۆی و خوێندکارێکی کورد بچنە نێو زانکۆوە و حیراسەت هۆکاری ئەوەی بۆ "تێکدانی مێشکی خوێندکاران" گەڕاندووەتەوە.

شایانی باسە کە ئەمە یەکەمجار نییە کە حەراسەتی زانکۆکانی ئێران بێڕێزی بە خوێندکارانی سەر بە نەتەوەکانی دیکە دەکەن و ناهێڵن لە زانکۆکاندا لە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان کەڵک وەربگرن.