کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێک لە هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل

12:02 - 16 رەزبەر 2723

هاوڵاتییانی ئیسرائیل گیڕانەوەی خۆیان لەبارەی هێرشی میلیشیاکانی حەماس کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، بۆ سەر شار و شەقامەکانی ئیسرائیل بڵاو کردەوە و باسیان لەوە کردووە کە چۆن خەڵک لە شوێنە گشتی و نیشتەجێبوونەکان کوژراون.

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' بە ئاماژەدان بە هێرشی حەماس نووسیویەتی، ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر کوشندەترین ڕۆژی توندوتیژی لە دوای شەڕی ''یۆم کیپورە''وە لە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئیسرائیل بووە.

هێرشی مووشەکی و زەمینیی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لانیکەم ٣٠٠ کوژراو و نزیکەی هەزار و ٦٠٠ برینداری لێکەوتووەتەوە. باری تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە. ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بە کاتی نێوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێشتا لە هەندێک ناوچەی باشووری ئیسرائیل لە شەڕ لەگەڵ حەماسە.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی ''ئۆرشەلیم پۆست'' بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی نافەرمی ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ٧٥٠ ئیسرائیلی بێسەروشوێنن.

هاوکات بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی غەزە، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لێوارەکانی غەزە، ٢٥٠ کەس کوژراون. هەروەها زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەسیش بریندار بوون.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لەوە کردووە کە ٥٧ هاووڵاتی ئیسرائیلی بۆ لێوارەکانی غەزە گواستراونەتەوە.

لە گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکەدا دەردەکەوێت کە ڕۆژی شەممە هێزەکانی حەماس تەرمی کوژراوەکانی ئیسرائیلیان لە پشت بارهەڵگرەکانەوە فڕێ دەدەن و بە دەوری غەزەدا دەیانگەڕێنن.

بەپێی زانیارییەکان، شەقامەکانی شاری سێدرۆتیی باشووری ئیسرائیل پڕ بوون لە تەرمی هاووڵاتییانی مەدەنیی ئیسرائیلی و زۆرێک لە هاووڵاتییانی مەدەنی لەنێو ماشینەکاندا کوژراون.

هەروەها دەوڵەتی ''نێپاڵ'' ڕایگەیاندووە کە حەماس لە کاتی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ١٧ هاووڵاتیی ئەم وڵاتەی ڕفاندووە و بە بارمتەی گرتوون. هەروەها حەوت هاووڵاتیی نێپاڵیش بریندار بوون.